ناونیشانی بابەت: یەکێتی مامۆستایان، لەنێوان پاشکۆیەتی و سەربەخۆییدا
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
مەبەست لە ڕێکخراوی پیشەیی، کۆکردنەوە ویەکخستنی تواناکان وبەگەڕخستنیانە، بە مەبەستی ئامانجی گەورەو دیاریکردنی ستراتیژێکی گونجاو بەڕێگەیەکی دیمۆکراسیانە، یان کۆکردنەوەی چەند کەسێک کە نزیکبن لە بیروڕا، یان توێژێک تا بتوانن ئامانجەکانیان دیاریبکەن و ببنە هێزێکی فشار بۆ ئەو ئامانجە دیاریکراوانەی مەبەستە بەدی بێن کە لەناو چوارچێوەیەکی پەیڕەویدا ئەرک و ئامانجەکان دیاری دەکرێن.
ئەو ڕێکخراوانە پێکهاتەی کۆمەڵگەن، شێواز و جۆرەکانیان بەپێی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و کارکردنیان جیاوازە، ڕێکخراوی پیشەیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر، شێواز و پێکهاتە و پەیڕەوەکانیان، دەگۆڕێن لەو وڵاتانەی دیمۆکراسیەت و دادوەری هەنگاوی گەورەی بڕیوە، هەلومەرج ودۆخی ڕێکخراوەیی باشتر دەڕەخسێت و زووتر ئامانجەکانیان بەدیدێنن.
بەڵام لەکۆمەڵگە دواکەووتوەکان و وابەستەییەکان، هیچ لەو ئامانجانە نەک هەر بەدینایەن، بگرە ئەو ڕێکخراوانە خۆیان دەبنە لەمپەری خۆیان، چونکە پەلی حیزب دەگرن بۆ ناوخۆیان، یان حیزبەکان دایان دەمەزرێنن، بەدڵی خۆیان هەیکەلی ڕێکخراوەکە دادەنێن، لەبەر ئەوەیە هیچ کات نابنە هێزی فشار بۆ مەبەست و ئامانجە دیاریکراوەکان، ئەوەی بۆتە خاڵی جیاکەرەوەی ئەو دوو جۆرە لەڕێکخراوەکان، لەو شوێن و پێگە و جوگرافیانەی دیمۆکراسیانە و شارستانیانە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوەکان دەکەن، چەند فاکتەرێکی بەهێزبوونیان هەیە لە گەیشتنی ئەوڕێکخراوانەی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندان، کە لەم دوو خاڵەدا کوورت دەکەمەوە:
1-سەربەخۆیی ئەوڕێکخراوانە، واتە لەژێرچەتری هیچ ئایدۆلۆژیەکدا نین، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیە کاردەکەن کە کۆیکردونەتەوە.
2- لەمپەر و ڕێگریەکانی بەردەم ئەو ڕێکخراوانە کەمن یان هەرنین، بەپێی یاسا و دەستوور وا ڕێکخراوون، ببنە بەشێک لە هاوکار و پشتیوانی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە
هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، لە کۆمەلگە ڕۆژهەڵاتییەکان بەگشتی و لەم هەرێمەی خۆمان بەتایبەتتر، هەر بەناو شارستانیین، لەڕاستیدا پاشکۆی حیزبەکانن، ئەم ڕاستییە بۆ هەموو ڕێکخراوەکان گونجاوە و پشتڕاست دەکرێتەوە.
ئەوەی مەبەستمە لێی بدوێم، ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، ئەم ڕێکخراوە، لە 15-05-1962 دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوە بەکۆمەڵێ دۆخ و هەلومەرجی سەختدا ڕۆیشتووە، ناکرێ ڕۆڵو بایەخو خزمەتەکانی ئەو مامۆستا، بەئەزموونانە فەرامۆشبکرین کە لەسەرەتاکانەوە بێ هیچ مەبەستێکی خراپ و ئامانجی کەسییان ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەدا، بەڵام هەلومەرجی کوردستان و ئەودۆخە سیاسیەی تێیدابووە، کاروخزمەت وئامانجەکانی ئەو خەمخۆرانەی کارکەنارخستوەوئەوانیشی بێهیوا هێشتۆتەوە، لێرەوە، سەری ڕێزو وەفا بۆ ئەوەنە دادەنەوێنم، کە بەدڵسۆزانە و خەمخۆرانە، خواستیان خزمەتکردنی مامۆستایان و زمانی شیرینی کوردی بووە.
دوای (61) ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەبێ بەچاوی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لەو کەمتەرخەمیانەی بەرچاومان دەکەون و دیاریکردنی لایەنە باش وخراپەکان، هەست بە شێواوی و ترازان و دوورکەوتنەوە لە ئامانج و بوون بە ژێرەوەی خزمەتەکان و لەدەستدانی سەربەخۆیی کارکردن و دابەشبوون و بوون بە پاشکۆی حیزبەکان، لەئامانج و سەرەتاکانی خەونی درووستبوونەکەی دووریخستۆتەوە.
تا ئێستا 2023 ئەو ڕێکخراوە، دوانزا کۆنگرەی بەستووە، بەهۆی دابەشبوونی کارگێڕی و بوون بە دوو زۆنی هەرێمی کوردستان، یەکێتی مامۆستایانیش، دابەش بوو، بۆ دوو زۆن، هەر کە هەرێمی کوردستان بەناو یەکیگرتەوە، ساڵی 2007 ئەم ڕێکخراوەش یەکیگرتەوە.
یەکێتی مامۆستایان، پێویستە ببێتە هەوێنی درووستکردنی ئاڕاستەو فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ و مۆدێرن، دەبێ بپرسین، تاچەند بۆتە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە؟
ئایا ئەم ڕێکخراوە، تاچەند بۆتە هێزی فشار بۆ دەسەڵات، لەپێناو ئامانجاکانی توێژی مامۆستایان و باشترکردنی پەروەردە؟
دەبوایە یەکێتی مامۆستایان خەباتی بۆ دوورخستنەوەی ئایدۆلۆژیای تەسکی حیزب بکردایە لەناو پڕۆسەی خوێندن، نەک خۆشی ببێتە بەشێک لەو ئەجێندا خراپە و پەروەردە وێران بکات.
ساڵی 1960 عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیر، بۆ کۆنفرانسی دووەمی مامۆستایانی کورد، لەشەقڵاوا، بەجوانی خواستی مامۆستایان، دەخاتەڕوو، دەڵێ:
مامۆستایان ئەیانەوێ
ھەتاوی کورد زوو دەرکەوێ
ڕێی بیر بۆ مێشکمان خۆش کەن
زمانمان بە کوردی گۆش کەن
ئێمەیش شوێن کەوتووی کاروانین
هەم خانەخوێین، هەم میوانین.
لەم ڕۆژانەدا، حیزبەکان نوێنەری خۆیان لەناوحیزبەکانیان دیاریکردووە، بە مەبەستی خۆخزاندنە ناو مامۆستایان، تا دەستبخەنە ناوهەڵبژاردنی ئەو ڕێکخراوەوە، بە مەبەستی ئەوەی زۆرترین نوێنەری خۆیان دابنێن، جا ڕێکخراوێک بەمجۆرە کاری لەسەر بکرێت وبکرێتە بارەگای حیزبەکان، کام ئومێد و هیوای لەسەر هەڵدەچنرێت بۆپڕۆسەی پەروەردەو توێژی مامۆستایان؟
بۆدڵنیابوون لە باشکردن و ڕاستکردنەوەی ڕەوتی کار و ئەرکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەوەی گرنگە بکرێت، دوورخستنەوەی دەستی حیزبەکانە لەو ڕێکخراوە و بەپیشەیی بوونیەتی، نەک پشکپشکێنەی لایەنەکان. [1]