ناونیشانی بابەت: منداڵان و نەخۆشی شەکرە
ئامادەکردن: د. #ئیسرا کەمال شا محەمەد#
ئەم وتارەم زۆر بە گرنگ زانی کە بینووسم و هیوادارم خێزانەکان بەوردی بیخوێننەوە و دەکرێت زەنگێکی مەترسیداریش بێت!
ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم لە کلینیک و لە چواردەورم زۆر بوونی ژمارەی ئەو مندالانەی کە بە شەکرەوە دەناڵێنن زۆر ترسهێنەرە و دەبێت خێزانەکان زۆر ئاگاداری نیشانەکان و هۆکارەکانیش بن!
لە ڕووە زانستی یەکەوە؛ ئەوەی کە لە گایدلانە پزیشکی یەکاندا هەیە بە تایبەتی ڕوودانی ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 لینک کراوەتەوە بە خراپی شێوازی ژیان و کەمی چالاکی و خواردنی خراپ (پر لە شەکر) و خەوی خراپ. کە بەداخەوە دەیلێێم زۆربەی ئەو خاڵانەی سەرەوە لە زۆربەی منداڵ و گەنجەکانماندا بوونی هەیە و هەر بۆیە بە پێی داتا جیهانییەکان درووستبوونی شەکرەی جۆری 2 لە مندال و گەنجەکانمان ڕوو لە هەلکشانە و کە ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە! کە پێشتر ئەم جۆری شەکرەیە لە سەروو تەمەنی 40 زیاتر ئەگەری ڕوودانی هەبوو!
ڕوودانی شەکرەی جۆری 1 کە زیاتر لە منداڵاندا دەردەکەوێت (لە گەورەشدا هەیە بەڵام بە ڕێژەی کەمتر) ، ئەم جۆرە شەکرەیە بە پێی داتا جیهانییەکان ڕاستەوخۆ لینک نەکراوەتەوە بە شێوازی ژیان و خواردنی خراپەوە بەلکو چەند هۆکارێکی تری هەیە، کە هەندێک کات هۆکارەکەش نەزانراوە!
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە توێژینەوەکان شیکاریان بۆ کردووە کە ڕەنگە خواردنی ناتەندرووستیش هۆکارێکی ناراستەوخۆ بێت بۆ درووستکردنی شەکرەی جۆری یەک (چونکە خواردنی پر شەکر و نا تەندرووست گوشارێکی زۆر لەسەر خانەکانی پەنکریاس درووست دەکەن و لە ئەنجامدا ڕەنگە خانەکان وردەوردە لە کار بکەون و ئیش نەکەن و توانای دەردانی هۆرمۆنی انسۆلینیان نەبێت، هەربۆیە پزیشک ناچار دەبێت کە دەرزی انسۆلین بۆ مندالەکە بنووسێت لە ڕۆژێکدا چەند جارێک ئەمە بێجگە لە ئەو هەموو فەحسی شەکرەیەی کە دەبێت ڕۆژانە بکرێت بۆ ئەو منداڵە بۆ زانینی بەرزی و نزمی ئاستی شەکرەی منداڵەکە!)
بۆیە تکایە خێزانەکان زیاتر ئاگاداری ئەوە بن کە چی دەدەن بە مندالەکان چونکە ئەندامەکانی لەشی مندالەکەت بە تەواوی پێنەگەشتوە و ڕەنگە ئەو خواردنە خراپەی کە ڕۆژانە دەیخۆن زیاتر مەترسی هەبێت لەسەر جەستەی مندالەکەت وەک لە خۆت!
گرنگە ئەم نیشانانە بناسیتەوە لە مندالەکەتدا، ئەگەر هەستت پێکرد ئەوا دەبێت دلنیا بیتەوە لە ئاستی شەکر لە خوێنی مندالەکەتدا:
- زیادبوونی هەستی تینوێتی
- زیاتر میزکردن لە جاران ، هەندێک کات جێگەی تەر دەکات و میزدەکات بە خۆیدا، لە منداڵێکدا کە پێشتر ئەوەی نەبووە!
- زیاتر برسی بوون لە جاران و هەستکەیت کە زۆر زیاتر
دەخوات لە پێشتر
- خواردنیشی باشە و کێشی بەردەوام دادەبەزێت
- هیلاکی و بێ تاقەتی بەردەوام
- بۆنێکی تایبەت لە دەمیەوە دێت کە پێشتر نەیبووە. [1]