بابەت: وتار
نووسین: #نەوشیروان سەعید#
$وەڵامێک بۆ ڕۆژنامەی سەباح، دەستێک پێتان نابڕدرێت باشترە ماچی بکەن.$
هەرێم بۆ ئێراق
$لە بارگرانییەوە بۆ دەرفەت$٭
ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 103 ساڵ بەسەر پێکهێنانی یەکەمین حکومەتی ئێراقی بە سەرۆکایەتی عەبدولڕەحمان ئەلنەقیب، 102 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سیستەمی پاشایەتی، 91 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی و بە ئەندامبوونی لە کۆمەڵەی گەلان و 65 ساڵ بەسەر سیستەمە کۆمارییەکەیدا تێپەڕ دەبێت.
خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو وەرچەرخان و قۆناغانە ئەو بارە قۆرسەیە کە بە پرسی کورد ناودەبرێت و لە هەمووشیاندا سەرەڕای خەرجکردنی توانایەکی زۆری مادی و مرۆیی بە ناونیشانی هەوڵدان بۆ سووککردنی ئەو بارە، بەڵام دەوڵەت لەژێریدا چەمییەوەو لەکۆتاییدا بەپشتدا کەوت.
هۆکاری سەرەکی ئەم کێشە بوونیادییە ئەوەیە ئێراق هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە زەمینەی بوون بە دەوڵەت و پێکهاتەکەی زەمینەی بوون بە گەلێکی هاوسەنگی نەبوو، جگە لەوەی پێکهاتەیەکی نا تەبای ئیتنی و مەزهەبی وا بۆ ڕێکخرا کە لەڕوخساردا هاوسەنگ بنوێنێت، هەر بۆیە سەدەیەک تێپەڕی و هێشتا هەمووان باجی ئەو ناهاوسەنگییە دەدەن.
ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، زنجیرە لاپەڕەیەکی خوێناوین لە ڕووداوی تاوانی گەورەی وەک ئینکارو سەرکوتکردن تا لەناوبردنی بەکۆمەڵ و قەلاچۆی نەژادیی.
خەباتی کورد لە ئێراقدا بەتەمەنی ئەم دەوڵەتە درێژەی هەبووەو دەورانی تاکوتەرای لێرە و لەوێی لێدەرچێت، شەڕو بەرگری و خوێن ڕشتن لەگەڵ تەمەنی دەوڵەت تەریب بووە.
بۆ کورد ئەم مێژووە پڕ لە سەختی و قوربانیی بێئەندازەیە، بەڵام وەنەبێت بۆ ئێراق چ وەک دەوڵەت و چ وەک سیستەمی حوکمڕان بەهاری نموونەیی بووبێت. بە پێچەوانەوە، ئەم قۆڵ هەڵماڵینە بۆ وێرانکردنی کوردستان و لەناوبردنی خەڵکەکەی لای بەرانبەریشەوە خوێنی زۆری بێهودەی بۆ ڕێژراو هەزینەی گەورەی بۆ بەهەدەر درا.
کاتێک ڕژێمی بەعس لە نیسانی 2003 ڕووخا، دەرفەتێکی گەورە بۆ ئەم ئێراقە هاتە پێش، کە دەرفەتی بوون بە گەل و بوون بە دەوڵەتی هاوسەنگ بوو.
لە دامەزراندنی شانشیندا، زۆربەی هەرە زۆری کورد و ڕێبەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە بە هاوبەشیکردن تیایدا ناڕازی بوون، وەڵامی نەخێر بۆ ئێراقیبوونیان لە ڕاپرسییەکانی ئەو قۆناغە دایەوەو بەدنیای ئەو کاتیشیان وت نەخێر، بەڵام دوای نیسانی 2003 کورد و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی بەئامانجی درووستکردنی ئێراقێکی نوێ چوونە پێش و بەشدارییان کردو کاریان بۆ کرد، هەوڵی زۆریاندا بۆ ڕێکخستنەوەی، ماوەیەکیش ڕابەرایەتیی ژیانی سیاسییان تێدا کرد، دەستوریان لەگەڵ هاوبەشەکاندا نووسییەوەو کورد پەسندی کرد، ئەمە دەرفەتی زێڕینی بەگەلکردنی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی ئێراق بوو، کە دواتر چینی فەرمانڕەوای شیعە مەزەب لەلایەک و چینی ناڕازیی سووننە لەلایەکی تر بە خوێندنەوەی دنیای سەدەی بیستویەک بەچاویلکە کۆنەکەی سەدەیەک لەوەوبەر لەباریانبرد.
ئێستا دوای بیست ساڵ لە دوایین وەرچەرخان، زۆر هۆکاری تیۆری و واقیعی ئەوتۆ هەن کە پێمانوابێت هەم ناوچەکەو هەم جیهانیش جارێکی تر گۆڕاون و ئەم سەرەتایە دەکرێت دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ ئێراق، دەرفەتی دوای شکستی بیست ساڵی پاش ڕووخانی بەعس، دەرفەتی متمانە درووستکردن بۆ کورد کە دوای بێئومێدبوون لە هەموو شت، لە ڕیفراندۆمدا تێکڕا بەنزیکەی لەسەدا سەد دەنگی بۆ جیابوونەوە لە ئێراق و سەربەخۆیی دا.
هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکی ئەم دواییەو کێشە و کێشمەکێشە ساسییەکانی دوای هەڵبژاردن، حکومەتی نوێی هاوپەیمانیی لە بەردەم دووڕیانێکی سەختدا ڕاگرتووە، کە کەم نین ئەوانەی فاڵی شکستی بۆ دەگرنەوە.
ئەمە پێدراوێکی وایە کە حکومەت و هاوبەشانی دەسەڵات لە ئێراق هانبدات بەدیدو ئامادەگی نوێ، کارتێکەری کورد و هەرێمەکەی لە هاوکێشەکە بگۆڕن بەکارایەکی پۆزەتیڤ.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیران و ئاریشەکانی، لە دۆخێکی ئەوتۆدایە کە خاڵی بەهێزی زۆرن، بۆ بیناکردنەوەی ئێراق، بەتایبەت دوای ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی سێ ساڵدا لەژێر داروپەردووی قەیرانە گەورە ناوخۆیی و ئێراقی و جیهانییەکان وەک توانایەکی ناوازە دەرکەوت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بەهێزو نەخشە ڕێیەکی نوێ و لەخۆڕابینینێکی سەرنجڕاکێشەوە دەستی دایە چاکسازی و چەسپاندنی بیرۆکراسیەتێکی هاوچەرخ کە لە پێداچوونەوە بە پێرستی کارەوە دەستیپێکردو خۆی لە هەوڵی گەیشتن بە حکومەتی ئەلەکترۆنی دەدات. خەریکە ڕێگای هەزار میلی بنیادنانی بەرهەمی کوردستان و کردنی بە سەرچاوەی خۆراک لە ئێراق و ناوچەکە بەهەنگاوی هەنارو هەنگوین دەستپێبکات. ئەمە لەپاڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ئاوەدانکاریی و بووژاندنەوەی ستراتیژی و قایمکردنی شوێنپێی کوردستان لەسەر نەخشەی وزە.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، عەقڵی فەرمانڕەوا لەئێراقدا وا بکات فاکتەری کورد لەبارێکی قوورسەوە، بە هاوبەشی ڕاستەقینە لە ئیدارەی وڵاتدا بکاتە دەرفەتی هەستانەوە لە ناوخۆ بە کارکردن بۆ سڕینەوەی شوێنەواری سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووش بەهێزو بڕستێکی نوێوە بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
٭ ئەم وتارە مانگێک لەمەوبەر نووسراوەو بڵاونەکراوەتەوە، هەر میدیایەک ئازادە لە بڵاوکردنەوەی وەک خۆی.
[1]