ناونیشانی بابەت: بەکارهێنان و زیانەکانی دەرزی هۆڕمۆنی گەشە بۆ منداڵان
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
(دکتۆرە منداڵەکەم باڵای کوورتە و ئەمەوێ دەرزی گەشەمان بۆ بنووسیت)
ڕۆژانە گوێمان لەم دایک و باوکانە ئەبێت کە زۆر بە پەرۆشن بۆ چارەسەرکردنی کوورتەباڵایی منداڵەکەیان کاتێک گوێبیستی ئەوە ئەبن خزمێکیان یاخود دراوسێ کەیان ئەو دەرزیە لێ ئەدات و سوودی بینیوە، بۆیە لێرەدا پێم باشبوو بە کوورتی باسی ئەم دەرزی گەشەیە بکەین چونکە ڕاستە کە سوودی ھەیە بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیە بەڵام زیانێکی زۆریشی ھەیە و مەرجیش نییە.ھەموو کەس وەکوو یەک سوودی لێ ببینێت جگەلەوەی زۆر بە ئاستەم دەست ئەکەوێت و نرخیشی زۆر گرانە:
سەرەتا پێویستە ئێمە بزانین کە ھۆکاری کوورتەباڵایی ئەم منداڵە چییە؟
- بەدخۆراکی و کەمی ڤیتامین؟
- نەخۆشی درێژخایەن؟
- ھۆکاری بۆ ماوەیی کاتێک ئەبینین دایک یان باوک یاخود ھەردووکیان باڵایان کوورتە.
$کێن ئەوانەی کە ئەتوانن دەرزی گەشە وەربگرن؟$
1- ئەوانەی کە کوورتەباڵاییان بەھۆی کەمی ھۆرمۆنی گەشەوەیە (بە پشکنینی خوێن بۆمان دەرئەکەوێ)
2- نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە.
3- ئەوانەی کە لەکاتی لەدایکبوون بچوکترن لە منداڵی ئاسایی و دواتریش گەشەی پێویستیان نییە.
4- ھەندێ نەخۆشی جینی یاخود (سیندرۆم - متلازمة)
وەکو نەخۆشی تێرنەر.
5- ھەندێ کوورتەباڵایی کە ھۆکارەکەی نەزانراوە.
$زیانەکانی یاخود کاریگەریە لاوەکیەکانی دەرزی گەشە:$
1- زیادبوونی ناڕێکی لەش یاخود زیادبوونێکی لەڕادەبەدەر کە خوازراو نییە. (عملاق- العملقة- gigantism)
2- تێکدانی ھۆرمۆنی ئەنسۆلین - نەخۆشی شەکرە.
3-کارکردنە سەر جومگە و ئێسک.
4- بەرزبوونی پەستانی مێشک benign intracranial hypertention
5- لەنیشانەکانی ژانەسەرێکی زۆر و ھەندێ جار ڕشانەوە. [1]