ناو: بەڕۆژ
نازناو: بەرۆژ ئاکرەیی
ناوی باوک: یونس
ناوی دایک: دوڕیا
ساڵی لەدایکبوون: 1963
شوێنی لەدایکبوون: #ئاکرێ#
$ژیاننامە$
بەڕۆژ یونس محەمەد، شاعیری کورد، کە بە بەڕۆژ ئاکرەیی ناسراوە، لە ساڵی 1963 لە شاری ئاکرێ لە دایک بووە.
باوکی پێشمەرگەیەکی دێرین بووە و خاوەنی دوو برا و دوو خوشکە، وەکوو زۆربەی کوردەکانی باشوور ساڵی 1974 بەرەو ئێران کۆچ دەکەن و لە وڵاتی ئێران ژیانی هاوسەرگیری پێک دەهێنێت کە سەمەرەی ئەم هاوسەرگیرییە کچێک دەبێت. پاشان لەگەڵ هاوسەرەکەی بەرەو وڵاتی سوید کۆچ دەکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و لە ساڵی 2000 بەدواوە چەند جارەک دەگەڕێتەوە کوردستانی باشوور بەم دوواییانە بە یەکجاری لە کوردستانی باشوور و لە شاری هەولێر نیشتەجێ دەبێت.
بەڕۆژ ئاکرەیی بە زمانی کوردی شیعر دەنووسێت و بە فارسی چیرۆک. دوو کۆمەڵەچیرۆکی بە فارسی نووسیون. (ئێمە لێرەین و شتێک لەم دەوروبەرە) دوو کۆمەڵەچیرۆکەکەی بەڕۆژ ئاکرەیین کە بە فارسی نووسیویەتی، کە ئەوەی یەکەمیان دەزگای ئاراس کوردییەکەی چاپ کردووە و دوەمەکەیان ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
پێنج دەفتەر شیعری بە کوردی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە کە بریتین لەمانە: مردن لە ئاوێنەدا ، دیسان مردن لە ئاوێنەدا، لەودیو شەوی پەیڤەکانەوە، فەرامۆشی نازناوی مەرگە و بە تەما بووم لە تەم بدوێم.
هەروەها بەڕۆژ ئاکرەیی هەڵبژاردەیەک لە کۆی دەفتەرەشیعرەکانی بە ناوی تاکو دوێنێ چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە هەڵبەت تەنیا لە چوار دەفتەرەشیعری سەرەتای هەڵیبژاردووە. لەم ساڵانەی دواییدا چاپێکی نوێی (بە تەما بووم لە تەم بدوێم) لەلایەن دەزگای ئاراسەوە خرایەوە ڕوو.
بەڕۆژ ئاکرەیی لە زمانی فارسییەوە ئەدەبیاتی فارسی وەردەگێرڕێت و وەرگێڕی شیعرەکانی یەدوڵڵا ڕوئیایی و ئەحمەد شاملووە بۆ زمانی کوردی. هەروەها پەڕتووکەکانی چیرۆکنووس غوڵامحسێن ساعێدی، تازیەدارانی بەیەل و ترسولەرز لە پەڕتووکە وەرگێڕدراوەکانی ئەون. شیعرەکانی ئەو بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراون و بە هۆکاری ئەوەی زۆر لەسەرخۆ و بەوردی کار دەکات، هەمیشە چەند پەڕتووکێکی بڵاونەکراوەی ئامادەن بۆ چاپ و بەردەوامیش بۆ پێداچوونەوە دەگەڕێتەوە سەریان. پەڕتووکێکی حسێن ئابکەنار و دوو شانۆنامەی بەهرام بەیزایییشی کردووە بە کوردی. بە هاوبەشی لەگەڵ خەبات عارفدا ڕۆمانی شازادە چکۆل یان کردووە بە کوردی و دەزگای ئاراس چاپی کردووە. ئاکرەیی لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەری گەورەی ئێران هوشەنگ گۆلشیرییە کە بەرەو تەواوبوون دەچێت. [1]