کوورتەیەک؛ لە مێژووی (تەعریب) بەعەرەبکردنی باشووری کوردستان
#قوتەیبە فازڵ#
$پێویستە پێناسەیەکی (تەعریب) بکەین$
(تەعریب): بریتییە لە زاڵکردن و، داگیرکاری و، فراوانخوازی بەرژەوەندی عەرەب و، فراوانکردنی سنوور یان بەشێوەیەکی زۆرەملێ بەسەر نەتەوەیەکی تردا، لە ڕێگەی ڕاگوێزان، دەرکردن، گۆڕینی ناوی شوێن، ناسنامە و زمانی دایک، پاشان هاووردەکردن و نیشتەجێ کردنی عەرەب بۆ سەر خاکی ئەو نەتەوەیە.
دەربارەی کورد، بەعەرەبکردن بریتییە: لە نیشتەجێکردنی خەڵکی عەرەب بەشێوەیەکی تاک و کۆمەڵ لەسەر خاکی کوردستان، هەروەها گۆڕینی ناوی شار و گوند و گەڕەک و دامەزراوە فەڕمی و نا فەرمییەکان بۆ ناوی عەرەبی، ئەمەش بە مەبەستی گۆڕینی ڕاستیە نەتەوەییەکان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی عەرەب.
هەر لە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئێراق بەم شێوەیەی ئێستای تا ئەم ساتە وەخته، پڕۆسەی بەعەرەبکردن نەوەستاوه، بەڵکوو هەڵقەیەکی پێکەوە گرێدراو بووه، لە کوێدا بەهۆی کۆتایی هاتنی ڕژێمێکەوە وەستا بێت دەسەڵاتی دوای ئەو لەو خاڵەوە دەستی پێکردووە کە وەستاوە.
ئەگەر وەکوو مێژوو، بەڵگە مێژووییەکان سەیری تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بکەین دەبینین زۆربەی ئەو ناوچانەی ئێستا عەرەب نشینن و بوونەتە بەشێک لە خاکی عەرەب، سەردەمانێک کورد حوکمڕان و دەسەڵاتداری بووە. عەرەب وەکوو میوان و هەندێکجاریش وەکوو پەنابەر هاتوونەتە ئەو جێگایانە، هەمووی بە بەڵگەی مێژوویی لە ئەرشیفی ناو مۆزەخانەی عوسمانیەکاندا بوونی هەیە و ماوە.
لە پەڕتووکی (الاعتراف الجاسوس الانجلیزی) کە ساڵی (1998) لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە، باس لە بارەی دانیشتووانی دوو سەد ساڵ لەمەوبەری کوردستانی باشوور دەکات، دەڵێت: (ویلایەتی موسڵ سەرجەمی دانیشتووانەکەی کوردن) ئەوکاتە ناوەندی والیەت خودی شاری موسڵ بووە، لە یەکێکی تر لە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی نێو مۆزەخانەی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ، زۆر بە ڕوونی باس لە شاری موسڵ و پێکهاتەکانی دەکات، دەڵێت (لەنێو ناوەندی شاری موسڵدا سەدوو بیست خانەوادەی عەرەب بوونیان هەیە کە وەکوو پەنابەر لە ترسی دوژمنداری پەنایان بۆ هۆزە کوردەکانی نێو موسڵ هێناوە).
ئەگەر زیاتر وردبینەوه و ڕۆبچینە نێو لاپەڕەکانی مێژووی ئێراق؛ دەبینین وڵاتێک بە ناوی ئێراقەوە بەم سنوورەی ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکدا بوونی نییە، گەورە مێژوونووسانی عەرەب وەک ( ابن اثیر، ابن خلدون، ئەلمەدائنی، بلاذری…) کاتێک باسی ئێراق دەکەن لە باشووری تکریتەوە تا بەسرە و کەنداوی فارس بە ئێراق ناوزەد دەکەن، باشووری کوردستان وەک هەرێمی چیاکان یاخود هەرێمی کوردەکان ناوی هاتووە.
تا ساڵی (1921) و کۆنگرەی قاهیره کە تیایدا مەلیک فەیسەڵ کرا بە پاشای ئێراق، کوردستان بەشێک نەبووە لە ئێراق، بەڵکوو ویلایەتی موسڵ کە زۆربەی خاکی باشووری کوردستانی لە خۆ گرتووە جێگەی ململانێی نێوان ئێراق و تورکیا بووە.
$قۆناغەکانی (تەعریب)$
ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی و سیستەماتیک باسی قۆناغەکانی (تەعریب) بکەین ئەوا دەبێت (تەعریب) بە چەند قۆناغێک دابەش بکەین ئەوانیش:
قۆناغی یەکەم: لە دوای دەرهێنانی نەوتەوە دەست پێدەکات لە ناوچە کوردنشینەکان، لە ساڵی (1927) کە تیایدا چەند هەزار ماڵە عەرەبێک هێنرانە کەرکووک بەهۆی دامەزراندنیانەوە لە کۆمپانیای نەوت وەک کارمەند.
قۆناغی دووەم: لە ساڵی (1936) ەوە لە سەردەمی پاشایەتی، کاتێک (یاسین هاشمی) سەرۆک وەزیرانی ئێراق بوو، دەست پێدەکات، پاش ڕاکێشانی پڕۆژەی ئاودێری بۆ ناوچەی حەویجە کە تیایدا ئاسانکاریی زۆری پێشکەش بە خێڵە عەرەبەکانی دیوی ڕۆژاوای زێی دیجلە کرد، تاوەکو بێن لە دیوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ناوچەی حەویجە پێگەدانێن، ئەویش بە لێدان و ڕاکێشانی کەناڵێکی ئاو تاوەکو عەرەبەکان لە دەوروبەری کەناڵەکە بەروبومەکانیان بچێنن و نیشتەجێبن، چەند عەشیرەتێکی عەرەب وەکوو عەشیرەتەکانی (عوبێد، جبور، ئەبوحەمدان) کە ژمارەیان زیاتر لە (27) هەزار عەرەب دەبوون، بە دەم ئەم سیاسەتەوە هاتن و لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون و مانەوە.
قۆناغی سێیەم: ئەمە بە فراوانترین و مەترسیدارترین قۆناغەکانی (تەعریب) دادەنرێت، ئەویش لە پاش کودەتای بەعسییەکانەوە لە ساڵی (1963) دەست پێدەکات، تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003).
لەم قۆناغەدا بەشێوەیەکی بەرنامە ڕێژی دەستکرا بە (تەعریب)ی ناوچە نەوتییەکان کە بریتی بوو لە:
1-ڕووخاندن و ڕاگوێزانی گوندە کوردییەکانی نزیک لە ناوچە نەوتییەکان.
2-ڕاگوێزانی سەرجەم گوندە کورد نشینەکانی ناوچەی دوبز و کەندێناوه، دواتر هێنان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگەیاندا.
3-دوورخستنەوەی کارمەندە کوردەکان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق.
4-هێنان و دامەزراندنی پۆلیس و کارمەندی عەرەب بۆ ناوچەکە.
قۆناغی چوارەم: لە دوای ساڵی (2004) ەوە دەست پێدەکات، تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
$ناوچەکانی (تەعریب)$
پڕۆسەی (تەعریب) جگە له و قۆناغانە بۆ چەند ناوچەیەکیش دابەشبوو، ئەویش لە سێ ناوچەدا خۆیدەبینیەوە:
یەکەم: ڕاگوێزانی ناوچە سنووریە کوردنشینەکانی ئێراق و سووریا و تورکیا، ئەویش بە مەبەستی دابڕانی کوردەکانی باکوور و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لەیەکتر.
دووەم: ڕاگوێزانی ناوچە نەوتییەکانی کەرکووک، هەولێر، موسڵ، ئەم شاڵاوە لە ساڵی (1975) دا و لەسەردەمی (ئەحمەد حەسەن بەکر) جێبەجێکرا، تێیدا ڕاگوێزان تەنیا ئەو گوندانەی گرتەوە کە ئەوکات نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە کە ژمارەیان 29 گوند بوو.
سێیەم: دەرکردنی کورد له و ناوچانەی ڕژێم ناوی لێنابوون ناوچە ستراتیژیەکان، بریتی بوون لە شارۆچکەکانی (خانەقین، مەندەلی، شێخان، تەلکێف، تەلەعفەر، شەنگال، زوممار، سیمێڵ).
جگە لە هەموو ئەمانە، لە دوای کودەتاکەی ساڵی (1963) وە پڕۆسەی (تەعریب) فرە ڕەهەندییەکی وەرگرت و فراوانتر دەستی پێکرد، ئەوەش لەوەدا خۆی دەبینیەوە چەندین گرووپی ئایینی و مەزهەبی کورد بە عەرەب ناونووس کران، لە تۆمارە فەرمیەکان و مامەڵەکانی دەوڵەتدا بە عەرەب هەژمار کران لەوانە (کوردانی ئێزدی، کاکەیی، شەبەک) هەروەها عەشیرەتەکانی (گەرگەری، ساڵەیی، گێژ، کیکان) هەموو ئەمانە کوردی ڕەسەن بوون بە عەرەب هەژمارکران و بەمەش ڕێژەی عەرەب لە تۆمارە فەرمیەکانی دەوڵەتی ئێراقدا زیادی کرد و لەبەرانبەریشدا کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد تۆمار دەکرا.
هەر لەو سەروبەنده دا ڕژێمی بەعس ڕێچکەیەکی ترسناکتری (تەعریب)ی پەیڕه و کرد؛ ئەویش سەندنەوەی ناسنامه و مافی هاووڵاتیبوون بوو لە کوردانی فەیلی، جگە لەوەی دەستی بەسەر سەرجەم ماڵ و موڵکیاندا دەگرت، لەسەرەتای ساڵی (1968) تا ساڵی (1982) ئەم سیاسەتە زۆر بەتوندی کاریکرد، تیایدا زیاتر لە (200) هەزار کوردی فەیلی ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە، لە مافی هاووڵاتیبوون بێ بەشکران.
ئەگەر زیاتر بە سەرنجەوە بڕوانین؛ دەبینین پڕۆسەی (تەعریب) زۆر بەوردی لە دوای ساڵی (1927) ەوە کاری لەسەر شاری کەرکووک کردووە، ئەمەش پرسیارێک دەهێنێتە پێشەوە کە ئایا بۆ شاری موسڵ باسی لێوە ناکرێت؟
لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین: سیاسەتی (تەعریب) سیاسەتێکی زۆر وردە کار لەسەر جێگە و شوێنەکان دەکات و، مۆرکی کوردانەی ئەو شوێنانە بە تەواوی دەگۆڕێت و، پاشان دەچێتە سەر شوێنێکی تر و هەمان کاری لەسەر دەکات.
$سەرژمێریەکانی شاری کەرکووک$
ئەگەر سەیری سەرژمێرییە یەک لە دوای یەکەکانی شاری کەرکووک بکەین؛ دەبینین ڕێژەی کورد هەمیشە له و شارەدا بەرەو دابەزین هاتووە، لەبەرانبەردا ڕێژەی عەرەب هەموو کات ڕوو لە هەڵکشان بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی لیژنەی کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی (1925) دانیشتووانی کەرکووک بەم ڕێژەیە دابەش بوو بوون:
1-کورد 63%
2-تورکمان 19%
3-عەرەب 18%
بەڵام بە پێی سەرژمێری دەسەڵاتدارانی ئێراقی کەمێک جیاواز بوو، ئەویش بەم شێوەیە:
کورد (59.9%)
عەرەب (19.5%)
تورکمان (21%) .
بەڵام کاتێک سەیری سەرژمێری ساڵی (1957) دەکەین کە کورد پێی قایلە و بە باشترین بژاردەی دەزانێت، بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک ڕێژەکان گۆڕانکاریان تیادا بەدی دەکرێت، بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر، ئەم سەرژمێرییە لە ڕێکەوتی 12-10-1957 دەستی پێکرد و لە ڕێکەوتی 15-12-1957 کۆتایی هات، لەم سەرژمێرییەدا کۆی دانیشتووانی کەرکووک بریتی بوو لە (388839) کەس.
کۆی دانیشتووانی کورد لە پارێزگای کەرکووک بریتی بوو لە: (187593) کەس، دەیکردە (48%) ی دانیشتووانی پارێزگاکە.
کۆی دانیشتووانی عەرەب بریتی بوو لە: (109620) کەس، دەیکردە (28%) ی دانیشتووانی پارێزگاکە.
کۆی دانیشتووانی تورکمان بریتی بوو لە: (83371) کەس، دەیکردە (21%) دانیشتووانی پارێزگاکە.
سەرجەم کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر بە ڕێژەی (0.4%) دیاریکرابوو.
پارێزگای کەرکووک بە چەقی (تەعریب) کردن لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، دەبینین هەر لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتیەوە پڕۆسەی (تەعریب)ی بەشێوەیەکی بەرچاو تیایدا چڕکراوەتەوە، ئەویش بە دابڕاندنی چەندین شاری کوردی لە پارێزگاکە، لەسەردەمی پاشایەتیدا ئەم شارە کوردیانە سەر بە کەرکووک بوون کە زۆرینە کورد بوون (قەرەحەسەن، ئاڵتون کۆپری، شوان، کفری، کەلار، دووزخورماتوو، چەمچەماڵ).
بەڵام لە دوای ساڵی (1976) ەوە ئەم شارانە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کورد بوون لە پارێزگای کەرکووک دابڕێندران، ئەوانیش بریتی بوون لە شارەکانی (چەمچەماڵ، کەلار، دووزخورماتوو، کفری) هەروەها شارۆچکەی (زابیش) کە عەرەب نشین بوو خرایە سەر پارێزگای کەرکووک، بەمەش توانییان ڕێژەی عەرەب لە پارێزگاکە و لەسەر تۆمارە فەرمییەکان زیاد بکەن، ئەم هەنگاوە زۆر بە ڕوونی لە سەرژمێری ساڵی (1977) دا بەدەرکەوت کاتێک ڕێژەی عەرەب بۆ (45%) بەرزبووەوە و، ڕێژەی کورد بۆ (38%) دابەزی، بەڵام دواتر و لە سەرژمێری ساڵی (1997) ڕێژەکان یەکجار زۆر گۆڕانکاریان بە خۆوە بینی بەم شێوەیە:
1-عەرەب (544596) کەس، دەیکردە (72%) ی دانیشتووانی کەرکووک.
2-کورد (155861) کەس، دەیکردە (21%) ی دانیشتووانی کەرکووک.
3-تورکمان (50099) کەس، دەیکردە (7%) ی دانیشتووانی کەرکووک.
ئەگەر وردبینەوە و بڕوانین بۆ ڕێژەی نەتەوەکانی ناو پارێزگای کەرکووک، بە پێی سەرژمێرییەکان ئەوا لەوانەیە تووشی شۆک ببین، دەبینین لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا ڕێژەی کورد لە شارێکی کوردستانی وەک کەرکووک، بە ڕێژەی (42%) کەمیکردووە و لەبەرانبەردا ڕێژەی نەتەوەی عەرەبی نامۆ و داگیرکەر بە شاری کەرکووکی کوردی بە ڕێژەی (54%) زیادی کردووە، هەموو ئەمانه؛ بەهۆی سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق و ئیستعماری جیهانی و پەیمانی (سایکس – بیکۆ) بەسەر خاکی کوردستان و خەڵکی کوردستاندا هێنراوە. هەروەها لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا بە ناوی چاکسازی لە یاساکانی کشتوکاڵ و زەوی و زاریشەوە دەیان یاسا و هەمواری یاسا دژ بە پێکهاتەی کورد لە باشووری کوردستاندا دەرکراوە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس-ەوە لە ساڵی (2003) شاڵاوەکانی (تەعریب) نەوەستاوه، بەڵکوو بە شێوازێکی تر و لە فۆڕمێکی نوێدا عەرەب خۆی ڕێکخستەوە، ڕاگوێزان و (تەعریب)ی خاکی کوردستانی دەست پێکردەوە، ئەگەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعس-دا تەنیا دەوڵەتی عەرەبی ئێراق دژ بە کورد و خەڵکی کوردستان دەجەنگا و خاکی داگیر دەکرد، ئەوا لە دوای نەمانی ئەو ڕژێمەوە دەوڵەتانی ناوچەیی و هێزە شەڕەنگێزەکانی ناوچەکە یارمەتیدەر و سەرپەرشتیاری داگیرکردن و ڕاگواستنی کورد دەکەن.
ئەگەر ڕژێمی بەعس دوژمن و مەترسی گەورە بوو، هەڕەشەی لە بوونی کورد دەکرد، ئەوا دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق و بە یارمەتیی وڵاتە ئیمپریالیستەکان نەک هەڕەشە لە بوونی کورد دەکەن، بەڵکوو دەیانەوێت هەموو کورد لەناو ببەن، خاک و نیشتمانەکەی هەڵلوشن و بە عەرەبی بکەن.
لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی بەغدا هیچ پاساوێکیان نییە بۆ (تەعریب)و ئەوەی دەیکەن دەستدرێژیەکی تەواو نایاسایی و دوژمنکارانەیه و هاتنەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ سەر جوتیارانی کورد و پەلاماردانی زەوییەکانیان، یاخود سووتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارە کوردەکان بە پاڵپشتی هێزی سەربازی، گەورەترین پڕۆسەی (تەعریب)ی نوێیە کە دەسەڵاتدارانی ئێراق دەرهەق بە خاک و خەڵکی کوردستان پەیڕەوی دەکەن.
ئەو عەرەبانەی ئەمڕۆ پڕۆسەی (تەعریب) دەکەن و، داگیرکاری و، سووتاندن ئەنجام دەدەن، هەمان ئەو عەرەبانەن لەسەردەمی بەعسدا ئەو کارانەیان دەکرد و دەست خۆشییان وەردەگرت، ئەو کات بەناوی دەسەڵاتداری و بە ئاشکرا ئێستا بەناوی دۆستایەتی و، پاساوی دەستوورییەوە ئەو کارە دەکەن.
جێی داخە! ئەمڕۆ نێو ماڵی کوردی هێندە پته و و یەکگرتوو نیه، وەک هەمیشە دەرفەتی بۆ دوژمنانی کورد کردووەتەوه، تا مەرامی داگیرکاری خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن، ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، لە (تەعریب) و داگیرکاری زۆر گەورەترە لەو (تەعریب)ەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس-دا ئەنجامدراوە، لە ڕابردوودا بەعس وەک دوژمنێکی سەرسەخت مامەڵەی لەگەڵ کورد دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ناسیۆنالیستی عەرەبی بە ناوی یاساوە پاساو بۆ (تەعریب) دەهێنێتەوە.
لە ئێستادا بە بیانووی هەڕەشەکانی داعش، نائارامی جارێکی دی زۆر بە گەورەیی و فراوانی (تەعریب) لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووەتەوە، بە دەیان خێزانی عەرەب دەهێنرێنە ناوچە کوردنشینەکان و خانوو موڵکیان لەسەر تاپۆ دەکرێت. ئێستا لە چەندین شوێن و بە تایبەت لە (حەمدانییە، بەرتلە، دوزخورماتوو) گوندی (پەلکانە) و گوندەکانی تری سەر بە شارەدێی (سەرگەڕان)ی شارۆچکەی دوبز، تەنانەت لە ناو سەنتەری شاری کەرکووک، کە ناوچەی نەوتین، عەرەبە شیعەکان بە پارەی زۆر، زەوی و خانووی خەڵکە ڕەسەنەکە دەکڕنەوە، بە مەبەستی ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن و بە تەواوی بکەوێتە کۆنترۆڵی خۆیانەوه.
لەم قۆناغەدا باشترین بژاردە بۆ کورد، مانەوە و چۆڵنەکردنی ناوچە کوردستانیەکانه. هەروەها دەبێت بەرپرسانی کورد هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوریەکان بگرنە بەر بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەو هێڕشە ناڕەوا و بەرنامە بۆ داڕێژراوەی دەکرێتە سەر ناوچە کوردستانیەکان، بە مەبەستی داگیرکردن و سڕینەوەی ناسنامە و سیمای کوردانەی ئەو ناوچانە، هاوکات؛ پێویستە هەموو جۆرە ئاسانکاری و، یارمەتییەکی دارایی و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت کە هەڕەشەی بە عەرەبکردنیان لەسەرە.
لە لایەکی ترەوە؛ پێویستە دەزگا و ڕێکخراوە نێو نەتەوەییەکان لە دۆزی ئەو ناوچانە ئاگادار بکرێنەوه، کەیسەکە، بکرێتە کەیسێکی نێو دەوڵەتی و ڕای ڕێکخراوەکانی بۆ ساز بکرێت، هەروەها پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی نێو نەتەوەیی بۆ چارەسەری ئەو دۆزە لەوانەیە بژاردەیەکی درووست و ڕەوا بێت، چونکە مانەوەی ئەو دۆخە، نەک لە زیانی دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت بەڵکوو گەورەترین زیانی مێژوویی و جوگرافیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت.[1]
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- (تەعریب) لە ئەجندایەکی مێژوویەوە بۆئەمڕۆ، گۆتاری (ئەنفالستان) ژمارە (6) ، زستانی ، 2009.
2-شاری کەرکووک لەنێوان ساڵانی 1957- 1977، دکتۆرنامەیەکی بەڵاونەکراوە.
3-مجلە کلیة الاداب ، جامعة بغداد ، العدد ، السابع والثلاثون.
4-ئەمنی ستراتیجی ئێراق و سێکوچکەی بەعسیان، سلێمانی، چاپی دووەم، 1999.