نووسینی: خوسرەو شاهانی
وەرگێڕانی: #ڕێباز مستەفا#
لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی زیاتر نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، کاتێک کە باوکی کۆچی دوایی کرد، لە دوکانێکی وردەواڵەفرۆشیدا بووە شاگرد. بەیانیان زوو دەچووە دوکانەکە و شەوان دەگەڕایەوە.
بەیانیێک کە چووە دوکانەکە، خاوەن دوکان، داوای لێبوردنی کرد و پێی گوت کە چیدیکە پێویستیمان بە تۆ نییە.
کوڕیژگە یەک دوو جار لە خاوەنی دوکانەکەی پرسی بۆچی دەرم دەکەیت، وەڵامێکی ڕاست و درووستی دەست نەکەوت. لە دوکان چووە دەر، بەڵام پێی لە دووی نەدەهات و دڵی هەر لە دوکانەکە بوو، هەرچەندی هێزی دەدایە بەر خۆی، پێیەکانی جووڵەی ڕۆیشتنیان نەبوو، پاڵی بە دینگە کەرپووچییەکەی تەنیشت دوکانە دا و ڕاوەستا، لە مێشکە بچکۆلانەکەیدا خەیاڵی تێکەڵوپێکەڵ لوولیان دەخوارد، نەیدەزانی تاوانی چییە و خاوەن دوکان بۆچی دەری دەکات. ئەو هەموو شەوێک کە دەچووەوە ماڵ، تومەنێک پارەی لە گیرفاندا بوو، بەڵام ئەمشەو دەبێت بە گیرفانی بەتاڵ بگەڕێتەوە. دڵی بە خۆی دەسووتا و فرمێسک لە چاوانیدا ڕێچکەیان دەبەست، بە دڵێکی نائارامەوە، هێواش سەری خوار کردەوە و لە سیلەی دەرکە سەیری ناو دوکانەکەی کرد، تەرازووەکە لەسەر تەختەی پێشەوەی دوکانەکەدا بە ئاستەم جووڵەیەکی هەبوو، یان ڕەنگە لەبەر چاوی ئەودا وا بووبێت.
فەردە برنج و نۆک و لۆبیاکان وەکوو هەمیشە لەپاڵ یەکدیدا هەڵنرابوون. بەستەی چا و قاڵبە سابوون لەنێو سەبەتە دارینەکاندا دەست لێنەدراو مابوونەوە، پشیلە تووکن و ڕەش و سپییەکەش لەسەر فەردە نیسکەکە هەڵتووتەکابوو و بۆرشکی دەهاتنێ. ئەربابە کۆنەکەی لە پشت تەختەی پێشەوەی دوکانەکە وەستابوو، دەفتەرە بەرگچەرمییەکەی قەرزدارەکانی خۆی هەڵدەدایەوە، دڵی داخورپا...
بە دەرچوونی ئەو هیچ گۆڕانێک لە دوکانەکەدا ڕووی نەدابوو، هەموو شت وەکوو خۆی و لەسەر جێگای خۆیدا بوو. لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، مەحموود وا بە دوکانەکە و دەرودیوارەکانی و فەردە برنج و نۆک و لۆبیا و نیسک و دەبە ماست و پەنیر و پشیلەکەی دوکان ڕاهاتبوو و وا متوویان بووبوو، دڵی ڕێی نەدەدا وا بە ئاسانی جێگایەک جێ بهێڵێت، کە شوێنی حەوانەوە و پەناگەی بووە. زیاتر سەری هەڵکێشا، تا زیاتر و باشتر ناوەوەی دوکانەکە ببینێت، خاوەن دوکان سەری هەڵبڕی و چاوی بە مەحموود کەوت، دەفتەرەکەی دانایە سەر تەختەی پێشەوەی دوکانەکەی، سووڕێکی دایە کڵاوەکەی و لە پشت تەختەکە هەستایە پێ و هاتە دەرکی دووکانەکە:
-ئەوە هێشتا لێرە وەستاویت؟
کوڕەکە نەیتوانی وەڵام بداتەوە..
-ئەدی کاکە گیان ئەمن پێم نەوتی بڕۆ، شاگردم گەرەک نییە؟ بڕۆ ئیدی... سەیرە هەروا وەستاوە و لێکلێکە سەیرم دەکات، پێم وتی بڕۆ لێرە ڕامەوەستە!
کوڕیژگە چاوی بڕینە چاوی ئەربابە کۆنەکەی، بەڵکوو هۆی دەرکردنی بزانێت، بەڵام شتێکی بۆ ڕوون نەبووەوە، هەرچەندی بیری کردەوە کە چ کارێکی نابەجێی کردووە، چ گوناهێکی لێ ڕووداوە، بیری بۆ هیچ نەچوو، نەیتوانی هۆی دەرکردنی بزانێت.
بەستەزمان، نەیدەزانی ئەم جۆرە شتانە پێویستیان بە هۆ نییە، ئەو هێشتا ئەم دنیایەی کە تێیدا دەژیا باشی نەدەناسی، وای مەزەندە دەکرد بۆ هەر شتێک و هەر کارێک پێویستە هۆیەک هەبێت. بە نیگەرانییەوە ڕووی لە خاوەن دوکان وەرگێڕا و دەستی خستنە نێو گیرفانی کوورتەکە دڕاوەکەی و کەوتە ڕێ... ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گەیشتە بەرانبەر باڵەخانەیەک، کە دیوارەکانی بە بەردی مەڕمەڕ درووست کرابوون. خەڵکانێک لە پلیکانەکانی باڵەخانەکە سەردەکەوتن ودەهاتنە خوار، هەندێکیان جانتایان بە دەستەوە بوو، هەندێکیان کە لە پلیکانەکان بەسەر دەکەوتن پارەیان دەژمارد... لە پلیکانەی یەکەمی باڵەخانەکە، دیدەوانێک وەستابوو. مەحموود سەری بەرز کردەوە و بەو کۆلکە خوێندەوارییەی کە هەیبوو، تابلۆی سەر دەرگای باڵەخانەکەی خوێندەوە.. 'بانکی.. ئێران'!
تاوێک وەستا، تەماشایەکی دەرودیوار و ئەو خەڵکەی دەهات و دەچووی کرد. دەنگی گڕ و ڕکاوی دیدەوانەکە سەرڕشتەی بیر و لێکدانەوەکانی پچڕاند:
-لێرە مەوەستە... ڕێگەت بگرە و بڕۆ!
مەحموود بۆی ساغ نەبووەوە کە بۆچی نابێت لێرە بوەستێت! مەگەر ڕاوەستانی ئەو لێرە زیان بە کەس دەگەیەنێت؟ لە دوای هۆیەکە دەگەڕا، کە ئەو هۆیە لەلایەن دیدەوانی بانکەکە بە دەنگێکی تووڕەوە گوترا:
-هێشتا هەر وەستاویت.. مەگەر پێم نەوتی ڕێگەت بگرە و بڕۆ؟!...
مەحموود کەوتە ڕێ و گەیشتە شیرینیفرۆشیێک، بەرانبەر ویترۆنی شیرینیفرۆشییەکە وەستا و تەماشای شیرینییەکانی نێو ویترۆنەکەی دەکرد. خاوەنی شیرینیفرۆشییەکە شتێکی چرپاندە گوێی شاگردەکەی، شاگردەکە لە دوکان هاتە دەر:
-براگیان... لێرە مەوەستە!
مەحموود گوێی لێ نەبوو.
دەنگی شاگردی دوکانەکە ئەم جارە بەرزتر لە پیادەڕۆیەکە دەنگی دایەوە:
-ئۆ هۆییی.. لەگەڵ تۆمە.. لێرە مەوەستە!.. ڕێگەت بگرە و بڕۆ!...
مەحموود تەماشایەکی قیافەی داواکارانەی شاگردی دوکانی شیرینیفرۆشییەکەی کرد و کەوتە ڕی. ڕۆیشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت، گەیشتە باخێکی گەورە و پڕ دارودرەخت، دیواری باخەکە نەوی بوو، بە شوورەیەکی ئاسن پەرژین کرابوو. لەسەر دەرگا ئاسنینەکەی باخەکەدا دوو شێری شمشێربەدست سەرنجیان ڕاکێشا، کەمێک تەماشای شێرەکانی کرد، پاشان بەهێواشی لە شیشە ئاسنەکان نزیک بووەوە، لەنێوانی شیشەکاندا دەمێک سەیری گوڵەکانی نێو باخەکی کرد، حەزی دەکرد ئەو باخە هی ئەو بێت و هەموو گوڵ و درەختەکانی هی خۆی بن... گوڵێکی سووری چەند جوان لەنێو باخەکەدایە، ئەو گوڵەی ئەوڵاتریش... پێخوستێکی گران لەسەر ئەسفالتی پیادەڕۆیەکە بەرەو لای ئەو دەهات. مەحموود سەری بەرەو دەنگەکە وەرسووڕاند. سەربازێکی تفەنگلەدەستی لە پشت، سەری ڕاوەستابوو، دڵی داخورپا. دەنگێکی تووڕە و توند لە گوێیدا زرنگایەوە:
-کوڕۆ لێرە مەوەستە!.. ڕێگەت بگرە و بڕۆ.
هی قسە لێکردن و چەندوچوون نەبوو. کوڕیژگە، ملی ڕێگەی گرت و ڕۆیشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت، تا گەیشتە پارچەفرۆشیێک، ڕووبەڕووی پارچەفرۆشییەکە دوو ژنی گەنج و دوو سێ منداڵ وەستابوون. هەندێک ئەسکەناسیان بە دەستەوە بوون. مەحموود لە تەنیشتیاندا وەستا. بە خۆیشی نەیدەزانی بۆچی لەوێ وەستا. نیگای بڕیە جانتا قاوەییەکەی یەکێک لە ژنەکان.
ژنەکەی دیکە سەرنجی دایە مەحموود. نێوچاوانی تێکنا و بەپەلەپەل پارەکەی ئاخنیە نێو جانتا دەستییەکەی و زارکی جانتاکەی بەست و وتی:
-کوڕە بۆ لێرە وەستاویت؟
-هەروا خاتوون..
-ڕێگەت بگرە و بڕۆ!..
ئەمجارەش مەحموود بۆی ساغ نەبووەوە بۆچی نابێت لێرە بوەستێت، ئەوەندەی کردی هۆیەکەی نەدۆزیەوە، ئاخر مەگەر وەستان تاوانە! بەڵام چارەیەک نەبوو، نەدەبا لێرە بوەستێت، ئەگەرنا خانمەکە پێی نەدەگوت لێرە مەوەستە!.
مەحموود کەوتە ڕی، ڕۆیشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت، گەیشتە بەردەرگایەکی کەرپووچی زۆر جوان و ڕازاوە. مەحموود باڵەخانەکەی کەوتە بەردڵ و لێی چووە پێش. لەسەر دەرگا کەرپووچییەکەی باڵەخانەکە بە کاشی نووسرابوو: 'بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مۆزەخانە'. مەحموود کەمێکی دیکە چووە پێش و لەسەر پلیکانەکاندا ڕاوەستا. دیدەوانەکە تەماشایەکی کرد و لێی هاتە پێش:
-بۆ لێرە وەستاویت؟
مەحموود شانێکی هەڵتەکاند و وەڵامێکی پێ نەبوو.
-ڕێگەت بگرە و بڕۆ!.
مەحموود کەوتە ڕێ و لەوڵاتری باڵەخانەی مۆزەخانە، کە شانازییەکانی شەش هەزار ساڵەی ئێمەی لەنێو سنگی خۆیدا پاراستووە، شیشەئاسنێکیان چەقاندبوو، مەحموود لە شیشەئاسنەکە نزیکبووەوە. دەستی لە شیشە ئاسنەکە وەرهێنا و سەیری کرد و چاوەڕێی ئەوە بوو یەکێک بێت و پێی بڵێت 'بۆچی لێرە وەستاویت.. ڕێگەت بگرە و بڕۆ!'، بەڵام هەرچەندی چاوەڕوان بوو کەسێک پەیدا نەبوو. مەحموود خۆشحاڵ بوو، کە لەم دنیا گەورەیەی خوادا، دواجار جێگایەکی بۆ خۆی پەیدا کرد کە بتوانێت لێی بوەستێت.
پنتێک لە پشتی دەخورا، هەرچی کردی بە دەست نەیتوانی شوێنەکە بخورێنێت، دەستی نەدەگەیشتێ، ئەو شوێنەی کە دەخورا بە شیشەئاسنەکەیەوە نا و دەمێک خۆی بەلای چەپ و ڕاستدا هێنا و برد، خورانەکەی پشتی نەما. دەستی لە شیشەئاسنەکە گرت و سەری هەڵبڕی، بینیی وەک بڵێی تابلۆیەکی پێوە بەستراوەتەوە، کەمێک کشایە دواوە، نووسینی سەر تابلۆکەی خوێندەوە.. 'وەستان قەدەغەیە'! دەستەکانی مەحموود شل بوون و لە قەدی شیشەکە دوور کەوتەوە. دووبارە سەری بەرز کردەوە و نووسینی سەر تابلۆکەی دیسان خوێندەوە.. 'وەستان قەدەغەیە'!... مەحموود ئارام لە بن شیشەکە ڕاکشا و خەوی لێ کەوت.
ئەم کوورتە چیرۆکە لە مانگی 8ی 1992 لە ڕواندز وەرگێڕدراوە.
$سەرچاوە:$
گرە کور، مجموعە داستانهای کوتاه، خسرو شاهانی.[1]