نووسەر:خوسرەو شاهانی
وەرگێڕانی: #ڕێباز مستەفا#
تێکەڵ بە ئاپۆرەی دەلالخانە بوو، ماوەیەکی زۆرە نەمبینیوە، شەش ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە حەمەڕەش شەهید کرا، من تەرمەکەیم بردەوە بۆیان. لە بیرمە لەنێو چەندین ژنی دیکەی ڕەشپۆشی گوندەکەدا، کە هەر یەکەیان بە جۆرێک شینی دەگێڕا و هەر یەکەیان بۆ بیرهاتی ئازیزێکی خۆی لەو دەرفەتەدا ڕۆندکی دەبارداندن و بەشداریی پرسەکە بووبوو.. ئەو لە گۆشەیەکدا بە تەنیا خۆی گرمۆڵە کردبوو، چاوەکانی مۆلەق مابوون، دەتگوت جەستەیەکی بێگیانە. کێ دەزانێت، کێ ناڵێت بیری لە ڕابردووی خۆی و هاوسەرەکەی نەدەکردەوە، یان لە ئاییندەی خۆی و منداڵەکانی...
من دەبا بڕۆم و بە ناچاریش دەبا چەند قسەیەک، کە پێم سپێردرابوون، بکەم. تکام لێ کردن، کە ڕێگەم بدەن و گوێم لێ بگرن، ئەو نووسراوەی کە لەنێو پەڕاوێک بە تێپ پێچرابوو و لەلایەن فەرماندەکەمانەوە بۆ خێزانی شەهید ڕەوانە کرابوو، دامە دەستی و وتم:
(.. ئەو هەر لە ئێوە نەچوو، لە هەموومان چوو، بە شەهیدبوونی، بووە قارەمانی گەل، قارەمانی ڕاستەقینەی گەل، ئێوە دەبێت شانازی بەوەوە بکەن، کە بوونە خاوەنی شەهید...) . نازانم گوێی لە قسەکانم دەبوو، یان نا، من وەکوو شریتێک ئەوەی کە فەرماندەکەمان پێی سپاردبووم، بۆم دووبارە دەکردەوە:
(..شۆڕشەکەمان ساوایە، دەنا لە ئاییندەدا کە ئازاد بووین و دوژمنمان لە خاکەکەمان ڕاو نا، شەهیدان لە هەموو کەس لەپێشترن...) .
زۆر بە خەمگینییەوە تەماشای کردبووم و گوێی لێ گرتبووم، هەر ئەوەندەی گوت (ئومێدەوارین وابێت!) .
خۆم تێکەڵی خەڵکەکە کردبوو. نەبادا بمبینێت و بمناسێتەوە، ئەو سەرگەرمی مامەڵەکە بوو...
(هەرزانە برا، بە خوا نیمانە دەنا بەو زستانە چۆنم دەفرۆشت؟ لەژێر منداڵەکان دەرمهێناوە، کەمێکتان ویژدان هەبێت!) .
کابرای دەلال، بە تەوسەوە پێی گوت: (ویژدانی چی، حاڵی چی، هەموویان هەر وا دەڵێن... ئێرە دەلالخانەیە نەک ویژدانخانە! جگە لەوەش ئەم کۆمبارە هەر ئەوەندە دێنێت...!) .
دەمویست بە دزییەوە خۆم لەو ناوە دەرباز بکەم، ئارەقەیەک هەموو گیانمی گرتبووەوە، دەمگوت خوایە بەس نەمناسێتەوە. ئێستاش دەنگە کزەکەی هەر ئازارم دەدات.. (..هەرزانە برا، منداڵەکان برسیانە، ئەگەر باوکیان مابا منیش بەم حاڵەی نەدەبووم.. کەمێک ویژدانتان هەبێت...) .[1]
$تێبینی:$
ئەم چیرۆکە لە ژمارە 96ی 17ی11ی 1993ی ئاڵای ئازادی بڵاوکراوەتەوە.