نووسینی: #ڕێباز مستەفا#
شار خرۆشابوو. دەنگی تەقینەوەی تۆپ و هاتوهاواری جەنگاوەران مۆسیقایەکی سەرنجڕاکێشیان پێک هێنابوو.. لە هەموو لایەک گڕ و بڵێسە بوو، گوللە بە گوللە دەکەوتەوە، دەیان ئارپیجی بە یەکەوە دەتەقێندران و دیوار و تابیە و کەندڕی دوژمنان دەڕووخان و بەسەر یەکدادەتەپین، دەنگی سروود و قرمژنی گوللە تێکەڵ بە گڕی پیرۆزی باوەگوڕگوڕ بووبوو و مژدەی ئازادی دەبەشییەوە.. ماشێنەکە دەگەڵ دەنگی شڤان بۆ پێشەوە دەچوو:
(ئەم وەرن وێ گۆڤەندێ
ئەو گۆڤەندا مێرانە...)
تا دەهات لە سەربازگە زەندەقچووەکە نزیک دەبوونەوە. گۆڤەندەکە زۆر گەرم بوو، گۆڤەندی شەرەف و جوامێری بوو، گۆڤەندی تۆڵە بوو...
پێشمەرگەکەی تەنیشتی لەگەڵ بەڕێکردنی شێلکەیەکی دیکە و دابارینی ڕق و نەفرەتی پیرۆزی بەسەر داگیرکەران، وتی:
خاڵە سیسۆ دەبێ هیچ شت لە (تۆڵەکردنەوە) خۆشتر هەبێ؟
وشەی تۆڵە ئاوڕێکی پێدایەوە و بردییەوە لای (نارین) ی بچکۆلە،
(مامە.. مامە توخوا زۆریان بکوژە، تۆڵەی دایە و بابەمیان لێ بکەوە) .
هەر کاتێک ئەو قسانەی نارینی بیر دەکەوتنەوە، گڕێک دەکەوتە نێو دەروونی و هەموو گیانی دەبووە حەماسەت و بە شوفێرەکەی دەگوت: خێرا بڕۆ.. تا دەتوانی خێرا..
تەقەکە هەر گەرمتر دەبوو و ئەوانیش بۆ پێشەوەتر دەچوون و دوژمنیان ڕاودەنا و شاریان پاکسازی دەکرد.
لەگەڵ تەقینەوەی ئارپیجیێک و دەستڕێژیی پەیتاپەیتا ، ماشێنەکە هەژا.. بەڵام ئەو هێشتا نارینی توند لە ئامێز گرتبوو: ( ئای کاریلەی مامی خۆت، خۆزگە ئێستا دەتدیت کە چۆن لەژێر ڕووناکیی باوەگوڕگوڕ کەلاکی داگیرکەران کەڵەکە بوون..)
دەنگی تەقە بەردەوامەکە تێکەڵ بە سروودەکە بووبوو... (ئەی شەهیدان ئەی شەهیدان
نامرێ ناو و نیشانتان...) گەردەلوولێکیش بەرەو چیاکان هەڵیکرد.[1]
تێبینی: ئەم کوورتە چیرۆکەم، 1ی3ی1992 لە ساڵیادی شەهیدبوونی هاوڕێی منداڵیم، پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا (خاڵە سیسۆی بنمێردە) کە لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی شەهید بوو، نووسیوە و لە ژمارە 9ی گۆڤاری قەڵادا بڵاو کراوەتەوە..