ناونیشانی بابەت: کاریگەریی دەرمانی تێستۆستیرۆن و هاوشێوەکانی لەسەر نەزۆکی لە پیاواندا
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
تێستۆستیرۆن و هاوشێوەکانی کە ناسراون بە (Anabolic steroids) . ئەو هۆڕمۆنانەن کە شێوازێکی دەستکردی هۆڕمۆنی نێرینەن یاخود تێستۆسیتیرۆن واتە درووست دەکرێن بە شێوەی دەرزی یاخود حەب یاخود کرێم و جێڵ بەکارەهێنرێت.
- ئەم هۆڕمۆنانە تەنیاوتەنیا بەڕێنمای پزیشکی تایبەت بەکارەهێنرێت بۆ هەندێک حاڵەتی تەندرووستی وەک:-
- زیادکردنی کێش لەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە لە نەخۆشییەکی قوورس وەک شێرپەنجە یاخود ڕووداوێک کەبەهۆیەوە کێشێکی زۆری لەدەست دابێت.
- بەکارەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی کەبەهۆی زەبرێک یاخود حاڵەتێکی زگماکیەوە گوونەکانی پوکاونەتەوە یاخود دەرهێنراون.
- ئەو کەسانەی کە تەمەنی باڵغبوونیان دواکەوتووە بەهەر هۆکارێکی زگماکی یاخود جەستەیی.
- بۆ ئەوکسانەی دوای تەمەنی باڵغبوون کێشەی کەمی هۆڕمۆنی نێرینەیان هەیە بەهەر هۆکارێکی زگماکی یاخود جەستەیە وەبێت.
- بەهۆی ئەو کاریگەرییەی کە ئەم هۆڕمۆنانە هەیانە لە گەورەبوونی ماسوولکەکاندا، هەندێک لەو بەڕێزانەی کە یاری لەشجوانی دەکەن بەداخەوە بەشێوەیەکی نادرووست و بەبێ ڕێنمای پزیشک بەکاری دەهێنن بۆ گەورە کردنی ماسوولکەکانیان کە بێگوومان کاریگەریی خراپیان هەیە بەتایبەت لەسەر نەزۆکی بە جۆرێک:-
بەکارهێنانی ئەم هۆڕمۆنانە وا لە مێشک دەکات کە هەردوو هۆڕمۆنی (LH) و (FSH) نەڕژێت کە بنچینەو بەرپرسی درووستبوونی هۆڕمۆنی نێرینە و سپێرمەکانن (تۆو) بەو شێوەیەک خانەبەرپرسەکانی گوونەکان تووشی پوکانەوە دەبن و ناتوانن بەباشی سپێرم بە ڕێژەیەکی باش و کواڵیتییەکی بەرز درووست بکەن و بەوجۆرەش نەزۆکی لێ دەکەوێتەوە.
- هەروەها بەهۆی ئەو ناڕێکییەی کە لە هۆڕمۆنەکاندا درووستەبێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر نەخۆشی ڕەپنەبوونی چووک و کەمبوونەوەی حەزی سێکسی لە پیاوەکەدا.
- یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی ئەم هۆڕمۆنانە ئەوەیە کە کەسەکە تووشی گەورەبوونی مەمک و بچوکبوونەوەی قەبارەی گوونەکان دەبێت.
- کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم هۆڕمۆنانە بەکارەهێنرێت و پاشان دەوەستێنرێت، دوای 6 مانگ بۆ ساڵێک لە 50% یان ژمارەی تۆوەکان دەگەڕێنەوە بۆ باری ئاسایی خۆیان و لە 50% شیان ناگەڕێنەوە بۆ باری ئاسای خۆیان. [1]