کورد لە شانشینی ئوردون
#قوتەیبە فازڵ#
نەبوونی کیان و قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی وایکردووە تیشک بخەیتە سەر هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە لە کەلێنێکی لە بیر کراودا کوردی تیادا دەبینی، یەکێک له و وڵاتانەی کە ڕێژەیەکی زۆر کوردی تیادایە و خاوەنی پۆست و جێگە و نازناون شانشینی ئوردونە کە بە داخەوە زۆربەمان لێیان بێ ئاگاین و زانیاریمان نییە سەبارەت بەو کوردانە کە ئەوەش هۆکاری زۆری هەیە و باسێکی جیاوازە لەم باسەمان.
لەم بەدواداچوونەمدا دەمەوێت بە شێوەیەکی کوورت و پوخت تیشک بخەمە سەر کوردەکانی ئەو وڵاتە و خوێنەری کورد زوبان ئاشنا بکەم بە مێژووی کورد لە شانشینی ئوردون لە ڕووی ژمارە و دابەشبوونیان لە وڵاتەکەدا و گرنگترین ئەو پۆستانەی کە بەڕێوەیان بردووە و کەسایەتیە دیارەکانی کورد له و وڵاتە و بنەماڵە کوردییەکان و ڕێکخراوو کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتی ئوردون.
$مێژووی کورد لە شانشینی ئوردون$
سەرچاوە مێژوویەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرەتای نیشتەجێ بوونی کورد لە وڵاتی ئوردون دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەیووبیەکان و بە تایبەتتر سەردەمی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی کە نزیکەی (900) ساڵ بەر لە ئێستا دەکات.
لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە سوپاکەی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە کوردەکان پێکهاتبوو هەر ئەو سەربازانەش بوون کە لە شارەکانی ئوردون و فەڵەستین و زۆر له و جێگایەنەدا نیشتەجێ بوون کە دەسەڵاتی ئەیووبیەکان تیایدا حوکمڕان بووە.
هەندێک لەسەرچاوە مێژووییەکان کۆچی کورد بۆ وڵاتی ئوردون و نیشتەجێبوونیان بۆ چوار قۆناغ دابەش دەکەن:
قۆناغی یەکەم: سەردەمی دەسەڵاتی ئەیووبیەکان.
قۆناغی دووەم: سەردەمی عوسمانیەکان کە کورد بەرەو وڵاتی ئوردون چوونه و تیایدا نیشتەجێ بوونە.
قۆناغی سێیەم: کۆچی ئەو پیشەوەرانە بووە کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا و لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەرەو وڵاتی ئوردون چوونە و تیایدا نیشتەجێ بوونە و ماونەتەوە.
قۆناغی چوارەم: دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان و لە ناوبردنی شۆڕشەکە لەلایەن کەمالیستەکانی تورکیاوە بەشێکی زۆری کورد ڕوویان لە وڵاتی ئوردون کردووە و تیایدا نیشتەجێ بوونە.
کوردەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە درووستکردن و ڕێکخستنەوەی ئەو وڵاتەدا دوای دەرکردنی سوپای عوسمانی لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا، هەروەها کاتێک لە ساڵی 1920 ئەمیر عەبدڵڵای کوڕی حوسێن گەڕایەوە بۆ وڵاتەکە بە مەبەستی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن دوو ئەفسەری کوردەوە پێشوازی لێکرا ئەوانیش (خەلیل بەکر زازایی) و (نورەدین بەرزنجی) بوو.
$ئاماری کورد نیشتەجێ بوون و شوێنەواری کورد لە وڵاتی ئوردون$
کوردەکان لە شانشینی ئوردون جێگەیەکی دیاریکراویان نییە یاخود لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراودا نیشتەجێ نەبوونە بەڵکوو بە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دابەش بوونە، لە شارە گەورەکانی (عەممان و زەرقا و جەرەش و سەڵت) بە زۆری نیشتەجێن و دیارن وە بە کۆنترین ئەو خێڵانە دادەنرێن کە لە وڵاتی ئوردوندا نیشتەجێ بوونە و لە خێڵە کۆچەریەکان ئەژمار ناکرێن چونکە زۆربەی دانیشتووانی شانشینی ئوردون لە خێڵە کۆچەریەکان پێک دێن.
ئامارێکی فەڕمی بەردەست نییە کە ژمارەی کوردەکان لە وڵاتی ئوردون دیاری بکات بەڵام زۆربەی ئامارە نافەرمیەکان و ئاماری ڕێکخراوە کوردییەکان ژمارەیان بە نزیکەی (80 – 100) هەزار کەس دیاری دەکەن.
لە هەر شار و شارۆچکەیەکی ئوردوندا بگەڕێیت دەیان تابلۆ سەرنجت ڕادەکێشێت کە ناوی کوردی بەسەرەوەیە، بەڵام دیارترین و گەورەترین شوێنەوار گەڕەکی کوردەکان (حارە الاکراد)ە لە شاری سەڵت کە بە شوێنەوارێکی مێژوویی بۆ کورد ئەژمار دەکرێت و تا ئێستاش زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن و بەشێکیش لەو کوردانە چوونەتە فەڵەستین و ئێستا لە شاری قودس نیشتەجێن هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە پەیوەندییەکی توند لەنێوان کوردانی ئوردون و کوردەکانی شاری قودسدا هەیە.
لە زۆر جێگەی تریشدا شوێنەواری کورد دەبینرێت لە دیارترینی ئەو شوێنەوارانە، قەڵای (عەجلون) لەسەر لوتکەی شاخی (عوف)ە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی (1148) دەگەڕێتەوە تا ئێستاش ماوه و بە شوێنەوارێکی کوردی لە تۆمارە ڕەسمیەکانی ئوردوندا تۆمار کراوە.
مزگەوتی گەورەی (عەجلون) کە لە ساڵی (1247) درووستکراوە، ئەمە جگە لە زۆر جێگەی تر کە تا ئێستا لەو وڵاتەدا و لە تۆمارە فەڕمییەکاندا بە ناوی کوردەوە تۆمارکراون.
$کەسایەتیە کوردییەکانی ئوردون$
کوردەکانی شانشینی ئوردون لە زۆر کایەی سیاسی و ئایینی و ڕۆشنبیری ئەو وڵاتەدا ڕۆڵیان بینیوە و دیار بوونە بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە کوردەکانی ئوردون لە زۆر جێگەی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە لە هەر پێگەیەکدا کاریان کردبێت نازناوی کوردیان وەک پاشگرێک بۆ ناوەکانیان بەکارهێناوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ دڵسۆزیان بەرانبەر بە کوردستان.
لەم باسەدا تەنیا ناوو پێگەی چەند کەسایەتییەکی کوردی ئوردون باس دەکەم لەبەر زۆری ئەو کەسایەتیانە ئەگەر باسی هەمووان بکرێت بە چەند پەڕتووکێکی زۆر گەورەش ناتوانرێت بنووسرێتەوە.
یەکەم: (سەعد محەمەد جومعە الایوبی الکردی) کەسایەتییەکی ناسراوی وڵاتی ئوردون بووە و لە ساڵی (1967) بووەتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی دوو خول دوا بە دوای یەک، جگە لەوەی لە ساڵی (1947- 1979) کە دەکاتە سی و دوو ساڵی تەواو ئەمینداری گشتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئوردون بووه، هەروەها کەسایەتییەکی ئەدەبیش بووە و چەندین پەڕتووکی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و خاوەنی ڕۆژنامەی (الحق)یش بووە.
هەروەها یەکێک لە کوڕەکانیشی بە ناوی (زەید) هاوسەرگیری لەگەڵ (عائیشە)ی خوشکی (شا عەبدوڵڵا)ی ئوردون کردووە کە ئەمەش بووەتە هۆی بەستنی پردێکی پەیوەندی بەهێز لەنێوان کوردەکان و بنەماڵەی شای ئوردوندا، جگە لەوەی بنەماڵەی (جومعە) بە یەکێک لە بنەماڵە ناسراوەکانی ئوردون دادەنرێن.
دووەم: (عەبدولڕەحمان الکردی) ناوێکی ناسراوی شانشینی ئوردونە کە دامەزرێنەری یەکەم خانەی چاپ و بڵاوکرنەوە بووە له و وڵاتەدا لە ساڵی (1954) بە ناوی (شرکە الطباعە الحدیثە) کە یەکەم خانەی چاپ بوو لە وڵاتی ئوردوندا دامەزرا و تا ساڵی (1957) بەردەوام بوو لە کارکردن کە سیازدە پەرتووکی تیادا چاپ و بڵاو کرایەوە، هەروەها گۆڤارێکی هەفتانەشی هەر لەو ناوەندە بڵاودەکردەوە بە ناوی (الاردن الجدید) وە خاوەنی چەند پەڕتووکێکیشە، لەم ڕووەشەوە کوردەکان لە ئوردون بە پێشەنگی ڕۆشنبیری و ئەدەبی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێن.
سێیەم: (عەلی سەیدۆ الکردی) کەسایەتییەکی تری ناسراوی کوردە لە وڵاتی ئوردون و سەرمایەدارێکی گەورەی ئەو وڵاتەیە، یەکەم هاووڵاتی ئوردونی بووە کە لە ساڵی (1928) بووەتە خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ لە زانکۆی ئەمریکی لە لوبنان، وە بەیەکەم کەسیش دادەنرێت کە ماتۆڕی بردووەتە وڵاتەکەوە.
لەکایەی سیاسیشدا ڕۆڵی گرینگی گێڕاوە، لەوانە باڵیۆزی ئوردون بووە لە وڵاتەکانی (لوبنان، سعودیە، ئەمریکا، یەمەن، تورکیا).
نووسەری پەڕتووکی (من عمان الی العمادیە) او (رحلە فی کردستان الجنوبیە) لە عەمانەوە بۆ ئامێدی یاخود گەشتێک بە کوردستانی باشووردا کە ساڵی 1934 نووسیویەتی و ساڵی 1999 دووبارە لە چاپ دراوەتەوە.
هەروەها فەرهەنگێکی (کوردی – عەرەبی) لە ساڵی 1985 نووسیوە.
چوارەم: (دکتۆر ئەشڕەف الکردی) ناوێکی تری دیاری کوردییە نەک تەنیا لەسەر ئاستی وڵاتی ئوردون بەڵکوو لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەش، دکتۆری تایبەتی سەرۆکی فەلەستینی (یاسر عەڕەفات) تا کۆچی دوایی لەگەڵیدا بووە، لە ساڵی 1997 بووەتە وەزیری تەندرووستی ئوردون، لە ساڵی (1984- 1993) ئەمینداری گشتی تەندرووستکارانی عەرەب بووە بەشی خانەکانی مێشک.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لەو سەدان کەسایەتیە ناسراوە کوردیانەی ئوردون، جگە لەم بوارانەش لە بواری سەربازی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕۆشنبیریشدا دەیان کەسایەتی کورد لە ئوردون ناویان دەهێنرێت و بوونیان هەیە تا ئێستاش.
$عەشیرەت و بنەماڵە کوردییەکانی ئوردون$
کۆمەڵگەی کوردی وەک سەرجەم کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان دابەشی سەر بنەماڵە و عەشیرەتەکان بووە، کوردەکانی ئوردونیش کە بەسەرانسەری وڵاتی ئوردوندا دابەش بوونە هەریەکە و سەر بە عەشیرەت و بنەماڵەیەکە، کە وەک نازناویش بەکاری دێنن لێرەدا تەنیا ناوی ئەو بنەماڵە و عەشیرەتانە دەخەمە بەرچاوی خوێنەر که دیارترینیانن.
عەشیرەتەکان (ئەیووبی، بابانی، هەرکی، زێباری، کیکی، شێخانی، بەرزنجی، زازایی، ئاغائۆمەری، ئاڵاڕەشی، باراوی)
بنەماڵەکان زۆرن بەڵام دیارترینیان بریتین لە (سەیدۆ کوردی، بەرازی، بەدرخانی، بروسک، ئیزولی، جحێفە، قومەیری، دیاربکری، سوەیرەکی، ماردینی).
دەیان بنەماڵەی تریش هەن کە پاشگری کوردی بە ناوەکانیانەوە دەبینرێت.
$چالاکیە ڕۆشنبیری و ئایینی و ئابووریەکان$
کوردانی ئوردون هەمیشە ویستوویانە پارێزگاری لە کلتور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن لەو پێناوەشدا هەوڵی زۆریانداوە، لە بوارە ڕۆشنبیری و ئایینیەکاندا یاخود لە بواری ئابووریدا کە توانیویانە جێ دەستیان بکەنەوە و ناوی کورد لەسەر نەخشەی ڕۆشنبیری و ئایینی و ئابووری وڵاتەکەدا بنەخشێنن لێرەدا چەند نموونەیەک باس دەکەین.
یەکەم: (تەریقەتی شازلی) ڕێبازێکی سۆفیگەریە کە لە وڵاتی ئوردوندا زۆر بەربڵاوە و خاوەنی دەیان هەزار شوێنکەوتووە و بەدەیان مزگەوت و خانەقا و تەکیەیان هەیە لە سەرانسەری وڵاتی ئوردوندا، دامەزرێنەری ئەم تەریقەتە لە وڵاتی ئوردون (شێخ محەمەد سەعید کوردی) یە کە کەسایەتییەکی کوردییە و خاوەنی پێگەیەکی گەورە بووە لە ئوردون ئێستاش کوڕانی شێخ محەمەد لەلایەن دەوڵەتی ئوردونەوە زۆر جێگە بایەخن، لە ڕێگەی ئەم تەریقەتە سۆفیەوە کورد ڕۆڵێکی گەورە لە بواری ئایینیدا لە وڵاتی ئوردون بینیوە.
دووەم: لە بواری (ڕۆشنبیری) پێبەپێی پێشکەوتنی ڕۆشنبیری لە وڵاتانی عەرەبیدا وڵاتی ئوردونیش هەنگاوی له و بوارەدا ناوە، کوردەکانی ئوردون توانیویانە لەم بوارەشدا پێشەنگ بن و ڕۆڵێکی کارایان هەبێ، چەندین ئەکتەری سینەمایی و شانۆیی ئەو وڵاتە کوردن، لە ئێستاشدا تیپێکی هونەری تایبەتیان دامەزراندووە بە ناوی (تیپی هونەریی کوردی ڕۆژ) کە ڕۆڵێکی کارایان هەیە بۆ ناساندنی هونەری کوردی بە هاونیشتمانیانی ئوردون بە تایبەتی بۆ یادکردنەوەی بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی کە تیایدا چەندین چالاکی لە زۆربەی شارەکانی ئوردون پێشکەش دەکەن.
سێیەم: لە بواری ئابووریشدا جێگە دەستی کورد بە ئابووری وڵاتی ئوردونەوە زۆر دیار و جێ ئاماژەیە ناوێکی پرشنگدار لە مێژووی ئوردوندا هەیە ئەویش (حەسەنی سەیدۆ کوردی) یە ئابووریناسێکی خاوەن ئەزموون و دامەزرێنەری بانکی ئوردون کە ئەم بانکە خزمەتێکی گەورەی بە وڵاتی ئوردون و هاونیشتمانیانی کردووە لە ڕووی وەبەرهێنان و بەگەرخستنی سەرمایەی دەرەکی لە وڵاتەکەدا کە تا ئێستاش بەردەوامە، بۆیە دەکرێ بڵێین لە ڕووی ئابووریشەوە کورد خاوەنی شانازیە بۆ ئوردون.
$ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانی ئوردون$
وڵاتی ئوردون وڵاتێکی شانشینی پەڕڵەمانیە ڕێگە بە کردنەوەی ڕێکخراوو کۆمەڵە کلتوریەکان دەدات بۆ سەرجەم ئەو نەتەوە و بۆچوونە جیاوازانەی له و وڵاتەدا دەژیین، له و لایەنەشەوە کوردەکانی ئوردون خاوەنی چەند ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکن کە ئامانجیان خزمەتکردنی کوردانی وڵاتەکە و پاراستنی کلتوور و زمانی کوردییە، هەروەها ناساندنی بۆنە نیشتمانیە کوردییەکانە بە ڕۆڵەکانی کوردی ئەو وڵاتە بە تایبەت یادکردنەوەی ڕۆژی نەورۆز کە هەموو ساڵێک کوردانی ئوردون ئەو ڕۆژە یاد دەکەنەوە و زۆر گرنگی پێدەدەن، هەروەها ئەو ڕێکخراوو کۆمەڵە کوردیانە بوونەتە هۆی درووستکردنی پردێکی پەیوەندیش لەنێوان کوردانی ئوردون و نەتەوەکانی تر، لە دیارترین ئەو ڕێکخراوو کۆمەڵانە.
یەکەم: (ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی خێرخوازی کوردی) ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1970 لەسەر دەستی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە درووستکرا (سەعد جومعە کوردی) ئامانجی ڕێکخراوەکە جگە لەوەی خێرخوازیە چەندین چالاکی ڕۆشبیری و هونەریش پێشکەش دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە لە کار بنکەی سەرەکیان لە شاری عەممانی پایتەختە و چەندین لقیان لە شارەکانی تریش هەیە وە بە یەکێک لە ڕێکخراوە بە ناوبانگەکانی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت.
دووەم: (ڕێکخراوی ڕۆشنبیری کوردی ئوردون) لە ساڵی 2012 لەسەر دەستی چەند گەنجێکی کورد درووستکرا ئامانج لێی ناساندی کلتور و مێژووی کوردە بە تازە پێگەیشتوانی کورد لە ئوردون و پاراستنی ئاکاری کوردی تا لە فەوتان و لە ناوچوون پارێزراو بێت، لقیان لە زۆربەی شوێنەکانی وڵاتدا دەبینرێت.
سێیەم: (کۆمەڵەی گەنجانی خۆبەخشی کوردی) ئەم کۆمەڵەیەش لە ساڵی (2018) لەسەر دەستی کۆمەڵە گەنجێک درووست بوو کە ئامانجیان کۆکردنەوە و دابەش کردنی کۆمەک و یارمەتیە بۆ بنەماڵە هەژارەکان، هەروەها لە چاپدان و بڵاوکراوە بۆ ئەو نووسەرە کوردیانەی باری داراییان لاوازە و ناتوانن بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە، لەم بوارەشدا ڕۆڵێکی کارا و بەرچاویان بینیوە.
لە کۆتاییدا ئەوەشمان بیر نەچێت کوردەکانی ئوردون سەرجەمیان موسوڵمانن و سەر مەزهەبی سونەن، توێژینەوه و بە دواداچوون بۆ کوردانی وڵاتی ئوردون و ڕۆڵیان له و وڵاتەدا زۆر زیاتر هەڵدەگرێت کە لێرەدا باس بکرێت وە ناتوانرێت بە نووسینی بابەتێک مافی تەواویان پێ بدرێت.
زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاگەیاندنەکان ئاوڕێک لەم لایەنە بدەنەوە و مێژوو کلتووری نەتەوەکەمان کە لەدەرەوەی کوردستان هەیە لە فەوتان و لەناوچوون بپارێزن ئەگەر هەر هیچ نەبێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکەوە پردێکی پەیوەندی درووست بکرێتەوە بۆ کوردەکان هەموو کوردانی دەرەوە بە چاوی هیواوە ئومێدەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
هیوادارم توانیبێتم تیشکم خستبێتە سەر گۆشەیەکی لەبیر کراوی مێژووی نەتەوەکەمان و ئەم دیراسەیە ڕێگە ڕۆشنکەرەوەیەک بێت بۆ زیاتر بەدواداچوون و گەڕان بۆ کوردانی دوور لە نیشتمان.[1]
پشت بە خوا ئەم زنجیرە باسە لە کوردانی دوور لە نیشتمان بەردەوامی دەبێت کە تیایدا باسی کوردەکانی (فەلەستین – کوردە جوولەکەکان – کوردانی میسر و لوبنان و یەمەن و سوودان و زۆر جێگەی تر دەکەین)
$سەرچاوەکانی ئەم باسە:$
1-النوادر السلطانیة والمحاسن الیوسفیة (لبهاءالدین ابن شداد)
2-الاکراد الاردنیون و دورهم فی بناء الاردن الحدیث ( محەمەد عەلی الصویرکی)
3-ڕۆژنامەکانی (الاردن الجدید – الرأی )
4-چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیم لە ساڵی (2019) لەگەڵ (خالد محەمەد شیێخۆ کوردی) سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی خۆبەخشی کورد لە ئوردون (چاوپێکەوتنەکە تا ئێستا بڵاوم نەکردووەتەوە) .