لەناو زەویی فڕۆکەخانەی #دهۆک# 13 شوێنەوار دۆزرانەوە
ئامادەکردنی: #ڕۆژهات لوقمان#
لەناو زەویی پڕۆژەی ستراتیجیی فڕۆکەخانەی دهۆکدا 13 شوێنەوار دۆزرانەوە، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆکیش باس لە پاراستنی ئەو شوێنەوارانە دەکات.
د. #بێکەس بریفکانى#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز) ی گوت: ''لەناو زەویی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆکدا لە سنووری شارۆچکەی سێمێل 13 شوێنەواری جیاجیا دۆزراونەتەوە، ئەوەش نیشان دەدات کە ئەو ناوچەیە شارستانیەتییەکی دێرین و مێژوویی هەیە و لەو شوێنەوارانەدا پەرستگەیەک دۆزراوەتەوە کە لە سەردەمی میتانییەکاندا درووست کراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1350-1550 ساڵ پێش زایین.''
وتیشی: ''ئەو کەسانەی لەسەر زەویی فڕۆکەخانەکە کار دەکەن زۆر باش شوێنەوارەکانیان پاراستووە و لە هەموو جیهاندا دەستکاریی شوێنەوار ناکرێت، بۆیە ئەو شوێنەوارانە لە جێی خۆیان دەمێنن و دوای درووستکردنی فڕۆکەخانەش ئەو شوێنەوارانە تایبەتمەندییەکی دیکەی پێ دەبەخشن، بۆیە بە باشترین شێوە دەپارێزرێن.''[1]