نۆ بنەماى دەوڵەتى کوردى لاى #حاجى قادرى کۆیى#
#بارام سوبحی#
پەڕتووکى نەوەى دوەمى شاعیرانى قوتابخانەى بابان، پەڕتووکى یەکەمى بەرگى سێیەمى (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین) ە کە لە نووسینى #نەوشیروان مستەفا# ئەمین-ەو لە ساڵى (2019) چاپکراوە. ئەم پەڕتووکە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە شاعیران: (حاجى قادرى کۆیى، شێخ ڕەزاى تاڵەبانى، وەفایى و حەریق) .
$لە #کۆیە#وە بۆ ئەستەمبوڵ$
حاجى قادر لە گوندێکى شارى کۆیە لە خێزانى جوتیارێکى هەژار لە نیوەى یەکەمى سەدەى نۆزدەهەمدا لەدایکبووە. زانیارى زۆرتر لەسەر خێزان و بنەماڵەکەى لەبەردەستدا نییە. حاجى بۆ خوێندن ڕووی کردۆتە کۆیە.بۆ خوێندن کەوتۆتە گەڕان لەلاى مەلاکان، چۆتە باڵەکایەتى و موکریان. لە موکریان کۆتایى بە خوێندن هێناوە و ئیجازەى مەلایەتى وەرگرتووە. هەر لەو سەردەمەوە دەستیکردەوە بە دانانى شیعر. بەڵام پێناچێ لە کوردستان مەلایەتى کردبێ، یان ماوەیەکى درێژ مەلایەتى کردبێ، بەڵکوو بە یەکجارى ڕۆیشتوە بۆ ئەستەمبوڵ و هەموو ژیانى لەوێ بەسەربردووە و هەر لەوێش مردووە. جگەلە زمانى کوردى، عەرەبى، تورکى، فارسى زانیوە. پیاوێکى ڕۆشنبیر بووە. هاتوچۆى دیوەخانى کەسایەتیە ناسراوەکانى کوردى کردووە لەوانە بنەماڵەى بەدرخانى.
نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ئەوەندە بەرهەمەى حاجى لەبەردەستدایە، بیر و بۆچونەکانى و بانگەوازەکانى کە بە هۆنراوە دەریبڕیون، لە بوارەکانى: سیاسى، کۆمەڵایەتى، فەرهەنگى، ئابوورى، تەنانەت سەربازیدا ئەگەر لێکبدرێت و بەسەر یەکەوە لێکبدرێنەوە، کۆى شیعرەکان ئەیانتوانى ببنە ستراتیجى بزووتنەوەیەکى شۆڕشگێڕى کوردى، یا بەرنامەى کارى ڕێکخراوێکى سیاسى شۆڕشگێڕ. بەڵام ئەو زەمانە هێشتا زەمینەى کارێکى سەخت و دژوارى لەو بابەتە، نە لە ئەستەمبوڵ و نە لە کوردستان ئامادە نەبوو.
حاجى بۆ ئەوەى باوەڕەکەى خۆى بە خەڵک بگەیەنێ، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، لە شیعرە سیاسییەکانیدا، لەسەر شێوەى بەیت-ى کوردى هەڵیبەستون، تاوەکو بە ئاسانى قابیلى لەبەرکردن بن. ئەوسا دیوانەکەى بە چاپکراوى نەبووە. ڕۆژنامەى کوردیش نەبووە شیعرەکانى تێدا بڵاوبکاتەوە. ڕەنگە باشترین ڕێگا لەبەرکردن بووبێ. خۆیشى چەند جارێ ئاماژەى بەوە داوە. لەکۆتایى یەکێ لە شیعرەکانیدا دەڵێ:
لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلێ بیکەنە بەر
هەروەکو حاجى، ئەگەر شارەوە گەر دیهەکەدەیە
$بنەماکانى دەوڵەت و سەربەخۆیى$
نووسەر دەڵێت: شیعرە سیاسییەکانى حاجى هەمووى یەک مەبەستیان لە پشتەوە بووە. ئەویش ئەوە بووە کە کورد خۆى لەژێر دەستەیى ڕۆم و عەجەم ڕزگار بکاو ئەویش وەکوو میللەتانى تر ببێتە خاوەنى دەوڵەتى خۆى.
کورد وەکوو نەتەوەیەکى ڕەسەنى کۆن، خاوەنى زمان و مێژوو ئەدەبە، واتە خاوەنى کەرەستەکانى درووستکردنى دەوڵەتە. بۆ درووستکردنى دەوڵەت، حاجى لە ڕێگەى شیعرەکانیەوە ئەم بنەمایانە دەستنیشان دەکات:
*یەک و یەکگرتوو بن.
*زمانى کوردى بکەنە زمانى خوێندن و نووسین.
*منداڵەکانیان فێرى خوێندن بکەن و بۆ فێربوون ڕەوانەى ئەوروپایان بکەن.
*سەیرى پێشکەوتنى تەکنەلۆجى ئەوروپا بکەن و ژێرخانى ئابورى کوردستان بەهێز بکەن.
*بەنهێنى خۆیان ڕێکبخەن و تەگبیر بکەن.
*چەک و تفاقى جەنگى پەیدابکەن.
*دۆستى دەرەکى پەیدابکەن.
*لە تێکۆشاندا شیرو قەڵەم یەک بخەن.
*باوەڕ بە ڕۆم و عەجەم نەکەن.
*ئینجا بەیرەقى کوردى هەڵ بکەن.
نووسەر ڕایدەگەیەنێت: لەناو شاعیرەکانى نەوەى دووەمى قوتابخانەى شیعرى بابان دا، دەنگى حاجى قادر لە دەنگى هەموو شاعیرەکانى تر جیاوازە. حاجى قادر شیعرى وەکوو بەیاننامەى سیاسى بۆ گەیاندنى پەیامى بیرى نەتەوەیى بە خەڵکى کوردستان بەکارهێناوە. وەکوو ڕۆشنبیرێکى شارەزاى شۆڕشەکانى گەلانى عوسمانى و کاروبارى دونیا، وەکوو دەنگێکى جیاواز لە هەموو شاعیرەکانى هاوچەرخى خۆى، ئەرکى خۆى بەرانبەر بە نەتەوە و نیشتمانەکەى بەجێهێناوە، بەڵام ئامانجەکەى کە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى بووە، نە ئەوسا هاتۆتەدى و نە تائێستاش.
لە کۆتایى یەکێ لە قەسیدە ئاگرینەکانى دا دەڵێ:
حاجى کەسێکە بێکەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێى لێدەگرن زەریفى، ناگرن بەڵا لە خۆتان.
$بایەخ و گرنگى زمانى کوردى$
بە بڕواى نووسەر، زمان فاکتەرێکى سەرەکى پڕۆسەى نەتەوەسازى بووە. حاجى قادر زمانى وەکوو هەمان فاکتەرى نەتەوەسازى کوردى ناسیوە. بۆیە داواى بەکارهێنان و ناسینى کردووە. داواى لە شاعیر و نووسەرى کورد کردووە بەکاریبهێنن و برەوى پێبدەن. لەو بارەیەوە لەسەرەتاى شیعرێکدا بە هێرشێکى توند دەست پێدەکات و دەڵێت:
ئەگەر کوردێک قسەى بابى نەزانى
موحەقەق دایکى حیزە، بابى زانى.
لەکۆتایى ئەو شیعرەدا دەڵێ:
کتێب و دەفتەرو تەئریخ و کاغەز
بە کوردى گەر بنووسرایە زمانى
مەلاو شێخ و میرو پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناوونیشانى
نەوشیروان مستەفا دەڵێت: حاجى بەوەى کە پایەى زمانى کوردى لەچاو زمانەکانى تردا بەرز کردۆتەوە، مەبەستى بووە گرێى خۆبەکەمزانین لە دەروونى کورددا بگۆڕێ بە باوەڕ بەخۆبوون و گرێى خۆبەزلزانین و نەتەوە سەردەستەکان لەلاى کورد سوک بکا.
$حاجى و دەوڵەتى عوسمانى$
لەم لێکۆڵینەوەیەدا، نووسەر گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى: لەناو شاعیرانى نەوەى دووەمى قوتابخانەى بابان دا. هیچ کامیان وەکوو حاجى دەسەڵاتى عوسمانى نەناسیوەو وەکوو ئەو لەسەرى نەنووسیوە. ڕەنگە یەکێ لە هۆکارەکانیش ئەوە بووبێ حاجى ماوەیەکى درێژ لە ئەستەمبوڵ ژیابێ و ئەوان لە کوردستان. حاجى پێیوابووە هەموو سیستەمى عوسمانى کە ئەو بە (رۆم) ناوى دەبا، لەسەرەوە تا خوارى ستەمکارو گەندەڵە. لە شیعرەکانیدا هیچ پیرۆزییەک بۆ سوڵتان دانانێ. جارێ بە (گاى بنە) و جارێکى تر بە (گەورەکەیان) ناوى ئەبا. ئەو بەبەرپرسى یەکەمى ستەم و دواکەوتن و خراپى کاروبارى دەوڵەتەکە ئەزانێ.
حاجى ویستویەتى سوڵتان و سەڵتەنەتى عوسمانى لەبەر چاوى کورد ئەوە ناشیرین بکاو ئەوەندە دزێو پیشانیان بدا، هەموو کەس هەڵگەڕانەوە و شۆڕش و جیابوونەوەى لەو دەوڵەتە بەلاوە کارێکى ئاسایى بێ. حاجى بەپێچەوانەى هەموو ئەوانەوە کە سوڵتانیان بە خەلیفەى ئیسلام و دەوڵەتى عوسمانییان بە دەوڵەتى ئیسلام زانیوە، داکۆکیان لە هەموو کارە چاک و خراپ و لە هەموو جەنگ و شەڕەکانى بە (ئەرکى دینى) زانیوە. زنجیرەى سەڵتەنەت گوایا کە (واریسى شەرعى نەبەوین) بە (کەرمیز) ئەشوبهێنێ و وەزیر و کەلاو دەست و پێوەندەکانى بە کۆیلەى بتپەرستى و گەورەکەیان کە سوڵتانە –بەلاى ئەوەوە- ئەوەندە بە خراپ ناسراوە، پێویست بە باسکردن ناکاو لەوبارەیەوە دەڵێت:
ئەم سەگانە کە لەلاى ئێمە وەزیرو وکەلان
بێنە لاى تۆ، بەخودا، نایکەیە گاوان و شوان
ئەمە کەرمیزە، دەڵێن واریسى شەرعى نەبەوین
هەمو عەبدى سەنەمن، باسى مەکە گەورەکەیان
هەر ئەدیبێک بووە، سا خوا لە دەمى ناوە بڵێ
دەوڵەتى داوە بە کەر، نیعمەتى داوە بە سەگان
$چەک و قەڵەم$
لە بەشێکى دیکەى لێکۆڵینەوەکەدا، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات حاجى سەرەتایەکى گرنگى ستراتیجى پڕۆژەى نەتەوەسازى و دەوڵەتسازى بە زمانێکى زۆر سادە باس ئەکا، کە ئەویش پێکەوەنانى کارى سیاسى و سەربازییە. لەوبارەیەوە دەڵێ:
شیرو قەڵەم شەریکن، لەم عەسرەدا درێغا
شیرم قەڵەمتەراشەو کالانیە قەڵەمدان
لە شیعرێکى دیکەدا دەڵێت:
بە شیرو خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە
$تەریقەت و دەسەڵات$
نووسەر ڕونیدەکاتەوە یەکێک لەو سیمایانەى شیعرى حاجى قادرى پێ دەناسرێتەوە، هەڵوێستەکانێتى لەبارەى ڕۆڵى تەریقەت و پیاوانى ئایینى.لەوبارەیەوە دەڵێت: تەنیا شاعیرێ کە خۆى نەداوەتە پاڵ هیچ کام لە شێخانى تەریقەت و بە ئاشکرا جەنگى ڕاگەیاندوە دژى ئەم (دیاردە) یە حاجى قادر بووە. حاجى ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە تا حاکم و میرەکانى کوردستان دەسەڵاتیان هەبووە، لە حکومڕانیدا پێڕەوى شەریعەتیان کردووە. ئەوان دەسەڵاتى کارگێڕى و دارایى بوون. شێخەکانى تەریقەت گۆشەگیر بوون. بە واتایەکى تر دوور بوون لە دەستێوەردانى کاروبارى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵات. بەڵام وەکوو حاجى ئەڵێ دواى فەوتانى (حاکم و میرەکانى کوردستان) شێخەکان دووڕوییان دەرکەوتووەو دەستیان تێکەڵاوکردووە لەگەڵ دەسەڵاتى ڕۆم و عەجەم و هێزى مرۆیى کوردیان لە شەڕو ئاشتى دا بۆ پشتیوانى لەوان بەکارهێناوە:
هەر کە فەوتان، ڕیاى ئەوان دەرکەوت
سەیرى چۆن بوونە پوش و ئاگر و نەوت
لە شیعرێکى دیکەدا حاجى ڕەخنە لە خانەقا و تەکیەکان دەگرێ و دەڵێت:
خانەقاو شێخ و تەکیەکان یەکسەر
پێم بڵێن: نەفعیان چییە ئاخر؟
غەیرى تەعەلیمى تەنبەڵى کردن
جەمعى ئەملاک و خەزنە کۆکردن
دواى بەیانکردنى تەواوى مەبەست و ئامانجەکانى، حاجى ئاڕاستەى ڕەخنەکانى ڕوودەکاتە کۆمەڵگەى کوردى و دەڵێت:
(حاجى) سا بەسیە سەد هەزار دەفعە
پێم گوتى: ئەم قسانە بێ نەفعە
ڕۆژى ئەوەڵ لە بەندەو ئازاد
خدمەتى خەڵکە قیسمەتى ئەکراد
لێیگەڕى قەومى تۆ هەموو مارن
دزو حیزو پیاوکوژو هارن
مڕى ناودارى ورچى ناو دارە
ڕاستیان خوارە، خوارى خونخوارە
یەکێ لەم لاوە ڕودەکاتەوە عەجەم
دور لەو لاوە دەبنە دوژمنى هەم[1]