ناونیشانی بابەت: سیاسەت لە سەردەمی ئورارتی
نووسەر: #سارا سەردار#
ئورارتییەکان یەکێک لە زلهێزە بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆیان بوون، بۆیە دەبینین بەشێکی زۆری ئەو نامە و نووسینە ئاشوورییانەی لەبارەی ئورارتوەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئە#وان# هەڕەشەیەکی ترسناک بوون بۆ سەر ئاشوورییەکان، لەنێوان ساڵانی (820 - 810 پ. ز) و ئاشوورییەکان بەردەم لە مەترسی شەڕ و هێرش بوون لەلایەن ئورارتییەکانەوە، هەر بۆیە پلانی لەناو بردنی ئورارتییەکان یەکێک لە پلانە ستراتیجییەکانی ئاشوورییەکان بوو.
پاشاکانی ئورارتو واتا ( ئیشپۆئینی و مێنۆنا ) توانیان پێوەندی باش لەگەڵ پاشای هەرێمی #موساسیر# درووست بکەن و بەﮪۆی یارمەتیدانی سوپای یەکتر و درووستکردنی پەرستگا بۆ خواوەندە نەتەوەییەکەیان(خالیدی)، ئەو هەرێمەشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و پاشاکانی موساسیر گوێڕایەڵی پاشاکانی ئورارتی بوون، ئەم پێوەندییەی ئورارتی و موساسیرییەکان بووە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ناوەندی ئیمپراتۆریی ئاشوور.
ئاشوورییەکان لە سەردەمی شەلمانسەری سێیەم هێرشیان کردە سەر ئورارتییەکان و پایتەختەکەیان (ئارزاشکون) ڕووخاند و سووتاند، بۆیە ساردۆری یەکەمی پاشای ئورارتی پایتەختێکی نوێی بە ناوی (تووشیبا) لە ناوچەیەکی سەخت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان دامەزراند، پاشان هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی دا.
لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی ساردۆری یەکەم دەگەیشتە ناوچە چیاییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئاشوور، لە باشووریش لە ئازەربایجان تا دەگاتە دەریاچەی #ئورمییە#، ئورارتییەکان پاشان توانیان دەوڵەتی (مەڵاتییە) کە یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکانی ئاشوور لە ئەنادۆڵ بڕووخێنن، دوای ئەوە زۆر شانشینی تر کە لەژێر دەستی ئاشوورییەکان بوون، داوای سەربەخۆییان کرد و ئامادە نەبوون چیتر باج و سەرانە بە ئاشوورییەکان بدەن، ئەمەش بووە ﮪۆی پچڕانی ڕێی بازرگانی ئاشوورییەکان کە زۆر کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی وڵاتی ئاشوور هەبوو.[1]