ڕابیتەی ئەڵمانیی بۆ پزیشکانی منداڵان و لەدایکبوون ڕایدەگەیەنێت، ڕژێنی دەرەقی کاریگەریی لەسەر دووگیانبوونی ئافرەتان هەیە، بەشێوەیەک (کەمی ڕژێنی دەرەقیی و زێدە دەردانی ڕژێنەکە) لەلایەکەوە دەبنە هۆی سنووردانان بۆ سکپڕبوونی ئافرەتان و لەلایەکی تریشەوە ئەگەری لەبارچوونی کۆرپەلە زیاد دەکەن، ئەوە جگە لە درووستکردنی چەند گرفتێکی تری پەیوەست بە گەشەی جەستەیی و هۆشەکیی کۆرپەلە.
ڕابیتەکە هەروەک دەڵێت: نیشانەکانی تێکچوونی کارکردنی غودەی دەرەقی بریتین لە تێکچوونی سوڕی مانگانە (ناڕێکیان پچڕان) ، ماندوێتی لە ڕادەبەدەر، کەمخوێنیی، قەبزیی، تێکچوونی باری دەروونیی، زیادبوونی کێش، هەڵوەرینی قژو ساردی پێیەکان.
نیشانەکانی زێدە چالاکیی غودەی دەرەقیی بریتین لە ئارەقکردنەوەی زۆر، تووڕەبوون، نائارامیی، خێرا لێدانی دڵ، تێکچوونی خەو، کێشەی سوڕی مانگانە.
ئەوەش هاتووە، بۆیە دەبێت هەر ئافرەتی دووگیان یاخود ژنێک کە بەنیازە دووگیان بێت، هەر کە هەستی بەم نیشانانە کرد، دەستبەجێ ئەوە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆئەوەی لە کاتی خۆیدا چارەسەری کێشەکانی غودەی دەرەقی بۆ بکات.
باسی لەوەشکردووە، کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی لەڕێگای هۆرمۆنی درووستکراوی غودەی دەرەقییەوە چارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زیادبوونی غودەی دەرەقی بەدەرمان، یۆدی تیشکدەر یان نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت. [1]