زانایان و پسپۆڕانی بواری خۆراکیی دڵنیایی دەکەنەوە، سیر سوودی بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ لەخوێندا هەیە، دەشڵێن، دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ لە لەشدا دەبێتە هۆی پاراستنی جەستە لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و ئەگەری تووشبوون بە لاوازبوونی ماسوولکەکانی دڵ و تووشبوون بە جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە.
پسپۆڕانی بواری خۆراکیی ئاماژەیان بەوە کردووە، زیادکردنی سیر بۆ ناو سیستەمی خۆراکیی یارمەتیی کەمکردنەوەی خەستییی خوێن دەدات و بۆ ئەوکەسانە بەسوودە کە بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن، دەشڵێت: ئەو دژە ئۆکسێنەرانەی لەناو سیردایە ڕێژەی شەکر لە خوێندا کەمدەکەنەوە و هەوکردن لە جەستەدا کەمدەکەنەوە.
ئەوەش هاتووە، سیر مادەی ئالیسینی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ دەرکردنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە لەشدا، هەروەها گیراوەی سیر یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن لە مەیینی خوێن، هەروەها بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە ئەگەری خوێن مەین لە بۆرییەکانی خوێندا کەمدەبێتەوە.
زانایان و پسپۆڕانی بواری خۆراکیی ئاماژەیان بەوەکردووە، دەتوانرێت لەپێناو پاراستنی ئاستی پەستانی خوێن بە هاوسەنگیی ڕۆژانە یەک سەلک سیر بخورێت، بەو پێیەی ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی لە سیردا هەیە یارمەتیی فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدەن و ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەکەن. [1]