ناونیشانی پەڕتووک: کارەکتەر لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟) ی کاروان عومەر کاکەسووردا
ناوی نووسەر: #کاروان محەمەد فەتاح#
شوێنی چاپ: #هەولێر#
چاپی یەکەم 2022
دەزگای پەخش: #کولتوور#، بۆ چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی
زنجیرەی پەڕتووک 53
نووسەر و چیرۆکنووس (کاروان محەمەد فەتاح) پەرتووکێکی ئەکادێمی بە ناوی (کارەکتەر لە ڕۆمانی ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟ی #کاروان عومەر کاکەسوور#دا) بڵاو کردەوە، کە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە و بە هەمان ناونیشانەوە بە سەرپەرشتیی (پ. د. شنۆ محەمەد مەحموود) پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێژی پەروەردە و زمان لە #زانکۆی چەرموو# کراوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (#20-10-2022# ) دوای گفتۆکردن لەبارەیەوە، نامەکە پەسەند کرا.
ئەم کتێبە هەوڵێکی زانستییە بۆ ناساندنی توخمی کارەکتەر، کە لە ڕووی زاراوەوە لە بنەڕەتدا بۆ وشەی (Persona) ی لاتینى دەگەڕێتەوە، کە بە ماناى ڕووبەند (القناع) دێت. کاتێک ئەکتەرەکان لەسەر تەختەى شانۆ ڕۆڵى کەسێتییەکانیان دەگێڕا، بەو مەبەستەى نەناسرێنەوە، ئەو ڕووبەندەیان بە کار دەهێنا و دەموچاوى ڕاستەقینەى خۆیانیان پێ لە تەماشاکەران دەشاردەوە. لە زمانى یۆنانییشدا بە کارەکتەریان گوتووە (Ethos) ، کە واتاى ڕەوشت دەدات.
لەم کتێبەدا کار لەسەر پێشاندانی ئەو پێوەندییەی کارەکتەر لەگەڵ هەریەک لە توخم و تەکنیکەکانی تری ڕۆماندا هەیەتی، کراوە. هەروەها دەرخستنی ڕەهەند و جۆرەکانی کارەکتەر و نیشاندانی ئەو کاریگەرییەی توخمی کارەکتەر لە ڕووبەری ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتیدا، درووستی دەکات.
کتێبەکە لە پێشەکی، سێ بەش، ئەنجام و لیستی سەرچاوەکان پێک دێت:
بەشی یەکەم: کارەکتەر لە ژانری ڕۆماندا
بەشی دووەم: ڕەهەندەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟
بەشی سێیەم: جۆرەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟
ئەم بەرهەمە لە دووتوێی (266) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگەی (کولتوور بۆ چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی) بڵاو کراوەتەوە.[1]