پەرتووکی «ئایین و سیاسەت لە کوردستاندا» لە نووسینی دوکتۆر سەباح موفیدی بڵاو کرایەوە
«ئایین و سیاسەت لە کوردستاندا» پێک دێت لە کۆمەڵەوتارێک کە دوکتۆر سەباح موفیدی وەک توێژەر لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئاکادێمیک بە پشت بەستن بە سەرچاوە و ژێدەری بەرفراوان نووسیویەتی و ئێستا هەموو ئەم وتارانە لە یەک جێگا لە ناو پەرتووکێکدا کۆ کراونەوتەوە و دەدرێنە بەرچاوی خوێنەرانی کوردستان.
گرینگی ناوڕۆکی ئەم پەڕتووکە لەوەدایە کە بە پشت بەستن بە بەڵگە و داکیومێنت و سەرچاوەی جۆراوجۆر، خوێنەر لەگەڵ جیهانێکی دیکە لە ڕوانین بە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی ئاشنا دەکات و ڕۆڵی ئایین لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا دەخاتە بەرچاو.
بەشێک لە وتارەکان تیشک دەخەنە سەر خاڵە دەسپێکەکانی بزاوتی نەتەوەیی بە ڕێبەرایەتی پێشەوا ئایینییەکان کە لە سەردەمی نەهرییەوە دەست پێ دەکەن و بەشێکیشیان تیشک دەخەنە سەردەمی هاوچەرخ و بزوتنە سیاسییە ئیسلامییەکان دەدەنە بەر باس. لە درێژەی باسەکاندا زۆر مژاری دیکەی پەیوەندیدار وەک ئایین لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کوردستان و سێکیولاریزم شرۆڤە دەکرێن کە فرەڕەنگییەکی تایبەت بە پەڕتووکەکە دەبەخشێت.
ئەم پەڕتووکە لە فۆرمەتی ئەلەکترۆنیدا لەلایەن وەشانگەی زارا بڵاو دەکرێتەوە و خوێنەرانی ئازیز دەتوانن لە ماڵپەڕی #کوردیپێدیا# بێ بەرانبەر دایبەزێنن. $بڕوانە بابەتە پەیوەستکراوەکان$
بە سپاسەوە ڕۆیا جەماڵی بەرپرسی وەشانگەی زارا [1]