کچە بچووکەکان لە پیاوەکان ژیرترن
نووسەر: لێو تۆلستۆی
وەرگێڕان: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
کات سەرەتای جەژنی ئیستەر بوو، ڕۆژانی ھاتووچۆ بە خلیسکێنە کۆتایی هاتبوو، بەڵام هێشتا بەفر لەسەر لوتکە و گۆڕەپانەکان کەوتبوو، ئاویش لە شێوەی جۆگەڵە دەڕژایە سەر شەقامەکانی گوندەکە.
دوو کچ لە دوو خانەوادەی جیاوازەوە لە سوچی گەرەکێکی نێوان دوو خانوودا یەکتریان بینی، ئاوێک لەوێدا کۆبووە و گۆمێکی گەورەی درووست کردبوو، لە دوای ئەوەی ڕێگای خۆی بەناو کێڵگەکاندا بڕیبوو، یەکێک لە کچەکان بچووک بوو، ئەوی دیکەیان تۆزێک گەورەتر بوو، دایکیان پۆشاکی نوێی لەبەر کردبوون، بەریەخەی کراسەی کچە بچووکەکە شین بوو، هی گەورەکە زەرد بوو، هەردووکیان دەستەسڕێکی سووریان بەسەریانەوە بەستبوو، یەکتر بینینی ھەردوو کچەکە لە کاتی گەڕانەوەیان لە کڵێسا بوو، کچەکان جلە نوێیەکانیان پیشانی یەکتر دا، دواتر دەستیان کرد بە یاریکردن، پاشان هەردووکیان بە بیریاندا هات کە لە ناو گۆمە ئاوەکەدا یاری بکەن، کچە بچووکەکە هاتە پێشەوە تا پێ بخاتە ناو گۆمە ئاوەکە، بەڵام گەورەکە ڕێگری لێکرد، وتی:
- مالاشا نەچیتە ناو ئاوەکە، دواتر دایکت سەر زەنشتت دەکات.
- پێڵاو و گۆرەوییەکانم دادەکەنم، تۆش پێویستە وەک من بکەیت.
پێڵاو و گۆرەوییەکانیان داکەند، دواتر بەرکۆشی کراسەکانیان بەرزکردەوە و دەستیان کرد بە ڕۆیشتن لەناو گۆمەکەدا. ئاوەکە گەیشتە پاژنەی پێی مالاشا، وتی:
- ئاکۆلیا دەترسم ئاوەکە قوڵ بێت.
- نا مەترسە، لەم ئاستە قوڵتر نابێت.
کە لە یەکتر نزیک بوونەوە، ئاکۆلیا وتی:
ئاگادار بە مالاشا، لەسەر خۆ پێ دابنێ و بە وریاییەوە بە ناو ئاوەکەدا ھەنگاو بنێ.
ئاکۆلیا ھێشتا قسەکانی تەواو نەکرد بوو، مالاشا بە ھێزێکی زۆرەوە پێی داگرتە ناو ئاوەکە، ئاو و چڵپاو پرژا بە سەر جلەکانی ئاکۆلیادا، بەر چاو و لوتیشی کەوت، ئاکۆلیا کاتێک پەڵەی سەر جلەکانی بینی، توڕە بوو، بەرەو ڕوی مالاشا ڕۆیشت تاوەکو تۆڵەی خۆی لێبکاتەوە. مالاشا ترسی لێنیشت کە زانی خۆی تووشی کێشە کردووە، بە خێرایی لە گۆماوەکە ھاتە دەرەوە، ویستی ڕابکاتەوە بۆ ماڵەوە، لەو ساتەدا دایکی ئاکۆلیا بەڕێکەوت بەوێدا تێپەڕی، کە جلەکانی کچەکەی بە تەڕی و پیس و قوڕاوی بینی، بە مالاشای وت:
- ئەی کچە ناشرین و پیسەکە، ئەوە چیت کردووە؟
- مالاشا لە وەڵامدا وتی: بەئەنقەست ئەو کارەم کرد.
دایکی ئاکۆلیا مالاشای گرت و زللەیەکی لە پشتە ملی دا، مالاشا دەستی کرد بە گریان ھات و ھاوار، دەنگی لە ھەموو شەقامەکەدا دەبیسترا، کاتێک دایکی گوێی لێبوو، بە پەلە ھاتە دەرەوە.
بە دایکی ئاکۆلیای وت: بۆچی لە کچەکەم دەدەی؟
دەستی کرد بە لۆمە کردنی دراوسێکەی، قسەکانی نێوانیان توندوتیژی تێکەوت و گۆڕا بۆ ھەڵچون و توڕەبوون.
پیاوەکان ھاتن و لەسەر شەقامەکە کۆبوونەوە، ھەموو ھاواریان دەکرد و لە گەڵ یەکتردا بوو بە دەنگە دەنگیان، ھیچ کەس گوێی نەدەگرت تەنانەت کەسێک پاڵی نا بە کەسێکی ترەوە، خەریکبوو ببێت بە شەڕ و لێدان، داپیرەی ئاکۆلیا هات و کەوتە نێوانیان، هەوڵی دا دۆخەکە هێور بکاتەوە، بە دەنگی بەرز وتی: هاوڕێیان ئێوە چۆن بیردەکەنەوە؟ ئایا درووستە بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت؟ بەتایبەتی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا! کە کاتی خۆشییە، نەک کرداری گەمژانەی ئاوا بکرێت.
هیچ کەس گۆیی لە ژنە بەساڵاچووەکە نەگرت، خەریک بوو لەسەر زەوییەکە بیخەنە ژێر، ئەو نەیدەتوانی خەڵکەکە بێدەنگ بکات، ئەگەر دەستێوەردانی خودی ئاکۆلیا و مالاشا نەبوایە.
لە کاتێکدا ژنەکان ھات و ھاواریان بوو، لە یەکتریان دەدا، ئاکۆلیا قوڕەکەی لەسەر پۆشاکەکەی پاککردووە و گەڕایەوە بۆ لای گۆمەکە، پاشان بەردێکی برد و دەستی کرد بە ھەڵکۆڵینی زەوی بەردەم گۆمەکە، بۆ ئەوەی کەناڵێک درووست بکات و ئاوەکە پیایدا بڕواتە سەر شەقامەکە. مالاشا ڕۆیشت بۆ لای، بە پارچە دارێک ھاوکاری کرد لە هەڵکەندنی کەناڵەکە.
پیاوەکانیش لەوەدا بوون کە لە یەکتر بدەن، ئاوی گۆمەکە دەستی کرد بە ڕۆیشتن بە ناو کەناڵەکەدا، بەسەر شەقامەکەدا بەربویەوە و بەرەو ئەو شوێنەی کە داپیرە لێی وەستابوو، کە لە هەوڵی بەردەوامی ھێورکردنەوەی خەڵکەکەدا بوو.
ھەردوو کچەکەش لە پاش ئاوەکەوە ڕایان دەکرد، مالاشا لە لایەک و ئاکۆلیا لە لاکەی ترەوە.
ئاکۆلیا دەیوت: بگرە مالاشا.. بیگرە.
مالاشاش لە تاو پێکەنینا ھیچی بۆ نەدەوترا.
ھەردوو کچەکە دڵخۆشبوون، لە ئاوەکە ڕامابوون کە بە ناو کەناڵەکەدا دەڕۆیشت. بەرە و ڕووی پیاوەکان ڕۆیشتن، ژنە بە ساڵاچووەکە تەماشای دەکردن، بە پیاوەکانی وت:
ئێوە شەرم لە خۆتان ناکەن لەسەر ئەو دوو کچە شەڕ دەکەن، ئەوان هەموو شتێکیان لەبیرکردووە و بە خۆشحاڵیەوە پێکەوە یاری دەکەن. ئەوان لە هەمووتان ژیرترن.
پیاوەکان تەماشای هەردوو کچەکەیان کرد و ھەستیان بە شەرمەزاری دەکرد و بە خۆیان پێدەکەنین، دواتر هەریەک گەڕایەوە ماڵی خۆی.[1]
تاکوو وەک منداڵانتان لێ نەیەتەوە، ناچنە بەهەشت. (دەقێکی ئنجیل)