دوای پەیامەکەی دوێنێی #22-02-2023# #لاهور شێخ جەنگی# کە ڕایگەیاند وەکوو هاوسەرۆکی یەکێتی دەست دەکات بە کاروچالاکییە حیزبیەکانی و درەنگانی شەوی ڕابردوو نووسینگەی #بافڵ تاڵەبانی# ئاگاداری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دەباشان لە کاتژمێر 10 و 45 خولەکی ئەمڕۆ #23-02-2023# ئامادەبن.
سکرتێری بافڵ تاڵەبانی کە نامەی ئاگادارکردنەوەی بۆ دەزگاکان ناردووە ناوەرۆکی کۆنگرەکە و ئەو کەسەی دەست نیشان نەکردووە کە قسە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات، بەڵام بەهۆی کاتی کۆنگرەکە بە کەمتر لە ڕۆژێک دوای پەیامەکە لاهور شێخ جەنگی و شوێنی کۆنگرەکە کە دەباشان دەست نیشانکرا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوە بوون بافڵ تاڵەبانی وەڵامی لاهور شێخ جەنگی بداتەوە.
دەست نیشان نەکردنی ئەو کەسەی کۆنگرەکە ئەنجامدەدات لە بانگهێشتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێدەچێت پێشتر بڕیاری لەسەر درابێت و بەو شێوەیەی ڕۆژنامەنووسان لە دەباشان چاوەڕوان بوون لەو کاتەدا بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە هونەرمەند #بەدیعە دارتاش# کرد و بەدیعە دارتاش قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد. ئەوەش بووە سوپرایزی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕۆژنامەنووسان.
ئامانجی بافڵ تاڵەبانی، لە ئەنجامنەدانی کۆنگرەکەی بۆ کەم بایەخکردنی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی بوو و پەیامی ئەوەی نارد کە بەلایەوە گرنگ نییە تا وەڵامی بداتەوە و پەیامەکەی کاریگەرییەکی ئەوتۆی دانەناوە لەسەری تا پێویست بە وەڵام دانەوە بکات. [1]