#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کلاوس شتڕایشەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە #23-02-2023# لە #هەولێر# بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم کرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە؛ پێویستە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێز بێت لە ئاست ئاڵنگارییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و #بەغدا# کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند؛ بژاردەی یەکەم و کۆتاییمان ڕێککەوتنێکی گشتیگیر و درێژخایەنە و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی ئێراق و کوردستاندایە.
پڕۆسەی ڕیفۆرم و بە تایبەت چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو، قوباد تاڵەبانی وێڕای باسکردنی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی، ڕایگەیاند؛ نابێت ڕێگە بدرێت ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی ببێت.
هەر لەبارەی دۆخی هەرێمەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە؛ پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و زیاتر دوانەکەوێت، لەگەڵ ئەوەش گرنگە پێشتر گرفت و بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە هەڵبژاردن بەرز ببێتەوە. [1]