جوولەکە کوردەکان
#قوتەیبە فازڵ#
خاکی کوردستان هەمیشە خاکی پێکەوە ژیان و ئارامی بووە جێگە و پەناگەی بێ پەنایان بووە، سرووشتی مرۆڤی کورد و خاکی کوردستان وا هەڵکەوتووە کە هەر کەس پەنای بۆ هێنابن بێ پەنایان نەکردوون و داڵدەیان داون.
دەبینین زۆربەی ئایینەکان لە کوردستاندا شوێنکەوتەیان هەیە و مەزارگە و شوێنەوار و پەرستگاکانیان بە پارێزراوی ماون و شوێنکەوتووانیشیان کوردی ڕەسەنن، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە هەر کاتێک ستەم و زۆر لە هەر ئایین و ئایینزایەک کرابێت پەنای بۆ کوردستان هێناوە.
یەکێک لەو ئایینە ئاسمانیە دێرینانەش ئایینی جوولەکە و شوێنکەوتووانی حەزرەتی موسایە (سەلامی خوای لێ بێ) ئایینی بەشێک لە کوردەکان ئایینی جوولەکەیە ئەم ئایینە و شوێنکەوتووانی سەدان ساڵە لە کوردستاندا بەئارامی و ئاشتی لەگەڵ سەرجەم ئایینزاکانی تردا.
بەڵام بە داخەوە دوای ئەوەی زۆربەی سەرانی عەرەب و سەرکردە بەناو موسوڵمانەکانی جیهان هەڵسان بە نانەوەی گیانی دووبەرەکی و ئاژاوە و لەت لەت کردنی گەلانی ناوچەکە و دەرکردنی شوێنکەوتوانی ئایینی جوولەکە لە وڵاتەکانیان جوولەکە کوردەکانیش بەر ئەو ڕاگواستن و دەربەدەرکردنە کەوتن و بە زۆرە ملێ خاکی کوردستانیان پێ چۆڵ کردن و بەرەو ئیسرائیل دەرکران.
سەرەتای ڕاگواستن و دەرکردنی جوولەکە کوردەکان لە کوردستانی باشوورەوە دەستی پێ کرد ئەویش لە ساڵی 1952 کە بە ناوبانگیشە بە کۆچی (عەزرا و نەحیما) کە تیایدا بە زۆرەملە جوولەکە کوردەکان بەرەو ئیسرائیل ڕاگوێزران.
چەندین گێڕانەوی مێژوویی هەیە کە باس لە مێژووی جوولەکە کوردەکان دەکات، هەندێک لە سەرچاوە مێژوویەکان ڕەچەڵەکی جوولەکە کوردەکان دەگێڕنەوە سەر دە کوڕەکەی پێغەمبەر یەعقوب (سەلامی خوای لێ بێ) کە ئەو مێژووەش بۆ (800) هەشت سەد ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە واتە پێش دەسەڵاتدارێتی (میدیەکان) کە تیایدا جوولەکەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانیان لە زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران پەنایان بۆ خاکی کوردستان هێناوە.
بەڵام چەند سەرچاوەیەکی تری مێژوویی باس لەوە دەکەن کە لە ناوەڕاستی دەسەڵاتدارێتی میدیەکاندا جوولەکەکان پەنایان بۆ خاکی کوردستان هێناوە.
لە هەموو بارەکاندا و هەموو گێڕانەوە مێژووییەکانیش ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە مێژووی جوولەکە لە کوردستاندا مێژوویەکی دێرین و هەزاران ساڵەیە، بە درێژایی ئەو مێژووەش هیچ ناکۆکیەکی زەق لەنێوان شوێنکەوتووانی ئەم ئایینە و ئایینەکانی تردا نابینرێت کە بووبێتە هۆی دووبەرەکی و جەنگ.
بە درێژایی مێژووی جوولەکە لە کوردستاندا سەرجەم لایەنگرانی ئەو ئایینە نەریتە ئایینیەکانی خۆیان پاراستووە و پەیڕەویان لێ کردووە کوردستانیانیش لە زۆربەی جەژن و بۆنەکانیاندا بەشداریان کردووە و پیرۆزباییان لێ کردوون.
$شوێنەوارە مێژووییەکانی جوولەکە لە کوردستاندا$
هەر ئایینێک یاخود هەر هۆز و نەتەوەیەک لە جێگەیەک ژیانی گوزەراندبێت لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیاندا بێگومان شوێنەوار و جێ دەستی له و شوێنەدا بەجێهێشتووە.
جوولەکە کوردەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستاندا شان بە شانی کوردستانیانی تر ژیاون لە زۆر جێگەی کوردستاندا تا ئێستاش گۆڕستانەکانیان ماون یاخود ناوی شوێنەکانیان ماوە، لەو نێوەندەشدا چەند شوێن و مەزارگەیەکی پیرۆزیان هەیە کە دووان لەوانە گۆڕی دوو لە پێغەمبەرەکانیانە کە تا ئێستاش شوێنی پیرۆزن بۆ سەرجەم کوردستانیان ئەوانیش:
1- گۆڕ و مەزارگەی (دانیال پێغەمبەر)ە لە ناوەندی قەڵای #کەرکووک#، دانیال پێغەمبەر یەکێکە لە پێغەمبەرە زۆر گرنگەکان لەلای جوولەکە و ئێستاش مەزارگەیەکی پیرۆزە کە موسوڵمانانیش سەردانی دەکەن.
2- گۆڕ و مەزارگەی پێغەمبەر (ناحوم)ە لە شارۆچکەی قوشی سەر بە موسڵ کە ئەویش جێگەیەکی تری پیرۆزە لە لای جوولەکەکان .
هەروەها لە دەیان جێگەی تریش گۆڕ و مەزارگە و شوێنی جوولەکەکان بوونی هەیە لە کوردستاندا یاخود بە شوێنی جوولەکە بەناوبانگن بۆ نموونە گەڕەکی جولەکان لە شاری #سلێمانی# کە تا ئێستاش هەر بەو ناوە بەناوبانگە، چەندەها گوندیشمان هەیە کە بە ناوی جوولەکەکانەوە بە ناوبانگە لەوانە گوندی (سندور) لە شارۆچکەی #زاخۆ#، جگە لەوەی زۆربەی بازرگان و دوکاندارانی قەیسەری #هەولێر#یش تا کاتی ڕاگواستنی جوولەکەکان بۆ ئیسرائیل دوکاندار و بازرگانی جوولەکە بوون.
$کەسایەتیە کوردە ناودارەکانی جوولەکە$
چەندین کەسایەتی بەناوبانگ لە ناو جوولەکە کوردەکاندا هەڵکەوتووە کەسانی سیاسەتمەدار، کەسانی بازرگان، کەسانی ڕۆشنبیر، کەسانی سەربازی، کەسانی ئایینی…. هتد، بەڵام دیارترین کەسایەتیان ژنێکی جوولەکەیە کە سەرجەم جوولەکەکانی دونیا سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن و بەڕێزەوە باسی دەکەن ئەویش ژنێکی ئایینی کوردی جوولەکەیە بە ناوی (ئەسینات بارزانی) کە ژنێکی زانا و خاوەن پایەیەکی بەرزی ناو جوولەکەکانە.
ئەسینات بارزانی ژنێکی زانا و خاوەن پایەیەکی بەرزی ناو جوولەکەکانە، ئەم ژنە لە سەدەی حەڤدەهەمی زاینیدا ژیاوە لە شاری موسڵ و سەرپەرشتی قوتابخانەیەکی یەهودی کردووە کە لەلایەن باوکییەوە (حاخام شموئیل بارزانی)یەوە بنیات نرابوو، زیاتر لە بیست ساڵ ئەم ژنە وانەبێژ بوو لەو قوتابخانەیەدا کاتێکیش قوتابخانەکە ئاگری تێبەردەدرێت ئەم ژنە خۆی قوتابییەکانی زۆر لێبڕاوانە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و دەیکوژێننەوە ئەم ڕوداوەش ئەوەندەی تر ئەسینات لە لای جوولەکەکان پیرۆزتر دەکات.
هەروەها ئەسینات پەڕتووکێکی شیکاریشی بۆ (تەورات) نووسیوە بەڵام بەهۆی کارەساتەکانی ڕۆژگارەوە کە بەسەر کوردستاندا هاتووە ئەو پەڕتووکەش وەک هەزاران پەڕتووکی بە نرخی کوردستان لە ناوچووە و فەوتاوە.
لە ڕووی هونەریشەوە گۆرانی بێژ و حەیران خوێنی بە ناوبانگیان هەبووە یەکێک لەوانە ناوی (ئیسحاق گوڵە)بووە کە یەکێک بووە لە حەیران خوێنە بە ناوبانگەکانی شاری هەولێر، جێی داخە لە هیچ پەڕتووکێکی هونەریی کوردیدا ئاماژە بۆ ئەو هونەرمەندە نەکراوە.
هەر سەبارەت بە کەسایەتیە جوولەکە کوردەکان کەسایەتییەکی تر باس دەکرێت ئەویش هونەرمەندی شێوەکار (دانیال قەساب)ە کە شێوەکارێکی بە ناوبانگی هەولێر بووە و لە جوولەکەکانی ئەو شارە بووە و دەگوترێت هونەری شێوەکاری لەسەر دەستی ئەو لە شاری هەولێر دا دانراوە، یەکێک لە مامۆستایانی شێوەکاری دەڵێت (ئەگەر دانیال قەساب نەبوایە ئەوا بزاڤی هونەری شێوەکاری لە شاری هەولێر بەم جۆرەی ئێستا نەدەبوو).
ئەمانەی کە باس کران تەنیا چەند نموونەیەکن لەو دەیان و سەدان کوردە بەناو بانگانەی جوولەکە کە دەستیان هەبووە لە پێشکەوتن و مێژووی کورددا بێگومان باسکردنی هەر یەکێکیان لەوانەیە چەندین پەرتووکی بوێت.
$ئامار و شوێنی نیشتەجێ بوونیان لە کوردستان و ئیسرائیل$
تا ئێستا ئامارێکی ورد و دیار لەبەر دەستدا نییە کە ژمارەی جوولەکە کوردەکان دیاری بکات ئەویش لەبەر ئەوەی جوولەکە کوردەکان لە شوێنێکی دیاریکراودا نیشتەجێ نین بەڵکوو بەسەر شار و گوندەکانی ئیسرائیلدا دابەش بوونە، بەڵام هەموو ژمارەکان بە نزیکەیی لەنێوان (100 -120) هەزار کەس دەیخەمڵێنن.
یەکێک لە چالاکوانە کوردە جوولەکەکانی نیشتەجێی شاری ئۆرشەلیم (قودس) کە ناوی (مووشی تەوەکولی)یە دەڵێت (ئیسرائیل زیاتر لە 100 سەد هەزار کوردی بە ڕەگەز جوولەکەی تیادایە هەرچەندە زۆربەی گەنجەکان کوردی نازانن بەڵام هێشتا هەر کوردستانیان خۆشدەوێت و داب و نەریتی کوردانەی خۆیان لە بیر نەکردووە).
جوولەکە کوردەکان پێش ڕاگواستنیان بۆ ئیسرائیل لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستاندا شان بە شانی کوردستانیانی تر دەژیان بە تایبەتیش لەم شار و شارۆچکانەدا بوونیان دیار و بەرچاو بووە: (#ئامەد#، ئورومیە، سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، موسڵ، #مەهاباد#، #هەڵەبجە#، #وان#، #دێرسیم#، #پێنجوێن#، #چەمچەماڵ#، #کەلار#، #کفری#، #قەڵادزێ#، قەرەداغ، #خانەقین#، #کۆیە#، #دیانا#، #شەقڵاوە#، #دهۆک#، زاخۆ، #ئاکرێ#، #بارزان#، #ئامێدی#، #ئاغجەلەر#) .
جگە لەوەی بە چڕی لە چەندین گوندیش بوونیان هەبووە لەوانە گوندی (سندور) لە زاخۆ و گوندی (زەردەلیکاو) لە #گەرمیان# و گوندی (قەشقە) لە پارێزگای هەولێر، ئەمە سەبارەت بە دابەش بوونیان بووە لە کوردستان پێش ڕاگواستنیان بۆ ئیسرائیل.
سەبارەت بە دابەش بوونیشیان لە ئیسرائیلدا، جوولەکە کوردەکان بەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیلدا دابەش بوونە و جێگەیەکی دیاریکراویان نییە بەڵام زیاتر لە شارەکانی باکووری ئیسرائیل و شارەکانی قودس و تەل ئەبیب بوونیان هەیە.
$جوولەکە کوردەکان و پەیوەستیان بە کوردستانەوە$
جوولەکە کوردەکان تا ئێستاش زۆر شانازی بە کورد بوونی خۆیانەوە دەکەن و زۆربەی نەریت و بۆنە کوردییەکانیان پاراستووە و بەوەش ناسراون کە پارێزگاریان لە نەریتی کوردانەی خۆیان کردووە لە زۆربەی بۆنە و ئاهەنگە ئایینی و تایبەتەکاندا نایشارنەوە و بە شانازیەوە باسی کورد بوونی خۆیان دەکەن.
ساڵانە جەژنێکی تایبەتیان هەیە بە ناوی (سەهرانە) کە لە پارکی (کەفار یۆنا) لە باکووری (تەلئەبیب) سازی دەکەن زۆربەی کوردەکانی ئیسرائیل بەشداری تیادا دەکەن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە کوردەکان ڕوو دەکەنە ئەو شوێنە بە مەبەستی بەشداری کردن لەو جەژنەدا وە زۆربەشیان بە جلی کوردییەوە بەشداری دەکەن و بە بۆنەیەکی نەتەوەیی گرنگی تایبەت بە خۆیانی دادەنێن و بۆنەیەکیشە بۆ یەکتر بینین هەروەها بە ئاهەنگ و گۆرانی ئەو جەژنە بەڕێدەکەن و دەهۆڵ و زوڕنای تیادا بەکار دەهێنن و بە دوو ئامێری شادیی کوردی دادەنێنن.
یەکێک لە چالاکوانە کوردەکانی جوولەکە دەڵێت (ئێستا زۆربەی گەنجە کوردەکانی جوولەکە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ گەنجانی کوردستان درووست بکەنەوە و دووبارە دەیانەوێت خۆیان فێری زمانی کوردی بکەنەوە).
یەکێکی تر لەو خاسیەت و نەریتانەی کوردە جوولەکەکان لە نەتەوەکانی تری جوولەکە جیا دەکاتەوە خۆشی خواردنە کوردەواریەکانیانە کە تا ئێستا لەسەری بەردەوامن بە تایبەتیش خواردنی یاپراخ و سەروپێ و قەرەخەرمان.
خاسیەتێکی تری جوولەکە کوردەکان لە ئیسرائیل ئەوەیە کە پێش ڕاگواستنیان لە کوردستان بەشێکیان خەریکی کشتوکاڵ بوونە تا ئێستاش ئەو نەریتەیان پاراستووە لە هەر جێگەیەکی ئیسرائیلدا کشتوکاڵێکی باشت بینی بێگومان دەستی کوردێکی جوولەکەی تیادایە.
لەڕووی دەست ڕەنگینی و پیشەوەریشەوە جوولەکە کوردەکان ئەو کاتەی کە لە کوردستان ژیاون زۆربەی کارە دەستی و پیشەوەریەکانی کوردستان ئەوان کردوویانە وەک دارتاشی و ئاسنگەری و ددانسازی و زێڕەنگەری، خومچێتی، تەنانەت دوکانداری و قەسابیش باشترینەکانیان ئەو کەسانە بوونە کە جوولەکەکان بەڕێوەیان بردوون.
لە دوای ڕاگواستنیانەوە بۆ ئیسرائیل زۆربەی جوولەکە کوردەکان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ درووستکردنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە خۆیان تا لە زۆربەی کاریاندا بتوانن بۆ ئەو ڕێکخراوە بگەڕێنەوە بەواتە وەکوو مەرجەعێک وا بێت بۆیان، بۆیە ڕۆشنبیران و لێپرسراوە کوردەکانی جوولەکە دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر بڕیاریاندا بە درووستکردنی ڕێکخراوێک بە ناوی (ڕێکخراوی نیشتمانی جوولەکەکانی کوردستان لە ئیسرائیل) لە ساڵی (1971) و ڕاستەوخۆ بڕیاریاندا کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ ئەو ڕێکخراوە ساز بدەن بۆ ئەوەی دەستەیەکی بەڕێوەبەری بۆ ڕێکخراوەکە هەڵببژێرن، هەر لە هەمان ساڵدا ئەو کۆبوونەوەیە ڕێکخرا کە تیایدا (380) لە کەسایەتیە کوردە بەناوبانگەکانی جوولەکە تیایدا بەشدار بوون، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیلیش بەشداری ئەو کۆبوونەوەی کردوو هیوای سەرکەوتن و پشتگیریشی بۆ دەربڕین.
هەر لەو کۆبوونەوە فراوانەدا بڕیاردرا لیژنەیەک پێک بهێنن بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە وە یەک کەسیش وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کرا، جێی ئاماژەیە ئەو ڕێکخراوە تا ئێستا ماوە و بەردەوامە لە چالاکییەکانی ساڵانە بۆنە و ئاهەنگە کوردییەکان لە ئیسرائیلدا ڕێکدەخات و وەک چەترێک وایە بۆ جوولەکە کوردەکان، یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە ئەوەیە نەوەی کوردەکان دووبارە فێری کوردی ببنەوە له و ڕووەشەوە چەندین خولی بە بەردەوامی هەیە، هەروەها یارمەتیی بۆ کوردە کەم دەرامەتەکانی ئیسرائیلیش دابین دەکات سەرەڕای چەندین بواری تری فەرهەنگی و ڕۆشنبیری.
ئەو ڕێکخراوە تا ئێستا سێ سەرۆکی هەبووە کە ڕێکخراوەکەیان بەڕێوە بردووە لە ساڵی 1971 ەوە ئەوانیش:
1-حەبیب شەمعون.
2-سیمان تۆڤ ئەبراهام.
3-یودا بن یوسف.[1]
$سەرچاوەکان:$
1- یهود کردستان فلکلور اصیل وهویە متجذرە فی عمق التاریخ (سمادار العانی) .
2- الاکراد الیهود طائفە صغیرە تحافظ علی کنز ثقافی کبیر (یؤاف شاحام) .
3- کوورتە مێژووی جوولەکەکانی کوردستان (بەرزان ئەحمەد کوردە).
4- سایتی ڕۆژنامەی ئاوێنە.
5- سایتی puk media.