ناونیشانی بابەت: لە تراژیدیاوە بەرەو ئوستوورەسازیی، یاداشتگەلێک لەسەر ڕۆمانی #کۆبانی#
ناوی نووسەر: # حەمەساڵح سووزەنی#
ڕۆمانی کۆبانی، نووسینی #جان دۆست#، بە وەرگێڕانی #وریا غەفووری# (لە کرمانجییەوە بۆ سۆرانی) خوێندەوە و حەزم کرد بۆ ناساندنی زێدەتری ئەو ڕۆمانە، یاداشتەکانی خۆمی لەسەر بڵاوبکەمەوە:
ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی جیدییە لە پانتای ئەدەبی ڕیالیسمی ڕخنەگرانە – مێژوویی.. تێکەڵ بە خەونی نووسەر بۆ دەرچوون لە گەمەکانی واقیع – خەیاڵ.. و گەیشتن بە ئوستوورەسازیی لە ڕۆمانی سەردەمدا و لەو ڕێگەوە نیشاندانی کارەساتی جەرگبڕی کۆبانی.. واتە نواندنەوەی تراژیدیایەکی دی لە سەردەمی بەناو پاشمودێرنی هەنووکەیی دۆخی نەتەوەی کورد بە گشتی و بە تایبەتی لە ڕۆژاوای کوردستان، بە جەخت کردنە سەر شەڕی کۆبانی… تەون و کڕی دەقەکە هەر وەها کە لەو قوتابخانەیەدا باوە؛ پێکهاتەمەند و بە ڕێ و جێیە و کورد گوتەنی” موو ناچێتە بەینی” ئەمە یانی؛ کات و کەس و شوێن و ڕووداو، تێکچنراون بۆ وەی ڕووداوگەل دڵتەزێن و تراژدیای نێو ڕۆمانەکە بە پێی هۆکارێتی/ علیت/ تایبەت بەڕێوە بچێ و خوێنەران نەک هەر بخاتە ژێر کاریگەریی بەڵکوو بەراستی بیهەژێنێ.. سەرسامی بکا و وەک کۆبانی بیتەقێنێتەوە.. کەسەکان؛ زۆربەی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە، لە بنەماڵەی “حەمزراڤی موهاجر”ن / پێشمەرگەی سەردەمی شێخ سەعید کە لە ترسی گیران و لە سێدارەدان.. لەلایەن دایک و بنەماڵەوە هان ئەدرێ بۆ وەی دوور وەکەوێ و … ڕوودەکاتە کۆبانی و لەوێ بنە دەنێتەوە ../
“حاجی موسلیم” کوڕی حەمزراڤ، “خانێ”ی ژنی و کوڕەکانی/ واتە مستەفا، ، حەمە، مەتین یان جوودی کۆبانی، لەوەند، باران/
کچەکانی/ خەدیجە ومێرد و کوڕەکەی/ ڕەوشەنی پەلکە زێڕین/
بووک/ ئایشێی ژنی حەمە/ و نەوەکانی/ سیامەند و زۆزان/ ..
کات: کاتی ئاسایی ڕۆمانەکە لە سەدەیەک تێدەپەڕێ و لە دوا ساتەکانی هەرەسی شۆڕشی شێخ سەعیدەوە دەست پێدەکا و گرێ ئەدرێ بە هەوڵەکانی شەڕڤانانی و یەدەپە بۆ پاراستنی شاری کۆبانی لە هێرشی دڕندانەی داعش… کاتی ئەدەبی، ئەو چەند چرکە ساتەی کە نووسەر لە ئەورووپاوە بە خەیاڵ گەڕاوەتەوە سەر وێرانەکانی کۆبانی..
شوێن؛ شوێنی ڕۆمانەکە پانتایەکی بەرینی وەک وڵاتانی تورکیە، ئێراق، سووریە، لوبنان و ئەورپا..دەگرێتەوە و لەهەر کام لەو وڵاتانەدا تراژدیایەکی سەیر دەخولقێ بەجوانی پێوەندە بە کات و ڕووداوەکانەوە/ سەرەتا مستەفا کە سەربازی هێزی چەکداری سووریایە دەکوژرێ.. لەوەند لە داخی سەرکوتکردنی مەزاهەراتی گەنجان لە کۆبانی بەدەست یەدەپەوە هەڵدێ بۆ هەولێر و دەبێتە پێشمەرگە..کە بۆ یارمەتیدانی کۆبانێ دەگەڕێتەوە شەهید ئەبێ..باران بە خۆی و باغڵەمەکەیەوە لە دێیەکی ئەو لای کۆبانی، داعش سەری دەبڕێ.. مێردەکەی خەدیجە و کوڕە بچووکەکەیان، لە زەریاکەی پاڵ یوونان دا، دەخنکێن.. خەدیجە خۆی دەهاوێتە چۆمی ڕاین..مەتین (جوودی کۆبانی) و ڕەوشەنی پەلکە زێڕینی پازدە ساڵان و هەموو ئەندامانی دیکەی بنەماڵە لە کۆبانی یەک لەدواییەک بێ ئەوەی بتوانن تاقە داعشییەک بکوژن.. هەریەکەو لە شوێن و کاتی تایبەتدا دەکوژرێن و تاقە یەک کەسیان لێ نامێنێ.. تەنانەت نەوەکانیان دڕندانە دەدرێنە بەر دەسڕێژ .. شوێن – کات – ڕووداو – کەسایەتی پێکەوە دەبنە تراژدیایەکی ئەوەند جەرگبڕ کە لە کەم ڕۆماندا خولقاوە.. ولە کەش سازییەکی تەبادا خوێنەر دەهەژێنن بۆ وەی تا کۆتایی ڕۆمانەکە دەستبەرداری خوێندنەوە نەبنەوە و لەگەڵ ڕۆمانەکە بسووتێن…
هۆکارێتی/ علیەت/؛ لەم ڕۆمانەدا دەورێکی گرینگی هەیە بۆ گرێدانی پێکهاتەی گشتی ڕۆمانەکە و دەگەڕێتەوە سەر کەللە ڕەقیی دوو هێزی بەرانبەر یەکدی واتە داعش لە لایەک/ کە لای وایە بەس بە کوشتنی پیاوان و داگیرکردنی ژن و کچەکان ئەتوانن بە سەر کوفردا سەرکەون.. و هێزەکانی حیزبی مائۆئیستی یەدەپە/ کە تەنانەت لە کچانی میرمنداڵیش دەخوازن، بناماڵە وەک پاشماوەی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی وەلا نێن.. ئەشق و خۆشەویستی بنێنە ژێر گڵ و هەمووی بکەن بە فیدای ئامانجەکانی گەل، کە هەڵبەت مەبەستیان حیزبە..ئەگینا گەڵ زووتر لەوان تێدەگەن کە شەڕەکە لەوە گەورەترە ئەمان بتوانن بە چەکی سووک بەرەنگاریی ببنەوە و هەر هەموویان لە سنوورەکانەوە بە ژن و منداڵەوە دەرباز دەبن … ../ ئەوان تەنانەت ئەو کات کە ئەزانن حەمەی برای ڕەوشەنی پەلکە زێڕین بە بۆنەی دایکە پیرەکەیەوە نەیتوانیوە لەسنوور دەرباز بێ و بە ناچار کەوتۆتە بەرەنگاری، ئیزنی ڕەوشەنی پازدە ساڵان نادەن کە لانی کەم بچێت و لە گەڕەکەی خۆیان بەرەنگاری داعش ببێتەوە و بێ هوودە و بێ ئەوەی بتوانێ یەک تەقەش لە داعش بکا.. دەپێکرێ و دەبێتە خۆراکی شەڕێک کە بێ لەبەر چاو گرتنی تەرازووی هێزەکان ساز بووە..
بە گشتی ئەوەی لای من وەک خوێنەرێک، جێی سەرنج بوو:
یەک – ئامادە بوونی نووسەرە کە بەخەیاڵ هاتۆتە نێو ڕۆمانەکە و کاتی یەک سەدەیی ڕۆمانەکە دەکاتە جەن چرکەی بچڕ بچڕی نێو 576 لاپەڕەی ئاسایی /پێشتر لە خوێندنەوەکانی “گرەوی بەختی هەڵاڵە”دا باسی جیاوازی کاتی داستانی و کاتی ئاساییم کردووە و نامەوێ دووپاتی بکەمەوە/ و وا ئەنوێنێ کە کات و کەس و شوێن و ڕووداوەکان بەشێکن لە سێڵاوی هۆشی خۆی و بەو چەشنە گەمەیەکی نوێتر دەخاتە بەردەم خوێنەر و ڕێئالیسمی ڕەخنەگرانەی پێ دەوڵەمەند تر دەکا و باری جوانیناسی ڕۆمانەکەش دەباتە ئاستێکی بەرزتر..
دوو- گۆشەنیگا – نووسەر وەک کەسایەتی، گۆشەنیگای سێهەم کەسی هەمووشتزان بەرەو منۆلۆگی زێهنی دەگۆڕێ و ڕۆمانەکە زێدەتر بەرەو چەند دەنگیبوون ڕادەکێشێ .. هەروەها بە نامە و دیالۆگ دەیخەمڵینێ..
سێ – هەڵس و کەوتی ڕەخنەیی دەرحق بە زمان – نیشانەی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژی /داعش – یەدەپە – ئمپریالیسمی ئەمەریکا و وڵاتە ژێرچەپۆکەکانیان، تورکیا سووریاا ../ بە تایبەت لە نەستی دەقدا گلەیی و گازندە لەسەر دەرک پێ نەکردنی پێویستیی/ زرورت/ و واقیع لە کات و سات و نەبوونی شرۆڤەی تایبەت لە دۆخی تایبەت .. کە ئەبێتە هۆکاریی خولقاندنی ئەو تاراژێدیا سامناکە/ کوژرانی هەموو کەسایەتییەکان و وێرانی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی هەموو خەڵک و کۆتاییە سامنکترەکەی ئەو ڕۆمانە؛ واتە کوژرانی تەنانەت نەوەکانی حاجی موسلیم و ئایشێی بووکی.. و هەموو ئەوانەی کە بە هیوای لانی کەم دیتنەوەی تەرمی ئازیزەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ کۆبانی بەناو ڕزگار بوو… هەر وەها لە ڕێگەی کوژرانی ڕەوشەنی پەلکە زێڕین و هەڤاڵانی.. ڕەخنەیەکی جیددی ئاڕاستەی ئایدۆلۆژیای یەدەپە دەکا، کە بە پێی ڕوانگەیەکی مائۆئیستی ویشکبیرانە.. میر منداڵان لە باوەشی بنەماڵە دوور ئەخەنەوە و ئەیانکەن بە شەڕوانێک لە خۆیان ویشکەبیرتر.. ئەوان تەنانەت لە دواچرکەکانی پیش شەهید بوونیاندا، ئیزنی ئەوەیان نادەنێ لانی کەم پشت بە پشتی بنەماڵەکانیان، لە گەڕەکەکەی خۆیاندا بەرەنگاری دوژمنێکی دڕندەی وەک داعش ببنەوە.. هەر بۆیە کە بەوردی سەرلە نوێ ڕۆمانەکە بخوێنیتەوە و سەرنجی ڕووداوەکانی شەڕ بکەی؛ لە هیچ شەڕێکدا شەرڤانان سەرکەو توو نین بەڵکوو بە پێی فرمانێ کە پێیان دراوە؛ بەس گیان بەخت ئەکەن و هیچی دی… لەم ڕۆمانەدا شەڕڤانان هێشتا دۆست و هاوپەیمانە زلهێزەکەی خۆیان نەناسیوە و کەوتۆتە داوی ئەوەی، بەس بتوانێ تا دوایین دڵۆپ لە شاردا بمێننەوە.. بۆوەی داعیش بە تەواوی بێنە نێو شار .. هەر بۆیە تا دوایین گەڕەک نەکەوێتە دەست داعش .. فڕۆکەکانیان بەس بە سەر شار دا دەفڕن و هاڕە و دووکەڵی ڕەش بڵاو دەکەنەوە.. ئەوان بەس ئەو کاتەی دەکەونە بۆمباران کردن کە ئیتر هەموو گەڕەکانی شار گیراوە و ئەوان لە ڕاستیدا ئەو شارە تا دوایین دەرکە و دیوار و ماڵ ژێرەو ژوور ئەکەن..
چوار – بەزاندنی سنووری نێوان خەون و واقیع.. لە ڕێگەی بەشداریکردنی نووسەر وەک کەسایەتی کە بە خەیاڵ لە ئەورووپاوە دەگەڕێتەوە کۆبانی و بەسەر وێررانەکانی ئەوێدا، لە ڕاستیدا ڕووداوەکان دیسان وەک خەون دەگێڕیتەوە و گەرەکەکان و ماڵی کەسایەتییەکان بەسەر ئەکاتەوە..تەنانەت لەگەڵ شەهیدی خۆشەزایدا هەر بە خەیاڵ ئەدوێ… ئەم بەشداریکردنەی نووسەر، لەبەر ئەوەی ناو بەناو دەبێتە بەشگەلێک لە ڕۆمانەکە .. توانیویە کاتی هێڵی ڕۆمانەکەش بکا بە کاتگەل بچڕ بچڕ و هاتوو چۆ کردن بە نێو کاتدا لە ڕێگەی فلاش بەک و فلاش فورواردەکانەوە.. و باری جوانناسی ڕۆمانەکەی تەنیوەتەوە..
ڕۆمانەکە خوێندنەوەی زۆرتر هەڵدەگرێ .. کە ئەیدەمە دەست ئێوەی خوێنەرانی چالاکی دەقی ئەدەبی و لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی دیسانەوە دوای دەست خۆشی لە نووسەر جان دۆست، دەست خۆشییەکی گەڕم و گوڕیش ئاڕاستەی وەرگێڕی بەڕێز وریا غەفووری بکەین بۆ ئەو زمانە شیرنەی هەڵیبژاردوە و زۆر وشەو گوتەی زارەکی و سروود و گۆرانی کرمانجیشی بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی وەرگێڕانەکەی، وەک خۆی هێناوەتەوە… هەر دووڵاتان خۆش و هیوای بەردەوامی…
ئەمەش کۆپلەیەک لە ڕۆمانەکە:
«هۆ میران! تۆ قەت باوەڕ ناکەی من چەندە گۆڕاوم.. بوومەتە کەسێکی دی و هەست ئەکەم کە دەساڵ گەورەتر بوومە. خۆشم لە خۆم سەیر دەمێنم و بەردەوام دەپرسم؛ بڵێی هەموو کەسێک لە شەڕدا ئەوەند گەورە و عاقڵ ببێ یان بەس من وام.. نەوەکوو پەسنی خۆم بدەم، بەڵکوو ڕاستییەکەت بۆ باس ئەکەم .. ئەمە ڕاستییەکە میران و ئەمەوێ لەگەڵ تۆ بەشی بکەم. چەند خۆم بە سەربڵند ئەزانم کە چەکم هەڵگرتووە و پارێزگاریی لە شارەکەم دەکەم. پارێزگاریی لە وڵاتی ئەوینی خۆم و تۆ دەکەم.. دەبیستم کە هەندێک کچ بە زۆر ڕاکێشی ڕاهێنان دکەن بۆ سەربازیی .. من ڕەخنە لەمە دەگرم و قەت ئەوە ناپەژرێنم/قەبووڵی ناکەم/ خۆشکم کە زمانی ئینگلیسی لە کۆلێژی ئەدەبیتی زانکۆ حەلەب تەواوکردووە… هەمیشە مەتەڵۆکی ئینگلیسی بۆ دەخوێندمەوە و دەیگوت کە ” تۆ دەتوانی ئەسپێک بە زۆر ببەیتە سەر ئاوێک، لێ ناتوانی بە خۆر ئاوی دەرخوارد بدەی.. ئەو هەرکات باوکم و بارانی بام لەسەر نەچوونە مزگەوت بە شەڕ دەهاتن، ئەم مەتەڵۆکەی بە دایکم ئەگێڕایەوە.. باران خۆیشی بەردەوام ئەیگوت: دەی با باوڕی ئازادیش قەت بە کوتەک ناکرێ. مرۆڤ دەبێ باوەڕی بە کرداری خۆی هەبێ، ئەگینا ناتوانێ تا کۆتایی بەردەوام بێ. کە تۆ ئازاد نەبی ناتوانی بۆ ئازادی بەشەڕ بیت..» ل 350 – لە نامەکانی ڕەوشەنی پەلکە زێڕین بۆ میران [1]