ناونیشانی بابەت: سوودەکانی پەڕتووک خوێندنەوە
ئامادەکردن: #ڤینوار زاهیر#
$سەرەتا$
سوودەکانی پەڕتووک خوێندنەوە (بە ئینگلیزی: Benefits of Reading Books، بە عەرەبی: فوائد قراءة الکتاب) ، لەوانەیە بپرسیت مرۆڤ چی دەست دەکەوێت لە ئەنجامی پەڕتووک خوێندنەوە، یان بڵێیت ئایا پەڕتووک خوێندنەوە سوودی هەیە یان تەنیا بۆ چێژ وەرگرتنە. پەڕتووک لە چەند کاغەزێکی پڕ لە وشە، بیرۆکە و شارەزایی کەسێک پێکهاتووە و لەناو دوو بەرگدا کۆکراوەتەوە. هەموو کەسێک بە شێوازێکی جیاواز بیردەکاتەوە، هەندێکیان کاتێک وشەی (پەڕتووک خوێندنەوە) دەبیستن، بە بیستنی بە پەرۆش دەبن و هەندێکی تر بێزار دەبن و ئەو شوێنە جێدەهێڵن.
$سوودەکانی پەڕتووک خوێندنەوە$
کەمن ئەو کەسانەی کە چێژ لە خوێندنەوە دەبینن و خوێندنەوەیان کردووە بە پیشەیەکی ڕۆژانە. بەهۆی هەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ لە خوێندنەوە دوور کەوتووەتەوە، پێیان وایە سەیرکردنی کوورتە گرتەیەک یان فیلمێک باشترە وەک لە خوێندنەوەی پەڕتووکێک و کاتێکی زۆرتریان بۆ دەگەڕێتەوە. زۆربەی کەس وا بیردەکەنەوە کە پەڕتووک خوێندنەوە بەتەنیا چێژ وەرگرتنە لە پەڕتووکەکەو هیچی تر، بەڵام جگە لەوەی پەڕتووک خوێندنەوە هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشێت لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک سوودی سەرسوڕهێنەری هەیە. سوودە گرنگەکانی پەڕتووک خوێندنەوە ئەمانە دەگرێتەوە:
$خوێندنەوە خۆراکە بۆ مێشک$
ئەمە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پەڕتووک خوێندنەوە، هەروەک چۆن خواردن دەخۆیت تاوەکوو وزە بۆ لەشت دابین بکەین و بە تەندرووستی بیهێڵیتەوە، بەهەمان شێوە دەبێت خۆراک بۆ مێشک دابین بکەیت. یەکێک لە ڕێگە ئاسانەکان بریتییە لە دەستنیشانکردنی پەڕتووکێک و خوێندنەوەی. خوێندنەوە وەک وەرزشکردن وایە، تا زیاتر بخوێنیتەوە مێشک بەهێزتر دەبێت. لە ساڵی 2013 دا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی کاریگەریی خوێندنەوە لەسەر مێشک بخەنەڕوو، ئەو کەسانەی بەشداریان کردووە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ ڕۆمانی (Pompeii) خوێندۆتەوە، دواتر لە ڕێگەی پشکنینی مێشکەوە، لەسەر ناوەرۆکی مێشکی ئەم کەسانە ورد بوونەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە چالاکی مێشکییان زیادی کردووە و بەتایبەتی ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسیارە لە جووڵە و هەستکردن. خوێندنەوە چالاکی مێشک زیاد دەکات و بیرەوەری بەهێز دەکات، لە کاتی خوێندنەوەدا بەشێکی مێشک واتای وشەکان ڕوون دەکاتەوە لە کاتێکدا بەشەکەی تر وشەکان دەناسێتەوە.
$سەرنج زیاد دەکات$
سەرنجدان واتە توانای ئەوەت هەبێت کە بەتەنیا بیر لە شتێکی دیاریکراو بکەیتەوە لە هەمان کاتدا. لێکۆڵینەوەیەک سەلماندویەتی خوێندنەوە سەرنج زیاد دەکات، چونکە ئەو بەشەی مێشک چالاک دەکات کە بەرپرسیارە لە سەرنجدان. خوێندنەوەی پەڕتووک هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی 30 خولەک کاریگەرییەکی باش لەسەر مێشک جێدەهێڵێت، بەم شێوەیە سەرنجی کەسەکە باشتر دەبێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بیرەوەری.
$بەهێزکردن یان باشترکردنی بیرەوەری$
لەوانەیە ڕۆژانە دووچاری لەبیرکردنی شتەکان ببیتەوە بۆ نموونە ئەچیت بۆ بازاڕ و لەبیری دەکەیت کە چیت پێویستە، یان بە قوورسی ناوی کەسێکت بیر دەکەوێتەوە کە هەفتەیەک لەمەوپێش بینیووتە و زۆر شتی تر. یەکێکی تر لە سوودەکانی خوێندنەوە بریتییە لە بەهێزکردن و بەرەوپێش چوون و باشترکردنی بیرەوەری. لەکاتی خوێندنەوەی پەڕتووک کۆمەڵێک زانیاری جۆراوجۆر بەرچاو دەکەوێت کە پێویستە لە بیرت بن بۆ ئەوەی لە تەواوی پەڕتووکەکە تێبگەیت وەک ناوی شوێن و کەسە جیاوازەکانی ناو پەڕتووکەکە، ئەمەش وا دەکات مێشک و بیرەوەریت بەهێزتر بن، چونکە ئەمە وەک ڕاهێنانێک وایە کە بە مێشکی دەکەیت.
$کەمکردنەوەی فشار$
یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی خوێندنەوە بریتییە لە کەمکردنەوەی فشار. لە ساڵی 2009 لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەک کرا لەسەر کاریگەریی یۆگا و خوێندنەوەی پەڕتووک بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی فشار. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت کە 30 خولەک لە خوێندنەوە بووەتە هۆی نزمبوونەوەی پەستان و کەمبوونەوەی لێدانی دڵ و فشار، لەبەرئەوە هەوڵبدە لە کاتی هەبوونی فشاردا پەڕتووک بخوێنیتەوە.
$فێربوونی زانیاری$
یەکێک لە سوودە ئاشکرا و ڕوونەکانی خوێندنەوە بریتییە لە فێربوونی زانیاری. جیاواز لەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت، پەڕتووک زانیاری ورد و گرنگ بۆ خوێنەر دابین دەکات. کەواتە ئەگەر بتەوێ لە ڕووی زانست و زانیارییەوە بەرەوپێش بچیت و بەردەوام لە فێربووندا بیت کامیان سوودی زۆرتر دەبێت بۆت، پەڕتووکێک کە لەلایەن کەسێکی شارەزا و بەتواناوە نووسراوە کە بۆ ماوەی چەنەها ساڵ پێوەی ماندوو بووە یان گرتەیەکی 10 خولەکی.
$خوێندنەوە وا دەکات ئاسانتر خەوت لێ بکەوێت$
خوێندنەوەی پەڕتووک لە جیاتی بەکارهێنانی مۆبایل یان هەر شتێکی تر پێش خەوتن وا دەکات زوو خەوت لێ بکەوێت، هەروەها خەوێکی ئارام بکەیت. [1]