شەڕی شوعیب و بەشداری #شێخ مەحمود#
شاهۆ عوسمان سەید قادر
ئەم شەڕە یەکلاکەرەوە بوو لەناوچەکە، لەنێوان بەریتانییەکان و دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لەناو خەلافەتی ئیسلامیدا لە ساڵی 1908وە (ئیتحاد و تەرەقی) دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستەوە بووە. ئەم کۆمەڵەیە لەبنەمادا دژی هەستی نەتەوایەتی و ئایینیی بوون، بەڵام لەم بارودۆخە کەوتنە بەر دەست و پێی کەسایەتییە ئایینییەکانی وەکوو زانایانی ئایینی و مەلا و شێخەکان. واتە لەسەروبەندی جەنگی جیهانی بایانداوەتەوە بەلای ئیسلامدا و بانگەشەی جیهاد و غەزاو شەڕی کافریان کردووە و پێگەی خەلیفەی ئیسلامیان زیندوککردۆتەوە و بەکاریانهێناوە. لێرەوە سوودیان لەپەیوەندی پیاوانی ئایینی و عەشایەری ناو سنووری دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی وەرگرتووە بەتایبەتی لە ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرە، کە ویلایەتی موسڵ لە ئەمڕۆدا هەر حەوت پاریزگای ئێراق (موسڵ، #دهۆک#، #سلێمانی#، #کەرکووک#، #هەولێر#، دیالە، #هەڵەبجە#) دەگرێتەوە، هەروەها لە ویلایەتی بەغداو شارەکانی (کەربەلا و نەجەف) سوودیان لەکۆکردنەوە و ڕاپێچکردنی خەڵکی ناوچەکە کردووە بۆ مەیدانی شەڕ.
سەرەڕای دەسەڵاتداری و حکومداری ئەو کاریگەریی و جوڵاندنی هەست و سۆزە ئایینییە، وایکردووە لەویلایەتی موسڵ و بەغداەوە هەزاران کەس بەچەک و جبەخانەی خۆیانەوە ڕێگەی جیهاد بگرنەبەر، بەرەو خوارووی ئێراق بجوڵێن دژی سووپای بەڕیتانیا، چونکە لەلایەن خەلیفەی ئیسلامەوە بانگەشەی جیهاد کراوە دژی بەڕیتانیای داگیرکەری کافر. زانایانی ئایینی شاری نەجەف لەسەرەتاوە ڕۆڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی خەڵکیانداوە بۆ بەشداری لەجیهاد، چەندین سەرچاوەی جیاوازی عەرەبی باسی ژمارەی بەشداربووانی (شەڕی شوعیب) دەکەن وەکوو ئەوەی لە 10000 کەس یاخود بە 11000 کەس تاوەکو 18000 یان 20000 کەسیان داناوە و سەرچاوی تر بە 50000 کەسیان داناوە. لەو ڕێگەیەوە دەوڵەتی عوسمانی تەنیا لە ساڵی 1915 دوانزە هەزار چەکداریان کۆکردووەتەوە لەدەورووبەری شاری ناسریە. وەکوو ئەوەی نووسەر (عەبدولرەزاق ئەلحەسەنی) لەپەڕتووکی (العراق فی دوری الاحتلال و الانتداب، الجزء الاول) ئاماژەی کردووە بەژمارەی چەکدارە کوردەکانی بە 1500 کەس داناوە، بەڵام سەرچاوەی تر وەکوو دکتۆر (کەمال مەزهەر) ئاماژەی بۆ کردووە لەپەڕتووکی (چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد، هەولێر، 2001) . بەشداری کوردی بە 3000 سێ هەزار کەس داناوە. لەگەڵ ئەوەی (میس بیل) ژمارەی چەکداری عەرەبی شەرقی فوراتی بە 9000 کەس داناوە و بەشداری کوردی بە 1000 کەس داناوە.
لە ڕوانگەی ڕووداوێکی گرنگی مێژووییەوە ڕەنگە ژمارەی چەکدارە کوردەکان گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵکوو گرنگ لەهاو هەڵوێستی ئەو سەردەمەیە لەناو پێکهاتەی ئەم وڵاتەدا، چونکە عەرەب و تورکمان و کورد هەموو بەشدار بوون پێکەوە. واتە یەک بۆچوون و بیروڕایان هەبووە لەسەر ئاستی ئێراق و دەوڵەتی عوسمانی و ناوچەکە. لەناو عەرەبدا بەرزکردنەوەی دروشمی (ثلثین الجنە لهادینا ثلثها لکاک احمد و اولادە) واتە دوو بەشی بەهەشت دوو لەسەر سێی بۆ هادی خۆمان و بەشێکیشی یەک لەسەر سێی بۆ کاک ئەحمەد و نەوەکانی. ئەوانە هوتاف و هۆسەی عەرەبەکان بووە بۆ شێخ مەحموود و لەشکرەکەی، وەک دەڵێن لەشکری کورد بەهەر شارێکی عەرەبنیشندا تێپەڕیووە خەڵکی ئەو شار و ناوچانە بەهوتاف وهەلهەلە لێدان پێشوازیان لێکردوون، ئەو پەڕی ڕێزیان لێگرتوون و شوێنی پێویست و خواردنیان بۆ ئامادە کردوون.
شەڕی شوعیب بۆ هەردوو لای شەڕکەر (بەڕیتانیا و عوسمانیەکان) گرنگ بووە، ئەم شوێنە کەوتۆتە باکووری ڕۆژاوای شاری بەسرە، ئەو سەردەمە هەموو ڕێگەکانی بەسرە و ناوچەکانی تری ئێراقی پێکەوە بەستۆتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئینگلیزکان شوعەیبەیان کردۆتە گەورەترین سەربازەگەی ناوچەکە لەوڵاتانی عەرەبی. بۆ ئەو مەبەستە سەر لەشکری عوسمانی تێکشکاندنی ئینگلیزی لەم شوێنە بەجەنگێکی یەکلاکەرەوە داناوە. لەرۆژی 12ی نیسانی ساڵی1915 لەسێ لاوە جەنگ هەڵگیرساوە، لەشکری عوسمانی هێرشی کردۆتە سەر سەربازگەی ئینگلیزەکان لە شوعەیب، بەڵام بەهۆکاری چەکی پێشکەتووتری ئینگلیزەکان وەکوو تۆپ و مەتەرێز، لەو سەردەمەدا سووپای عوسمانیەکان ئەو جۆرە چەکەیان نەبووە، عوسمانیەکان نەیانتوانیوە سەربازگەکە بگرن و نزیک ببنەوە، پاش دوو ڕۆژ لەشەڕکردن هێزەکانی عەشایری و نیزامی عوسمانیەکان شکاون و هێزی سوارەی عەشایرەکان بەهۆکاری نەبوونی ئالیک بۆ ئەسپەکانیان ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
لەبەرەبەیانی 14ی نیسان سووپای ئینگلیزی هێزی بەرپەرچدانەوە و هێرشی کردۆتە سەر سووپای عوسمانی، پاش سێ ڕۆژ لەشەڕ عوسمانیەکان شکاون، پاشە کشەیان کردووە بۆ ناوچەی (بورجیه) کە ئەم شوێنە کەوتۆتە ڕۆژاوای شوعەیبەوە. سەر لەشکری سووپای ئەو هێزانەی دەوڵەتی عوسمانی (سلێمان عەسکەری) بریندار ئەبێت، لەداخی ئەو شکستەی بەسەریدا هاتووە لەو شوێنەدا خۆی دەکوژێ. تاکو ئێستا، هیچ سەرچاوەیەک ئاماژەی بەژمارەی قوربانیانی کورد و عەرەب و سووپای عوسمانی لەو شەڕەدا نەکردووە، لەگەڵ ئەوەی زیانی ئینگلیزەکان زانراوە، لەبەر ئەوەی بەریتانیەکان تۆماریان کردووە کە 1250 کوژراو و برینداریان هەبووە. لەو ژمارەیەی ئەوانەوە دەر ئەکەوێت کوژراو و برینداری سووپای عوسمانی لەوەندە زۆر زیاتر بێت. چونکە ئەمان یەکەمجار هێرشیان کردووە و ئەوان لەسەنگەر دابوون و چەکی بکوژ و پێشکەوتووتر یان بەکارهێناوە، ئەوەی زانراوە لەو شەڕەدا کەسی ناوداری کوردی وەکوو موتەسەرەفی (متفکی سلێمانی ڕەشید) پاشا کە خۆی خەڵکی سلێمانی بووە کوژراوە. چەند کەسێکی تر کە لەگەڵ (شێخ مەحمود) بوون لەخەڵکی #گەرمیان# و کەرکووک بریندار و شەهید بوون وەکوو (شێخ ستار و شێخ لەتیفی گوندی کانی قادری بناری گل) . هەروەها شێخ مەحموود و سەید ئەحمەدی خانەقا (کەرکووک) برینداربوون.
وا دەرئەکەوێت کاتێک شێخ مەحموود زانیوویەتی عوسمانیەکان شکاون و توانای شەڕیان نییە، بۆ پاراستنی گیانی هاوسەنگەران و لەشکرەکەی شێخ مەحموود بەخۆی و هێزەکەیەوە پاشەکشەی کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. لەخوارووی ئێراق نەماونەتەوە ئەوە نیشانەی دلسۆزی بووە بۆ خەڵکەکەی و تێگەشتنی بووە لە بارودۆخەکە و بینینی هێزی بەڕیتانیا لەشەڕدا، ڕەنگە ئەوە هۆکاری ئەوە بووبێت کە یەکەمجار لەگەڵ ئینگلیزەکان ڕێکەوتنی کردبێت و ڕێگەی دان بێنە ناو سلێمانی بە بێ شەڕ. پاشان کوردەکان لەو شەڕە گەڕاونەتەوە، دەبینین پاش چەندین ساڵ ئینگلیزکان هێرشیان کردۆتە سەر بەغدا و گرتوویانە، لەرۆژی11 ئازاری1917 جەنەرال مۆد توانی بەغدا بگرێت بەبێ شەڕ، پاش ڕوودانی شەڕێکی خوێناوی لەناوچەی (ئوم تبوڵ) عوسمانیەکان شکان و کشاونەتەوە بەرەو کەرکووک و موسڵ، لە بەغدا پێش گەشتنی سووپای ئینگلیز تاڵانی و ڕاوڕووتێکی زۆرکراوە. چەندین دووکان و بازاڕ و خانوو تاڵان کراوە و سووتێنراوە، وەکوو دەڵێن زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خەڵکی بەغدا کەوتووە، کە لەو سەردەمەدا بە 2 ملیون فرانک مەزەندە کراوە، لەبەر ئەوەی سووپای عوسمانی ڕۆشتون ئەوەی توانیویان بردویان لەگەڵ خۆیان. هەروەها زیندانی بەغدایان کردۆتەوە و هەرچی دز و پیاو خراپ بوو ئازادیانکردون، ئەم کەسانە ڕۆڵی خراپیان بینیووە لەو بارەدۆخەدا، چونکە بۆ ماوەی شەوێک تابەیانی حکومەت نەبووە بەیانی سووپای بەریتانی گەشتونەتە ناوشار.
کاتێک جەنەرال (مود) گەشتۆتە بەغدا، وتویەتی (ئێمە ڕزگارکەرین، نەک داگیرکەر) دەرکەوت ئەم وتەیە بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی خەڵکی بووە، لە سەرەتادا خەڵکی بەغدا پێشوازییان لێکردووە، وەکوو ڕێزلێنان بۆ ئەو جەنەرالە ئەو پردەی بەسەر دیجلەدا پیایدا پەڕیەوە و هاتە ناو بەغدا ناویان نا پردی مۆد. پاشان بەریتانییەکان جێگیر بوون بیروڕا و سیاسەتیان دەرکەوت، وەک ئەوەی بەهیوای ئەوەبوون (سێر پێرسی سایکس) بکەنە مەلیکی ئێراق، یاخود ئێراق ببەستەنەوە بەهندستانەوە، پاشان سووپای عوسمانی لە تکریت و نزیک کەرکووک شەڕێکی تریان کردووە. کە لەم شەڕانەدا شێخ مەحموود بەشداری نەکردووە.
ئەو بەشداریەی (شێخ مەحموود) وەکوو ئەوەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئایینی تاکو ئێستا دەنگی داوەتەوە بۆتە هەوێنی ناسینی کورد وەکوو کەسی ئازاو گیانفیدا و وڵاتپارێز و موسڵمان، ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی عەرەبەکان (شێخ مەحموود) بناسن وەک جەنگاوەرێکی ئازا و مووسڵمان و داکۆکیکاری نیشتمان، دەبینین لەدوای ئەو ڕووداوە پەیوەندی نێوانیان بەردەوام بووە. وەک هاو هەڵوێستیان لەدژی ئینگلیزەکان. لەدوای ئەو شەڕەوە دەسەڵاتی عوسمانیەکان لە سلێمانیدا هەر بەناو هەبووە “ (شێخ مەحموود) دەسەڵاتێکی بەرچاوی هەبووە لە سلێمانی. هەروەک ئەوەی تابوری سەربازی عوسمانلی لەشارەکەدا هەبووە و خراوەتە ژێر فەرمانی شێخ مەحموود بەفەڕمی لەلایەن عوسمانیەکان. ئەوە بۆ خۆی مانای دەسەڵات و پێگەی بووە لەو سەردەمەدا کە بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی بەشداری لە شەڕی شوعیب. لەبەر ئەوەی پێشتر شێخ مەحموود ئەو پێگەو دەسەڵاتەی نەبووە، بگرە لە دوورە پەرێزیدا بووە. لەساڵانی دوای شەڕی شوعیب والی دەوڵەتی عوسمانی لەموسڵ (خەلیل پاشا) هاتووە بۆ سلێمانی و سەردانی (شێخ مەحمود) ی کردووە و گفتۆگۆیەکی چەند کاتژمێری چۆتە نێوانیان، ئەڵێن بەڵێنی ئەوەی بە (شێخ مەحموود) داوە کەجەنگ تەواو بێت خودموختاری ئەدەن بە کورد بە و مەرجەی شێخ مەحموود هاوکاریان بکات و بەشداری شەڕ بێت لەگەڵیان دژی ئینگلیز. بەو شێوەیە شێخ مەحموود بەشداری شەڕی شوعەیبی کردووە لەخوارووی ئێراق دژی هاتنی ئینگلیزەکان، لە کوردستان دژی ڕووسیا جەنگاوە لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عوسمانلی وەک دەڵێن؛ سەفەر بەلکی ڕاگەیاندبوو لەوساڵانەدا.
لەبەر ئەوەی فەرمانی سەفر بەلکی خەلیفەی عوسمانلی ئەم شارەی گرتۆتەوە لەم ناوچەیە جێبەجێکراوە و سلێمانی بەشێک بووە لەدەوڵەتی عوسمانی. هەروەها لەو سەردەمەدا شەڕی دژی ڕووسەکانی بۆ داکۆکی خاکی کوردستان و پاراستنی هاووڵاتیانی کردووە. گەر بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمە بەشداری شیخ مەحموود لەشەڕی شوعیب ئەوا بۆمان دەر ئەکەوێ لەژێر چەندین کاریگەریدا بووە بەهێزترینیان پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە، پاشان پابەندبوونی بووە وەکوو هاووڵاتیەکی ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانی بە بڕیاری سەفەربەلک، ڕەنگە بەشدار نەبوایە بە ترسنۆک و خاکفرۆش و هەڵگەڕاوە سەیری بکرایە. لەناو کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە پێگەی زۆر لاواز ئەبوو.
چونکە لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری ئەوسا و ئێستاش بەشداری و ئازایەتی لەجەنگدا نیشانە و هێمای پیاوەتی و قارەمانێتیە. لێرەوە (شێخ مەحموود) وەکوو سەرکردە و سەرۆک لەسەر ئاستی ئیداری و سیاسەت دەرکەوتووە. وەکوو سووپای عوسمانی لەو شەڕەدا شکستەبوون، بۆچونی بەندە ئەوەیە شێخ مەحموود دەسکەوتی هەبووە لەبەشداری لەو شەڕەدا، وەکوو ئەوەی بە شاسواری کورد و کوردستان دەرکەوت لەسەر ئاستی دەوڵەتی عوسمانی و بەتایبەتی لەویلایەتی موسڵ و بەغدا، لەناو عەرەبی میزۆپۆتامیا و خەڵکی ناوچەکە توانی پەیوەندی پتەو درووستبکات لەنێوان عەرەب و کورد بۆ خۆیی و سەردەمێک لەدوای خۆی عەرەبەکان ڕێزیان لەکەسایەتی کورد گرتووە.
لەو شەڕەوە؛ توانای سەربازی بەریتانیەکانی بۆ دەرکەتووە و بۆتە هۆی ناسین و بینینی ڕاستەوخۆی مەیدانی شەڕەکە، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئەو کاتەو چەندین ساڵ دوای ڕوودانی شەڕی شوعەیب سووپای بەڕیتانیا نەگەشتۆتە سنووری کوردستان، ڕەنگە ئەمە پاڵنەری ئەوە بووە کە نامە بنێرێ بۆ بەریتانیەکان و داوای ڕێککەوتنی لەگەڵدا کردوون کاتێک گەشتونەتە سنووری کوردستان. لەیەکەم هەنگاودا خۆی لە شەڕی ئینگلیزکان پارستووە. ڕێگەی وتووێژ و سیاسەتی گرتۆتە بەر. لەهەمانکاتا پشتی کردۆتە دەوڵەتی عوسمانی لە کاتێکدا لەلای عوسمانیەکان تاکە کەس بووە پلەو پێگەی هەبووە لەناوچەکە. پێگەی کوردستان و سلێمانی تاوەکو کاتی ئەو شەڕە و ساڵانی دواتر لەبەریتانیەکانەوە دوور بوون و بگرە سوپای بەریتانی نەزانراو نەناسراو بوون بۆ خەڵکی، دەوڵەتی بەڕیتانیا لە ڕوانگەی دەوڵەتی کوفر و داگیرکەرەوە سەیرکراوە. بوونی دەوڵەتی عوسمانی بەشێکی ژیانی خەڵکی ئەو سەردەمە بووە و دەوڵەت و دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە.
وەک دەرئەکەوێ لەلایەنی دەروونەیەوە ئەو بەشداریەی ئەوە دەرئەخات کە (شێخ مەحموود) کەسێکی دڵ ڕەق و داخ لەدڵ نەبووە، ڕق و کینەی لەدڵدا وەلاناوە بۆ بەرژەوەندی نیشتمان و میللەتەکەی کاری کردووە، ئەگەر نا وەکوو سەرۆک خێل و عەشایری بیری بکردایەتەوە، ئەبوایە لە تۆڵەی ڕووداوەکەی موسڵ نەچوایە بۆ ئەو شەڕە و ڕاستەوخۆ خۆی پەنابدایە و دوورکەوتایاتەوە، کە پێشتر چەند ساڵێک دوورە پەرێز بووە لە دەوڵەتی عوسمانی بەڵام وادیارە لەو بەڵێن و ڕێکەوتنانەی ڕوویداوە لەدوای ئەو کارەساتەوە بۆتە مایەی گۆرانکاری لەحکومداری ناوچەکە و پێکەوەنانی هێزی میللی بە هاوکاری عوسمانیەکان لەلایەن شێخ مەحمودەوە ئەوەی بەدی ئەکرێ ڕێژەی بەشداری کورد لەگەڵ شێخ مەحموود کە ئاماژەی بۆ کراوە بە هەزار یان دوو سێ هەزار کەس.
لەگەڵ ڕێزمدا بۆ بیروبۆچونی بەڕێزانی تر کە بەشداریان بەهەڵە زانیووە، بەڵام بە تێڕاوانینی بەندە بەشداری لەشەڕی شوعیب باشتربووە و دەسکەوتی نەتەوەسازی و نیشتمانی لە بوونیاتنانی حکومداری بۆ ئەو سەردەمە هێناوەتە ئاراوە، بەڵام لەبەشداری نەکردنی هیچ دەسکەوتێکی نەدەبوو هەرچەندە ڕووداوەکە تێپەڕیووە. [1]