ناو: ئەبولقاسم
نازناو: ئەبولقاسمی لاهووتی کرماشانی
ساڵی لەدایکبوون: 1886
ساڵی کۆچی دوایی: 1956
شوێنی لەدایکبوون: #کرماشان#
شوێنی کۆچی دوایی: کرماشان
$ژیاننامە$
ئەبولقاسم لاهووتی کرماشانی (1264 - 1336) سیمایەکی ناسراوی ئەدەبی، ڕۆشنبیری و سیاسیی دەورەی مەشرووتەی ئێران بووە و دواتر بۆتە ئەندامی حیزبی توودە و چۆتە ناو هێزی سەربازییەوە پلەی سەرگوردی پێدراوە. لە سەردەمی ڕەزا شادا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسیەوە حوکمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام توانیویە ڕابکات و پەنا بەرێتە بەر یەکیەتیی سۆڤیەت. بۆ ماوەیەک پۆستی وەزیری فەرهەنگ و هونەری تاجیکستانی سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەت بووە و لەو ناوچەیە ڕەوتی شانۆی ئۆپێرای بنیات ناوە و لەناو کانوونی نووسەرانی شۆرەویدا جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبووە و بۆ ماوەیەک لەناو لیژنەی بەڕێوبەریی نووسەرانی شۆرەویدا جێگری ماکسیم گورگی نووسەری گەورەی ڕووس بووە.
هەرچەند هێندێ بەڵگە لەبەر دەست دان کە لاهووتی تەنیا شیعری فارسی نووسیبێت، بەڵام نووسەر و لێکۆڵەری گەورەی کورد محەمەد عەلی سوڵتانی لە بەرگی سێیەمی پەڕتووکی حەدیقەی سوڵتانیدا نووسیویە: لاهووتی لە سەرەدەمی مێرمنداڵیدا شیعری هەجو و تەنزی کوردی بۆ هاوگەڕەکەکانی لە کاتی شەڕە گەڕەکدا خوێندووە. دواتر لاسایی شیعری ئایینی حەیرانعەلیشانی کردۆتەوە، پاشان لە قۆناغی لاویەتیدا سەردانی سلێمانی، کەرکووک و #ئەستەمبۆڵ#ی کردووە و لەوێ ژیاوە و هات و چۆی لای شێخی بەردەقارەمانی کردووە کە ئەودەم لە بەندی بریتانیاییەکاندا دیل کرابوو، چۆن دەکرێت و دەگونجێت بە کوردی شیعری نەنووسیبێ.
هەتا ئێستا بە هەوڵ و تەقەلای توێژەر و دلسۆزانی ئەدەب و مێژووی کورد وەک: #محەمەدی مەلا کەری#م، #حەسەن قازی#، #ئەنوەر سوڵتانی# و محەمەد عەلی سوڵتانی، سێ پارچە شیعری لاهووتی کە بە زمانی کوردی نووسیویەتی، دۆزراونەتەوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕە کوردییەکاندا چاپ کراون.
1 پارچە شیعری یەکەم لە ژمارە 25ی ساڵی پێنجەمی گۆڤاری ژیندا بڵاو کراوەتەوە، واتە هی ئەو بڕگەیەی ژیانی لاهووتییە کە لە ئەستەمبۆڵ ژیاوە کە دەکاتە دەوروبەری ساڵانی 1919 و 1920ی زایینی.
2 پارچە شیعری دووەم مامۆستا مەحەمەد عەلی سوڵتانی ساڵی لە 2000دا بڵاوی کردۆتەوە کە ڕێکەوتی نووسینی بۆ دیاری نەکراوە.
3 پارچە شیعری سێیەم لە ژمارە 23ی گۆڤاری ژین چاپی #28-08-1919#ی ئەستەمبوڵ دا بڵاو کراوەتەوە.
دیارە بەهۆی مێژووی ژیانی سیاسی و فکریی لاهووتی، لە ئەندێشە و نووسین و شیعرەکانیدا خاوەن بیرۆکەیەکی توندوتۆڵی ئێرانگەرێتی و لایەنگری پاراستنی یەکڕیزیی گەلانی ئێران بووە و هەر هەنگاوێکی گەلانی ئێرانی لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی، بە پیلانی ئیمپریالزم زانیوە کە ئەو سەردەمە دروشم بووە و لاهووتی لە هەر دوو ئەو پارچە شیعرەیدا کە لە گۆڤاری ژین بڵاو کراوەتەوە، بانگی کورد دەکات لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران یەک بگرن و فریوی بێگانان نەخۆن. بە وتەی ئەو کە گوایە دەیانەوێ لە بەژنی وڵاتی دایک جیایان بکەنەوە و بیری ناسیۆنالیستیی گەلانی ئێرانی بە هەوڵێکی بچووک دادەنا و هەڵبژاردنی سەردێڕی ئەم شیعرەش هەر لەو بیرۆکەوە سەرچاوە دەگرێ.
لاهووتی هەتا کۆتایی ژیانی نەگەڕایەوە ئێران و هەر ئەو خۆشەویستیەی وای لێکرد کە کاتێک لە ساڵی 1336 لە تەمەنی 72 ساڵی لە مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد بە ڕێز و حورمەتەوە لە گۆڕەستانی نۆڤۆدویچیی مۆسکۆ و لە ڕیزی گەورە نووسەر و سیاسەتمەدارانی یەکیەتیی سۆڤیەت وەک: گوگول، خرۆشچوف، ئانتوان چوخوف، تۆپۆلۆف و... بنێژری.
[1]