ناونیشانی بابەت: مووچڕکە
ئامادەکردن: #ڤینوار زاهیر#
مووچوڕکە یان مووچڕکە (بە ئینگلیزی: Goosebumps، بە عەرەبی: القشعریرة) ، حاڵەتێکە تووشی پێست دەبێت، کە تیایدا مووەکانی جەستە بەرز دەبنەوە. هەموو کەس ڕۆژێک لە ڕۆژان مووچڕکەی پێدا هاتووە بە تایبەتی کاتێک هەست بە سەرما دەکەیت. کاتێک مووچڕکە ڕوودەدات، مووەکانی قۆڵ و قاچ بەڕێکی دەوەستن، واتە بەرز دەبنەوە. کاتێک مووەکە بەرز دەبێتەوە لەگەڵ خۆیدا سەلکە مووش ڕادەکێشێت. ماسوولکەیەک بە ناوی ڕەپکەری موو (Arrector pili) لە سەلکە موودا هەیە، هەڵدەستێت بە ڕاکێشانی مووەکە و بەرزی دەکاتەوە، واتە ئەم ماسوولکەیە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە بەرپرسە.
$چۆن مووچڕکە درووست دەبێت؟$
لەوانەیە سەرنجی ئەوەت دابێت، مووچڕکە بە زۆری لە کاتی هەستکردن بە سەرما درووست دەبێت، هەروەها لەو کاتانەی هەستێکی بەهێزت بۆ درووست دەبێت وەک هەستکردن بە ترس، خەم، دڵخۆشی و لە کاتی وروژاندنی سێکسیدا. هەروەها دەکرێت مووچڕکە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکاندا ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر چالاکییەکی بچووکیش بێت، بۆ نموونە لە کاتی پیساییکردن لەبەرئەوەی لەم حاڵەتەدا کۆئەندامی دەمار چالاک دەبێت. هەندێک جار دەکرێت مووچڕکە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک و هەڕەمەکییانە ڕووبدات. یەکێک لە زانیارییە سەرسوڕهێنەرەکان ئەوەیە بێجگە لەوەی مرۆڤ دەتوانێت تووشی مووچڕکە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت هەندێک لە ئاژەڵەکانی وەک سەگ و ژیشک دووچاری هەمان حاڵەت ببنەوە، واتە دەکرێت لە ئاژەڵەکانیشدا ڕووبدات.
$هۆکارەکانی مووچڕکە چین؟$
مووچڕکە یارمەتیی گەرمبوونی لەش دەدات. کاتێک هەست بە سەرما دەکەیت، جووڵەی ئەو ماسولکانەی دەبنە هۆی مووچڕکەکە جەستە گەرم دەکەنەوە و وا دەکەن هەست بە گەرمیی بکەیت. بەڵام هۆکاری مووچڕکە لە ئاژەڵاندا بۆ مەبەستێکی جیاوازە. لە ئاژەڵاندا بە هەمان شێوە مووەکە بەرز دەبێتەوە، بەم شێوەیە هەوا ڕادەکێشێتە ناوەوە بۆ ئەوەی بەرگێکی پارێزەر درووست بکات. ئەم پڕۆسەیە لە لەشی مرۆڤدا نییە لەبەرئەوەی مووی مرۆڤ بە بەراورد بە مووی ئاژەڵ زۆر کەمترە. دوای ئەوەی لەشت گەرم دەبێت، وردەوردە مووچڕکەکە نامێنێت و ئەو ماسوولکەیەی لەم ئەرکە بەرپرسبووە خاو دەبێتەوە و لە ئەنجامدا مووەکان دەگەڕێنەوە شێوە ئاساییەکەی خۆیان.
$مووچڕکە بەهۆی هەستەوە ڕوودەدات$
کاتێک دووچاری هەستێکی بەهێز دەبیتەوە، لەشی مرۆڤ بە چەند ڕێگایەکی جیاواز وەڵامی دەبێت. دوو باوترین کاردانەوە یان وەڵام لەلایەن لەشی مرۆڤەوە بریتییە لە زیادبوونی چالاکی ئەو ماسولکانەی دەکەونە ژێر پێستەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قووڵی و قوورسی هەناسەدان زیاد دەکات. ئەم دوو گۆڕانکارییە ڕوودەدات، تاکوو وا لە لەش بکەن ماسوولکەکانی ژێر پێست چالاک بکات و مووچڕکە درووست بێت. لەم کاتانەدا لەوانەیە هەست بە ئارەقکردنەوە و زیادبوونی لێدانی دڵ بکەیت. درووستبوونی ئەم هەستە بەهێزانە پەیوەندییان هەیە بەوەی بیر لە چی دەکەیتەوە، هەروەها ئەو شتانەی گوێت لێ دەبێت، دەیبینیت، بۆن و تامی دەکەیت، یان دەستی لێ دەدەیت. لێکۆڵینەوەیەک باسی لەوە کردووە تەماشاکردنی گفتوگۆی هەستبزوێنی ناو فیلمەکانیش دەبێتە هۆی درووستبوونی مووچڕکە. [1]