دوای سەردانی شاندێکی پەڕڵەمان بۆ وڵاتی بەڕیتانیا و دواتر بڵاوبوونەوەی چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆی ئەو شاندە کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت کە یەکێک لەو پەڕڵەمانتارانە لە بەڕیتانیا گۆرانی دەڵێت و بەشداری گەعدەیەکی کردووە، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایش لە پەڕڵەمانی کوردستان باس لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕڵەمان دەکات کە دەبێت پەڕڵەمانتار چ کارێک بکات و چی نەکات.
#عەباس فەتاح#، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەڕڵەمانی کوردستان ڕایگەیاند: بەگوێرەی ئەو پەویڕەوەی بۆ پەڕڵەمان و کاری پەڕڵەمانتاری دانراوە، کەسێک کە بوو بە پەڕڵەمانتار نابێت دوو جۆر ئیش بکات و پێگەکەی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی و ماددی خۆی بەکاربهێنێت، هەروەها نابێت لە ڕووی ئیدارییەوە پۆستی دیکە وەربگرێت و نابێت کاری کۆمپانیا و بزنز بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیڕەوەی ناوخۆ ڕێگە پێدراوە پەڕڵەمانتار کاری حزبی و ڕێکخراوەیی بکات، بەڵام کارێک نەکات لە ڕووی بازرگانی و کۆمپانیاوە بۆ بەدەستهێنانی داهات، بەڵام هیچ بڕگەیەک نەنووسراوە ڕێگە لە ئازادییە کەسییەکانی پەڕڵەمانتار بگرێت ئەنجامیان بدات.
وتەکانی جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەڕڵەمانی کوردستان لە کاتێکدایە کە دوای سەردانی شاندێکی پەڕڵەمان بۆ بەڕیتانیا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت کە یەکێک لەو پەڕڵەمانتارانە لە بەڕیتانیا گۆرانی دەڵێت و بەشداری گەعدەیەکی کردووە. [1]