مێژووی کاتژمێرەکەی بەردەرکی سەرای شاری #سلێمانی#
کاروان کەمال حەسەن
شوێنی ئەو کاتژمێرە لە 1890 هەبووه. لە ساڵی 1930 بۆ 1940 کان بووە بە بەرید و ئەو کاتژمێرەی پیا هەڵواسراوە، لە 1940 بۆ 1945 بووەتە بەڕێوەبەرایەتی پۆستە و گەیاندنی سلێمانی. ئەو کاتژمێرە ئینگلیزەکان دایان ناوە لە سەردەمی #میجەرسۆن# قەبارەی ئەم کاتژمێرە 120سم بووە ماوەتەوە لە سالی 1977 بۆ 1978 لابراوه.
بە پێی زانیارییەکان لە ساڵانی شەستەکان و هەتا ناوەڕاستی حەفتاکان هەرچی بۆیاخچی هەبووە لە دەوری ئەم کاتژمێرە دادەنیشتن.
لە ساڵی 1948 دەستکرا بە درووستکردنی سینەما ڕەشید و لە ساڵی 1950 تەواو بوو، سینەماکە لەدەرەوە بە سێ لایدا دووکان بوو، لای چوارەمی بەریدەکە بوو کە کاتژمێرەکەی پێدا هەڵواسرابوو.
لەنێوان دەرگای سەرەکی سینەمای ڕەشید و بەریدەکە مەدخەلێک هەبوو بۆ (دائیرەی خطوط)، ئەو فەرمانگەی کە تەلەفۆنی لێوە دەکرا بۆ شارەکانی تر، چونکە ئەوسا تەلەفون ئۆتۆماتیک نەبوو هەتا ساڵی 1974 کە بۆ یەکەم جار کۆمپانیایەکی سوویدی تەلەفۆنی ئۆتۆماتیکی لە سلێمانی دامەزراند. لە و مەدخەلەدا مام عەلی چایچی وەجاخی دانابوو چای دەفرۆشت و دەیبرد بۆ دوکانەکانی دەوروبەر.
$دوکانەکانی چواردەوری سینەماکە ئەمانە بوون$
یەکەم دووکانی سەید هادی، دوو کوڕی (هۆشیار و بەختیاری کوڕی) یارمەتیی باوکیان دەدا لە دووکانەکەدا، ئەم دووکانە ساردی و نوقڵ و نەستەلە و ساردی و شتی لەم بابەتەی دەفرۆشت، بەڵام بە پوول فرۆش ناسرابوو (مەبەست لە پوولی بەریدە کە بەکار دەهێنرا بۆ نامە ناردن لە ڕێگای پۆستەوە) .
چایخانەی (ساڵحی وەستا بستە) ئەم چایخانەیە دوو (تووتی) سەوزی زۆر جوانی هەبوو هەڵی واسیبوون لە دوو قەفەزی جیاجیا، پاش حاجی (ساڵحی وەستا بسته) لە ساڵەکانی حەفتاکاندا بوو بە چایخانەی عەبدوڵڵای عەلی ئەکبەر.
دوکانی برایمی سەندەویچ، خواردنەکانی زۆر بە تام بوون و زۆر پاک و تەمیزیش بوو.
دوکانی سەلامی دەلاک کە لە ساڵانی شەستەکاندا شەهید کرا.
دوکانی ئەحمەدی تووتنچی هەبوو، بەرەو مزگەوتی گەورە توتنی ئەفرۆشت کە ئەمە لە 1955 تا 1970یش هەبوو.
چایخانەی مینە شەل لەسەر سوچی جادەی بەینی هەردوو سینەمای ڕەشید و سیروان بەرانبەر چایخانەی حەمەڕەق.
دوکانێکی تری تووتنفرۆش هەبوو کە جگەرەی کوردی و شاوری دەفرۆشت، ناوەکەیم بیر نییە.
دوکانی دەروێش ئەمین بەقاڵ بوو، ماست و پەنیریشی دەفرۆشت.
دوکانی کەریمی لۆقەنتەچی بوو (ووشەی لۆقەنتە لە وشەی لۆکانداوە هاتووە) چێشتخانە بوو، پاشان بوو بە چایخانە و لە ساڵانی هەشتاکان کوڕێک لە گوزەرەکەدا ناسرا بوو بە مەلا خاوەنی بوو.
دوکانی حەمە سوور و مەحمودی برای بوو، دووکانی عەتاری بوو.
کەبابخانەی خەلفە ڕەشید کە پێکەوە لەگەڵ وەستا بەکری هاوەڵ زاوای ئیشیان دەکرد.
دوکانی ماسی سوورکردنەوە بوو، ناوەکەیم بیر نایەت.
سەرتاشخانەی ڕەحیمی پلنگ.
چایخانەی عارف، پاشان بوو بە چایخانەی حەسەن و کەریم.
نەقڵیاتی ڕێزان کە تەکسی ناوخۆ هەبوو، خاوەنەکەی ڕەحمەتی تۆفیق تەیارە بوو.
دەرگای چلی سینەمای ڕەشید.
دوکانی کەریمی مەلا عەلی، ئیشی ئاو و کارەبای دەکرد.
قاڵدرمەی سینەمای ڕەشید بوو کە دەچو بۆ سەربانی سینەماکە، پاشان بو بە مەدخەلی کافیە تارا، لەو قاڵدرمەیەدا محەمەد ناوێک وردە نوقڵ و جگەرە و ساردی و شتی لە و بابەتە دەفرۆشت.
دوکانی کاک عەلی دەدەی تووتنچی بوو، پاشان کەمالی کوڕی چەرەسی تیا دەفرۆشت.
سەرسووچی جادەی مەولەوی و جادەی بەینی هەردوو سینەماکە کاتی خۆی بانک بووە، پاشان بووە بە چایخانە و خاوەنەکەی عارف بوو پاشان ئەم عارفە چووە سەروتر کە لە پێشدا باسمان کرد، پاشان ئەم چایخانەیە تێکدرا و بوو بە پەڕتووکخانەی زێوەر، خاوەنەکە محەمەد مەعرووف بوو، ناسراو بە حەمەی زێوەر.
دوکانی شێخە ساڵح کا، ناسرابوو بە شیخەی نووقل، دوو دوکانی زۆر گەورە بوو.
دوکانی حاجی غەفوری خەیات.
پەڕتووکخانەی گەلاوێژ کە خاوەنەکەی ڕەئوف مەعروف بوو، هەتا ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان ڕۆشنبیرەکان و خوێنەرەکان هەموو عەسرێک لە بەردەم ئەم پەڕتووکخانەیە و پەڕتووکخانەی زێوەر کۆدەبوونەوە و ڕۆژنامە و گۆڤاریان دەکڕی و دەخوێندەوە، ئەوسا خەڵکی زۆر زیاتر لە ئیستە دەیانخوێندەوە و ڕۆشنبیر بوون.
دوکانی شێخ کەمالی خەیات.
دوکانی عوسمانی کەژاڵ، جلوبەرگی پیاوانەی دەفرۆشت.
دوکانی شێخ حسێنی کاتژمێرچی.
دوکانی دیکران و کورکێن کریستیان بوون، کاری کارەبایی و سەلاجەیان دەکرد، پاشان بوو بە چێشتخانە.
دوکانی حاجی عەلی کاتژمێرچی.
دوکانی ئوتوچییەک بوو ناوەکەیم بیر نییە.
ئەو دوو دوکانەی کۆتایی لەسەر موڵکی سینەمای ڕەشید نەبوون، بەڵکوو موڵکی حکومەت بوو سەر بە بەریدەکە بوو.[1]