ناونیشانی بابەت: بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە؛ ئایا ڕەوایە منداڵ لە قوتابخانە دایبی ببەستێت؟
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
ئەمڕۆ نەخۆشێکم لە کلینیک بینی، ھەوکردنێکی زۆری میزڵدانی ھەیە (التهاب المثانة) ، چەندینجاریش چارەسەری وەرگرتووە و بێسوود بووە. بۆیە بەدوای ھۆکارەکەی گەڕام بۆم دەرکەوت کە ئەم منداڵە پۆلی یەکی سەرەتاییەو مامۆستاکان ڕێیان پێنادەن بچنە سەر ئاو (W.C) بۆیە دایکی بە ناچاری دایبی پێ ئەبەستێت، بەڕاستی سەرم سوڕما لەم قوتابخانەیە، ئایا قوتابخانەی تریش ھەیە بەمشێوەیە ھەڵسو کەوت لەگەڵ منداڵ بکەن؟ من بیرم دێ لەسەرەتایی مامۆستا ڕێگای بە خوێندکارێک نەدا بچێتە WC لە پۆلدا میزی بەخۆیداکرد، ھەموو خوێندکارەکانی تر کردیانە ھۆیھا بەسەریا و تا گەیشتە ماڵەوە گاڵتەیان پێکرد، ئێستاش بۆتە ناو پێوەی. ئایا کێ بەرپرسە؟
لەمڕۆژانە بینیم سەرۆک وەزیرانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ھەنگاریا چونە پۆلێکەوەو قوتابیەکە زۆر بەجوانی لە جیاتی مامۆستا وانەکەی ئەوتەوە ، کەی ئەو وەفدە ھاتنە قوتابخانەکانی لای خۆمان منداڵە دایبی لەبەرەکانیان نیشان ئەدەین.
- ھیوادارم پەروەردە ئاگایەکی لە قوتابخانەکان بێت و کەمێک لێپرسینەوە ھەبێ لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی بەمشێوەیە ڕەفتار ئەکەن.
- دایکان و باوکان ئێوەش بێدەنگ مەبن و خۆتان ئیدارەو پەروەردە ئاگاداربکەنەوە.
- مامۆستای بەڕێز ھیچ بیانوویەکت نییە ڕێ لە خوێندکارەکان بگریت بە بیانووی ئەوەی تەلەبەی زۆرزان و لاسارت زۆرە کە ئەچنە w.c ئیتر ناگەڕێنەوە وانەکان (ئەوانە ڕێگای تر ھەیە سزایان بدەی) . [1]