ناونیشانی بابەت: ھۆکارەکانی کەمخوێنی لە منداڵی ساوا
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
1- کەمی مادەی ئاسن و فۆلیک ئەسید. (لێرەدا پشکنین بۆ دایکی منداڵەکە زۆر پێویستە بە تایبەتی کاتێک منداڵەکە تەنھا شیری دایک ئەخوات) .
2- نەخۆشی تالاسیماو کەمخوێنی سیکل (لێرەدا پرسیار لە مێژووی تەندرووستی خێزانەکە ئەکەین ئایا ئەو نەخۆشیانە لە خێزانەکەدا ھەیە؟)
3- درەنگ بڕینی ناوکی منداڵ لە کاتی لە دایکبوون ، ئەمەش وا ئەکات بڕێکی زۆر خوێن لە منداڵەکەوە بروات.
4- نەخۆشییەکانی خوێن و نەخۆشییە بۆماوەیی و دەگمەنەکان.
$نیشانەکانی کەمخوێنی:$
- بێ ڕەنگی منداڵ یاخود ڕەنگزەردی.
- کەمی گەشە و کەمی شیر خواردن.
- بێ تاقەتی ولاوازی.
- زۆرلێدانی دڵ و تەنگەنەفەسی.
دەستنیشانکردنی نەخۆشی کەمخوێنی:
ڕەنگە دایکی منداڵەکە لەو تەمەنە بچووکە تێبینی ئەو نیشانانە نەکات، بۆیە گرنگە کاتێک دەوروبەرت ئاگادارت ئەکەنەوە کە منداڵەکەت ڕەنگی زەردە و لاوازە، یاخود لەکاتی کێشانی منداڵەکەت کە ئەبینیت کێشی زیادی نەکردووە لە دوای لەدایک بوون (منداڵ لە مانگێکدا نیو کیلۆ بۆ کیلۆیەکە زیاد ئەکات) ئەوا بە زووترین کات سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت.
- لێرەدا ڕۆڵی کارمەندانی تەندرووستی زۆر گرنگە لە کاتی کوتان (لقاح) کە ھەرنیشانەیەکی ناتەواویان بینی لەو منداڵە ئامۆژگاری نەخۆشەکەبکەن کە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات. [1]