ناونیشانی بابەت: ھەستیاری لوت
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
لەگەڵ ھاتنی وەرزی سەرما ئیتر بەردەوم گوێمان لە دایکان و باوکان ئەبێت کە ئەڵێن دکتۆرە منداڵەکەم بەردەوم ھەڵامەت و کۆکەکەیەتی و چەند شروبێکی ئلتیھابات تەواوکەم ھیچ سوودی نییە، لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ پێویستە بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە ئەم منداڵە ھەستیاری لوتی ھەیە.
با لێرەدا بە کوورتی باسی بکەین:
$نیشانەکانی:$
- کۆکەو ھەڵامەت و پژمە کە لە ھەفتەیەک زیاتر ئەخایەنێت و ئەو منداڵە بەردەوام لوتى ئەگیرێت یاخود لوتی تەڕەو ھەندێ جار پژمە و بێتاقەتی و سەریەشەو تایەکی کەمیشی لەگەڵ دا ئەبێت.
- زۆرجار گەرووشی لەگەڵی ژان ئەکات و ژێر چاوەکانی کەمێک ڕەش ئەبێت و منداڵەکە بەردەوام لوت و چاوی ئەخورێنێت، یاخود دەمی ئەکاتەوە لە کاتی خەودا و پرخەی زۆرەو خەوی باش نییە ئەمە وائەکات ماندوو دیاربێت و تەنانەت لەقوتابخانەش باش نابێ.
- ئەم نیشانانە لە کاتی تۆز و خۆڵ و بۆنی تیژو دوکەڵی سۆباو جگەرە زیاتر ئەبێت.
- ڕەنگە منداڵە ھەستیاری سنگیشی ھەبێت یاخود نەخۆشی ئەکزیماو ھەستیاری پێست.
- دایک یان باوکیش زۆرجار ھەمان نەخۆشیان ھەیە وەکوو ڕەبۆ، ئەکزیما، ھەستیاری لوت.
$چارەسەر:$
- پێویستە ئەو منداڵە دووربێت لە دوکەڵی سۆباو جگەرەو، دەرنەچێتە دەرەوە لەکاتی تۆزو خۆڵ و خواردنی تیژ نەخوات.
- تەنانەت واباشە ئاژەڵیش لەماڵەوە بەخێو نەکرێت وەکوو پشیلەو سەگ و باڵندە.
- دەرمانی ئیلتیھاب یان شروبی تۆز ھیچ سوودێکی نییە لەکاتی ھەستیاری لوت.
- قەترەی تایبەت بۆ لوتی منداڵەکە بەکاردێت جاری وا ھەیە زیاتر لە دووھەفتە بەکاری ئەھێنین، لەگەڵ شروبی تایبەت بە ھەستیاری - حەساسیە.
و ھەندێ جار بەپێی نیشانەکانی نەخۆشەکە وا پێویست ئەکا دەرمانی زیاتر بەکاربێنین.
- لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ناتوانین بەتەواوی ھەستیاری بنبڕ بکەین بۆیە خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لەھۆکارەکان باشترین چارەسەر. [1]