ناونیشانی بابەت: چۆن لەماڵەوە چارەسەری (تا) ی منداڵەکەت دەکەیت؟
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
سەرەتا پلەی گەرمی لەش لە 36، 5 پلە بۆ 37، 2پلەیە، ھەر کە ھەستت کرد منداڵەکەت گەرمە پێویستە پلەی گەرمی لەشی بپێویت بە گەرمی پێو (تێرمۆمیتەر) ، بەدەست لێدان نابێ جار واھەیە گیانی منداڵەکە گەرمە بەڵام تا نییە.یاخود تایەکی بەرزی لێیەو دەست وقاچی ساردن.
دوای ئەوەی کەدڵنیا بووین تای لێیە پێویستە ئەم ڕێگایانە بگریتەبەر:
1- جلوبەرگی کەم کەیتەوە بۆ ئەوەی پلەی گەرمی دەرەکی کەم بێتەوە و لەڕێی ئەوەوە تایەکەشی کەم ئەبێتەوە. بەڵام ئەوە ئێمە ئەیبینین ھەر کە زانیان تای لێیە کۆمەڵی جل و بەتانی ئەدەنە سەر منداڵەکە بەوە تایەکەی نەک دانابەزێت بەڵکوو زۆرتر ئەبێت.
2- شلەمەنی زیاتری بدەرێ، چونکە لەڕێی ئارەقەکردنەوە منداڵ شلەمەنی لەشی زیاتر لەدەست ئەدات بەوەش تا زیاتر بەرزئەبێتەوەو باری تەندرووستی منداڵەکە زیاتر تێکئەچێت، بۆیە تا ئەتوانی ئاو و شەربەت و میوەو شلەمەنی بدەرێ.
3- کەمادات زۆر بەسوودە بە ئاوێکی نەگەرم نەسارد، پەڕۆیەک تەڕ بکە لەم شوێناە دای بنێ ھەردوولای مل، ژێر باڵ، لای ڕان (ناوچەی دایبی) . لەناوچەوانی دایمەنێ سوودی نییە.
4- دەرمانی دژە تا وەکوو پاراسیتامۆڵ (شاف ، شروب ، قەترە) پێویستە بە بەردەوام لەماڵەوە ھەتبێ ئەتوانی ھەر 6 کاتژمێر جارێک بەو بڕەی دکتۆر بۆتی دیاری کردووە بەکاری بھێنی.
5- لەم کاتانە پێویستە منداڵەکەت بەزووترین کات بیبەیتە لای دکتۆری منداڵان یاخود نەخۆشخانە:
- ھەموو ئەو ڕێگانەی سەرەوەت کرد و منداڵەکە تایەکەی نەھاتەخوارەوە و تایەکەی زیادی ئەکرد.
- تەمەنی منداڵەکەت لە 3 مانگ کەمتر بوو.
- ھۆشی منداڵەکەت تەواو نەبوو، خەواڵوو بوو، زۆر ماندوو بوو، توانای ھەستان و دانشتنی نەبوو.
- ڕشانەوەیەکی زۆر یاخود سکچوونی زۆر.
- ئەگەر جاری تر گەشکەی لێھاتبوو بەھۆی تاوە. [1]