$سێبەری خۆتت پێ دەگیرێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ژیان وەک وشە یان مەفهووم یەکە، بەڵام ژیانی دوانمان هەرگیز وەک یەک نییە، دینداری و خودا و جیهان و بوونیش هەر وان. لە زاهیردا یەکن بەڵام بۆ دوانمان چونیەک نین. ئەوانەی لە چەمک و گوزارەکاندا گیر دەخۆن، پێیانەوە دەنووسێن، پێیان وایە هەموومان دەبێت یەکجۆر لە خواپەرەستی و دینداریمان هەبێت، یەک جیهانمان هەبێت، وەک یەک بژین، دەقیق وەک ئەو کەسە وان کە دێت دەیەوێت هەموومان یەک جۆر ژیان بژێین. یەکبوونی چەمکەکان هەرگیز ناکاتە یەکبوونی کاریگەریی ئەو چەمکە لەسەر مرۆڤ.
چەمکەکانی خودا، ژیان، بوون، جیهان خۆیان لەخۆیاندا چەمگەلێکی بێلایەن و بێ مانا و بێ فۆڕم و بێ ڕەنگ و بۆن، ئەوە ئێمەین دێین فۆڕم و مانا و لایەنداری و ڕەنگیان دەدەینێ. گەر ئێمە نەبووینایە جیهان ئێستا ئەم فۆڕم و ڕەنگ و مانایەی نەبوو کە هەیەتی. ئەوەی وایکردووە ژیان ئەو ژیانەبێ ئەمڕۆ ئێمە دەرکی دەکەین، ئەو پێشفەرز و پێشداوەریانەن کە ئێمە هەمانە بۆ ژیان و بوون.
فەلسەفەی کۆن پێی وابوو ئێمە دەبێت بەشوێن ئەوەوە بین بزانین خودا، جیهان، دین و بوون چۆن دەتوانن شێوەکانی خۆیان لە ئێمەدا دەربخەن، بەڵام لە فەلسەفەی نوێدا ئێمە خۆمان شێوە دەبەخشینە هەموو ئەو چەمکانە، ئەو چەمکانە بەنێو بیرکردنەوە تەنگ و فراوانەکانی ئێمەدا ڕێ دەکەن و ئەوسا بە شێوەیەکی ڕێژەیی شکڵ و فۆڕم وەردەگرن. کاتێک لە وەها دۆخێکدا کەسێک دێت و دەیەوێت پێشداوەری و پێشفەرزەکانی خۆی زاڵ بکات بەسەر ئەوانی دیکەدا، دەبێت خێرا بزانین کە تەڵەیەک لێرەدا نراوەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و خۆزاڵکردن.
ئێمە بۆ ئەوەی لەو چەمکانە تێبگەین سەرەتا دێین بە شێوەیەک پۆلێنیان دەکەین کە لە زەرفییەتی هێزی ئیدراکماندا جێگایان ببێتەوە، ئەم چەمکانە بەهەموو شێوەیەک ناتوانن بێنە نێو زیهنی ئێمەوە، زیهن سەرەتا فۆڕمیان دەداتێ و دەیانڕازێنێتەوە دووبارە لە فۆڕمە نوێیەکەیاندا بەرجەستەیان دەکاتەوە دواتر دەیانداتەوە بە دەرەوەی خۆی. دەقیق وەک بووکێک چۆن لە ئارایشتگایەکدا دەڕازێندرێتەوە، ئارایش دەکرێت ئەوسا دەتوانێت و مۆڵەتی ئەوەی هەیە بچێتە نێو بەزم و شایی، ئەم چەمکانەش هەروان. هیچ بوکێک ناتوانێت پێش ئارایش و خۆڕازاندنەوە ئیدیعای بوکێنی بکات. ئەوەی مەترسیدارە لێرەدا دیکتاتۆرییەتی زیهنییەتە، کەسێک بێت پێی وابێت تەنیاوتەنیا یەک فۆڕم لە تێگەیشتن لەو دیاردانە دەشێت بوونی هەبێت، لەمەش مەترسیدارتر ئەم فۆڕمە بگشتێنێت بەسەر هەموولایەکدا و پێی وابێت ئەوەی لەم فۆڕمە دەرچوو ئیدی کافر و خائین و مورتەد و لادەرە!
تەماشای ژەهری مار بکە، ژەهری مار دەشێت وەک نموونەیەکی زۆر زیندوو بۆ ئەم باسە وەربگیرێت. ئەوە ئێمە و بوونیادی جەستەی ئێمەیە ژەهری ماری کردووە بە ژەهرێکی بکوژ، دەنا بۆ خودی مارەکە ئەم ژەهرە نەک هەر ژەهر نییە، بەڵکوو هێزی ژیان و زیندوو مانەوەشێتی. فۆڕمی ژەهر فۆڕمێکە ئێمە درووستمانکردووە بۆ ئەو شلەیەی لە پێشی سەری ماردا جێگیر کراوە. مەولانا پێی وایە ئێمە شەراب و بادەمان مەست کردووە نەک بادە بێت ئێمە مەست بکات، گەر بوونیادی جەستەی ئێمە ڕێگەی بە شەراب نەدایە مەست ببین هەرگیز شەراب نەیدەتوانی مەستمان بکات، بە قەولی نالی، چاوی یارە مەستی بۆ بادە و شەراب درووستکردووە نەک بادە چاوی ئەو مەست بکات:
بِحَمْدِ اللّه دوو چاوی یارم ئۆخەی
بە بێ مەی مەستە، بێ مەی مەستەبێ مەی
هەموو بوون لە ئێمەوە دەست پێدەکات نەک ئێمە لەبوونەوە دەستپێبکەین، ئەوە ئێمەین سێبەری خۆمان بەسەر شتەکاندا دەسەپێنین نەک بوون سێبەری خۆی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت. جیهانی دەرەوەی ئێمە بەهەموو چەمک و گوزارەکانییەوە مادەیەکی خامە، ئەوە ئێمەین دێین ڕەنگ و فۆڕمی پێدەدەین.
نالی دڵێت:
یەک ڕەنگم و بێڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ
بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقی
یان
یەک ڕەنگم و بێڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ
بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقی
هیچ شتێک لەم جیهانی مەحسوساتەدا لەخۆیدا نە جوانە نە ناشیرین، نە باشە نە ناباش، نە ئەخلاقییە نە نا ئەخلاقی، ئەوە ئێمەین دێین ئەم ئەم پۆلێنبەندییە دەکەین. هەموو شتێک بەهۆی ئێمەوە هەیە و دەردەکەوێت. جوانی شتێکە ئێمە درووستمان کردووە. نەک هەر خۆمان جۆرێکی دیکە بووینایە، گەر توانیایی بینین لە ئێمەدا یەک کەم جیاوازتر بووایە هەموو ئەو پێناسانەی ئەمڕۆ کە بۆ جوانی هەن جۆرێکی دیکە دەبوون. چاوی ئێمە بەتەنیا ئۆرگانێک نییە بۆ بینین، بەڵکوو ئۆرگانێکیشە بۆ خەڵقکردن و ئیعتبار پێدان، هەموو ئەوەی ئەمڕۆ باس لە جوانی دەکرێت بوونیاد بینینی ئێمە درووستیکردووە. چاو بەتەنیا چاو نییە، دونیایەک پڕۆسەی ئاڵۆزی بەیەکداچووە بۆ درووستکردنی مانا، گەر چاوی ئێمە وەک مایکرۆسکۆپ کاری بکردایە، زۆر زوومی بکردایە ئەوەی ئەمڕۆ جوانە ئەوسا جوان نەدەبوو! نالی لە ڕەخنەی کەم توانیایی چاو بۆ پۆلێنکردن وئیعتبار پێدان دەڵێت: ئەوەی چاو دەیبینێت مەرج نییە تەواوی ئەوە بێت کە دەشێت لەم مادە خامەی بوون خەڵق بکرێت، ئەو پێی وایە چاو توانایەکی زۆر سنوورداری هەیە بۆ مانا بەخشین بە دیاردە و چەمکەکان، ئەوانەی پێیان وایە چاو سەنگی مەحەکە لە دونیای ئەودیو چاو زۆر شارەزا نین، دەقق وەک ئەوانە وان کە دەیانەوێت دیکتاتۆرانە فۆڕمەکەی نێو زیهنی خۆیان زاڵ بکەن و بیگشتێنن:
هەرچەندە کە ئینسانە لە بەرچاوی من و تۆ،
مومکین نییە ئەم لوتفە لە ئینسان و بەشەردا
ئەم جیهانە جیهانی من و تۆیە، ئەوەتی درووستبووە هەر بەو شێوەیەیە کە هەبووە، بێ فۆڕم و بێ ڕەنگ، ئەوە ئێمەین فۆڕم و مانای دەدەینێ، دەیگۆڕین. بەبێ گۆڕان لە ئێمە مەحاڵە جیهان و چەمکەکانی نێوی بگۆڕدرێن، گەر من و تۆ گۆڕاین ئەوسا جیهانیش دەگۆڕێت. کاری دینەکانیش هەر ئەمە بووە، هاتوون تۆ بگۆڕن تا جیهانبینیت بگۆڕێت، کە جیهانبینیت گۆڕا دواجار جیهانەکەشت دەگۆڕێت. دکتۆر ئیقباڵ لە پەسنی قورئاندا وتی: ئەمە پەڕتووکێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو شتێکە کار لە دڵ دەکات، کە دێتە نێوتەوە دەتگۆڕێت و دەتکاتە شتێکی دیکە، دیارە کە تۆ گۆڕایت و بوویتە شتێکی دیکە جیهانیش ئیدی دەگۆڕێت و دەبێتە شتێکی دیکە
فاش گویم آنچه در دل مُضمِر است//آن کتابی نیست چیزی دیگر است
چونکه در جان ڕفت جان دیگر شود//جان چو دیگر شد جهان دیگر شود
جیهان شتێک نییە کە هەبێت و ئێمە کەشفی کەین، بە یەک وشە جیهان و چەمکەکانی نێوی شتێکە ئێمە خۆمان درووستیان دەکەین.
جیهان و دیاردە و چەمکەکانی نێوی کۆیلەی بینین و ڕوانینەکانی ئێمەن، ئەوە ئەوانن شوێن ئێمە دەکەون نەک ئێمە شوێن ئەوان بکەوین. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بەپێچەوانەوە هەموو ژیانمان کردۆتە قوربانی تێگەیشتن لە و دیاردانە لەکاتێکدا ئەوان وەک سێبەر شوێن ئێمە کەوتوون، واتە هاتووین لەبری خۆمان بەشوێن سێبەری خۆمانەوەین، دەقیق وەک درەختێکمان لێهاتووە لەبری خۆی تەماشای سێبەرەکەی خۆی دەکات و بەشوێنیدا وێڵە، بیری چوەتەوە کە ئەمە سێبەری ئەوە نەک خودی خۆی.
ڕەم دەکا حەتتا لە میهر و مەﮪ جنوون ئادابی عیشق
سێبەری لێ بارە هەر کەس مەیلی تەنیایی بکا
مەولانا فەرمووی: خۆت جەوهەری و دونیا عەرەز، خۆت ئەسڵی و جیهان سێبەر، کەی دیوتە ئەسڵ شوێن سێبەر بکەوێت؟
پس بود دل جوهر و عالم عرض
سایەای دل کی بود دل ڕا غرض [1]