$جادووی بوومەلەرزە$
#شاسوار هەرشەمی#
دوای ئەوەی پێشبینییەکانی کابرای هۆلەندیی فرانک هووگر بییتس، frank hooger beets، لەبارەی بوومەلەرزە و دیاریکردنی کات و شوێن و گوڕی بوومەلەرزەکان، سەرتاپای ماسمێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردیی و عارەبیی داگیرکرد، گوتم با سەرێک بە کەنالەکەی ئەم (زانا) یە دابگرم و بزانم کێیە و هەر بە ڕاستی چی دەڵێت!
باوەڕم پێبکەن کە تەڵەکەبازێکی هاوشێوەی مەلاعەلی کەڵەکچی پتر نییە. بەڵام ئەویان ئایینی کردۆتە هۆکاری بەناوبانگ بوون و ئەمەشیان پێشبینی بوومەلەرزە. لە هەر هەموو بابەتە داندراوە کۆن و تازەکانیشی، بییتس یەک بابەتی زانستیی و لێکۆڵینەوەشی لەسەر زانستی زەویناسی، یان جیۆلۆجی و جیۆفیزیا نییە.
جیاوازی گەورەی نێوان بییتس و کەڵەکچی ئەمەیە، کە کەڵەکچی، جگە لە سێ ساڵی دارالمعلمین، هیچ شتێکی دی نەخوێندووە و نازناوی مەلایەتیەکەیشی درۆیە و تەنیا چەند ئایەتێکی قورئانی لەبەر کردووە، کە هێشتاش بە هەڵە دەیانخوێنێتەوە و ئایینی بۆ گیرفان پڕ کردن بەکارهێناوە.
بەڵام بییتس حەزێکی زۆری بۆ ئەستێرەناسی و جووڵەی تەنە گەڕۆکەکان و خولگەی پلانێتەکان هەیە و دەیەوێت هاوشێوەی بابلییەکان، کە چارەنووسی مرۆڤ و مرۆڤایەتییان بە کەلوەکان و دوازدە بورجەکە بەستبووەوە، ئەویش لە ڕێگای جوڵەی ئەستێرەکانەوە، پێمان دەڵێت بوومەلەرزە کەی دەبێت و بە چ گوڕێکە و لە کوێ دەبێت!
واتا بییتس هیچ شارەزاییەکی لە زانستی جوڵەی پلێتەکان نییە. بەڵام لە ڕێگای نەخشە بڵاوکراوەکانی زانایانی بواری جیۆفیزیک، دەزانێت پلێتەکان لە چ شوێنێکی جوگرافیی بەیەکدەگەن و ئەگەری بوومەلەرزە لەو شوێنانە هەمیشە هەیە. لە کەنالەکەیدا، بە دەیان جار زانیاری هەڵەی داوە و (تەنیا جارێکیش) زانیاریەکانی ڕاست دەرچوون. ئەمەش شتێکی نامۆ نییە. بەتایبەت کە ڕێک ئەم شوێنە، شوێنی لێکدان و وێککەوتنی سێ پلێتی تەکتۆنییە و بە بەردەوامی ئەگەری بوومەلەرزەی سووک و گران هەیە.
تا ئەمڕۆش، هیچ زانکۆ و دامەزراوەیەکی زانستیی و زانایەکی بواری بوومەلەرزە و جیۆفیزیک، دانیان بە پێشبینییەکانی ئەم جادووگەرە نەناوە.
ئەمەی دەمەوێت بیڵێم، لە زانستی جیۆلۆجییدا، دیاریکردنی جووڵەی نۆ پلێتە زەبەللاحەکان و دوازدە پلێتە گەورەکانی دی، ناسراون و شوێنی وێککەوتن، یان لێکدوورکەوتنەوەیان دیاری کراوە، بۆیە دەزاندرێت ئەگەری بوومەلەرزە لە چ شوێنێک زۆر بەهێزە. تا لەو پشدێنەیەش دوور بکەوینەوە، ڕادەی ڕوودانی بوومەلەرزە لاوازتر دەبێت، تا هەر نامێنێت.
دیاریکردنی کات و بڕ و تەوژمی بوومەلەرزە، لە توانای زانستی ئێمەدا نییە.و هێشتا نەتواندراوە ئەمە بزاندرێت، مەگەر مەلا عەلی و بییتس بە جوڵە و خولگەی ئەستێران بۆمانی باس بکەن!
با ئەمەش ئاشکرا بکەم، کە من بۆخۆم لە زانکۆی بەغدا/ کۆلێژی زانست/ جیۆلۆجیا و دواتر ئینستیتوتی گەشەی جیۆلۆجی لە مۆسکۆ ئەم بابەتانەم خوێندووە و کەمێک سەرەدەری لێ دەردەکەم، بۆیە نەمتوانی بەم کابرایە فریو بخۆم و گوتم با ئێوەش فریوی سۆسیال مێدیا نەخۆن.
زەوی لەرزین، لە هەموو شوێنێکی گۆی زەوی ڕوودەدات، بەڵام بوومەلەرزە لەو شوێنانە ڕوودەدات کە پلێتەکان جووڵەی تێدا دەکەن. بۆیە مەترسە و بزانە کە بوومەلەرزە ڕوودەدات و هەر لەو شوێنانەش ڕوودەدات، کە زاندراون. لەوانەیە لەم چەند ڕۆژانەی داهاتوو بێت، یان چەندان مانگ و ساڵی دی ڕووبدات. [1]