$عەجەم هیچی ناوێت یان هەمووی دەوێت$
#شاسوار هەرشەمی#
لەم مشتومڕەی ئێستا لەناو هێزە ئێرانیەکانی دژ بە جمهوری ئیسلامی هەیە، چەند دیاردەیەک دەبیندرێن، کە مایەی سەرنجن. لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی وەک ئازەر، کورد، بەلووچ، گیلەک، تات، تورکەمەن، عارەب، جارێ هێشتا هەر دوو لایەنە کوردییەکەن، کە دیارن. ئۆپۆزیسیۆنیش جارێ هەر دوو باڵن. لەلایەک موجاهیدین، کە دوای سەرکوتکرانیان لەلایەن جمهوری ئیسلامییەوە، شیرازەی ڕێکخستنەکانیان لەبەریەک پچڕاوە، بەڵام هێزێکن و نابێت گاڵتەیان پێ بکرێت. سبەی ئەگەر هەر تەنیا کەس و کاری کوژراوەکانیان، خۆیان لێ بە خاوەن بکەنەوە، ئەوا دەبنە هێزێکی کاریگەریی ناو تارانێ. لەلاکەی دیش، کۆمەڵێک کەسایەتی لێکدوور، بە خاوەن پاشخانی لێکجیا، بەڵام بێ ئەزموونی زووتری سیاسی، لە دەوری کوڕی شا کۆبوونەتەوە و هەر لە ئێستا وە، خۆیان بە حاکمی وڵات دادەنێن.
دیارە کوردان دوای فارسەکان، دووەم گەورە نەتەوە و ئێتنی ناو ئێرانێ نین، بەڵکوو ئەوە عەجەمەکان، یان ئازەرەکانن کە بە پلەی دووەم دێن. جگە لەوەش، ئازەرەکان، لە هەموو جومگەکانی دەستەڵات، بەشدارن، هەر لە لوتکەی ڕێبەرایەتی سیستەمی شیعەگەریی، تا بۆ ناو پاسدار و بەسیج و سپا شۆڕ دەبێتەوە، ئەوان پێگەیان هەیە و دەبیندرێن.
ئەوان، وەک من چاوەڕێم دەکرد، لەم هەرایەی بۆ جێگرەوەی جمهوری ئیسلامی پەرپا کراوە، خۆیان دوورەپەرێز گرتووە. باشە بۆ دەبێت وابێت؟
عەجەم، یان ئازەر، هەر لە دوای دەستەڵاتی مەغۆلانەوە، لە ساڵانی 1200ی زاینیی، زۆرترین ماوە، دەستەڵاتداری هەموو ئێران بوون. ئێلخانییەکان، جەلاییریەکان، سەلجوقییەکان، سەفەوییەکان، ئەفشارەکان، قاجارەکان هەموویان تورک و ئازەریی بوون، بۆیە زۆرترین ئەزموونیان لە دەستەڵاتڕانی لە ئێران هەیە. هەر خودی دەوڵەتی ئێران، درووستکراوی خۆیانە و بۆ پاراستن و هێشتنەوەشی، شەڕی تورکانی عوسمانیی و ڕووسیایان زۆر بۆی کردووە.
کەواتە ئەوان نایانەوێت پشت لەو هەموو ئەزموونە بکەن و بچنە سەر مێزێکی پەڕپووت و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک خەڵکی کەمئەزموونی لایەنگرانی پەهلەوی دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. لە مێژووی هاوچەرخی ئێرانێ، هیچ کابینەیەکی حکومەت، بەبێ بەشداری پێکردنی ئازەریان پێکنەهاتووە. لە دواڕۆژیشدا، هیچ هێزێکی براوە، ناتوانێت پشتگوێیان بخات و بەشداریان مسۆگەرە.
کەواتە ئەوان یان دیسان هەموو ئێرانیان دەوێت، یان لە بارێکدا ئەگەر ئێران ببێت بە فیدراڵی، یان شیرازەی وڵات تێکبچێت، ئەوا ئەوان پێش هەمووان، جیادەبنەوە. بۆ ئەمەش، توانای زۆر و زەوەندی سەربازی و ئەزموون و پاڵپشتیشیان هەیە. دوای جیابوونەوە، یان سەربەخۆ دەمێننەوە، یان دەوڵەتی ئازەربێجان و بیرە نەوتەکانی باکۆش دەخەنەوە سەر ئازەربێجان. هەروەک دووریش مەبینە بچنە سەر تورکیا. بێگومان ئەگەر بارێکی وا بێتە پێش، ئەوا بۆ کوردان، سەدان جار لە جمهوری ئیسلامی بەدتر دەبێت. [1]