$تەجزیەتەڵەبی و فیدڕالی هاوتەریبن نەک دژ بەیەک$
#شاسوار هەرشەمی#
ئێران دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و فرە زمان و فرە نەژاد و فرە ئایینە، ئەمە جێگای پرسیار نییە.و هەموو کەس دەیزانێت.
لە ڕاستیدا کێشەی ناوەندگەرایان هەر دژایەتی نییە. لەگەڵ مافی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران، کێشەکە ئەمەیە دەستەڵاتداران لە ناوەند، کە بەرلەوەی فارس یان تورک بن، (شیعەن) و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، سەیری مافی کورد و بەلوچ و تورکمەن دەکەن، دەنا بە هەمان ئەندازە دژی تورکە ئازەریەکان نین. تورکانی ئازەری، لە فارس پتر ناوەندگەرا بوون و سەدان ساڵ، پاشا ئێرانییە.انی مەغۆل، سەلجوق، سەفەوی، ئەفشار، قاجار هەموویان لە تۆرمەی تورکان بوون. ئێستاش لای خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی ناوەند بە (عەجەم) ناودەبردرێت، کە جاران بە تورکانی ئازەری دەگوترا، نەک فارس.
ئێستاش کە ئێران لە ئاستانەی گۆڕانکاری گەورە دایە، هەموو ئەو کەس و گرووپ و حیزبانەی، کە دەیانەوێت لەسەر سەندەڵی حوکمڕانی تاران دابنیشن، لەبەرانبەر مافی گەلانی دی نافارس و ناتورک، لە خودموختاری یان فیدڕالی، کێشەی تەجزیەتەلەبی یان جیاخوازی دەخەنە ڕوو. سنوورەکانی ئێرانیان کردۆتە کۆتەڵی پیرۆزی ئیمام حسێن، لەکاتێکدا سنووری هیچ دەوڵەتێک پیرۆز نییە.و ئەگەری گۆڕان لەو سنوورانە هەمیشە لە ئارا دایە.
ئەمەی من دەمەوێت پێداگری لەسەر بکەم، بێگومان جارێ تا کاتێکی نادیار، ئەگەری پارچەپارچە بوونی ئێران لە گۆڕێ نییە. ئەگەر کارێکی واش ببێت، کورد دەستکەوتێکی وای نابێت، چونکە بەشێکی خاکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئازەریەکان دەیبەن و لەوانەیە بیخەنە سەر ئازەربێجان. کورد بێ دۆست و هاوپەیمانە و ئازەریەکان، ئازەربێجان و دەوڵەتی تورکیان لە پشتە و لە ڕێگای ئەوانیشەوە زۆر دەوڵەتی جیهان دەچنە پاڵ داخوازیەکانیان.
من لام وایە کاری خەباتگێڕانی کورد و بەلوچ و تورکمەن، لە ئێستادا ئەمە نییە. تا بکەونە دژایەتی زاراوەی تەجزیەتەڵەبی، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ سەلماندنی ئەمەی، کە خودموختاری و تا فیدڕالیش، باشترین شێوەن بۆ مانەوەی ئێران بە یەکگرتوویی. هێشتنەوەی دەستەڵات لە ناوەندێک، بۆخۆی دەبێتە لاواز بوونی ناوەندەکە و دابڕانی لە کەنارەکانی، چونکە ئەم کەنارانە بەشێک نابن لە دەستەڵات.
هاوکات شەڕی بەدرۆ خستنەوەی تەجزیەتەڵەبی، کاری لەپێشی ئەمڕۆی تێکۆشەران نییە. و کەوتنە ناو ئەم کێشمەکێشەیە، جگە لە زیان، چ سوودێکی نابێت. تەنیا ناوەندگەراکان، جا چ ڕەهبەری دینی بێت، یان شاپەرستان بن، بە ترساندنی خەڵک لە داخوازی ڕەوای نەتەوەکان و گەورەکردنی هەڕەشەی تەجزیەی وڵات، پاڵپشتی زۆرتر دەستدەخەن. هەر ئەوانن کە حەکایەتی تەجزیەتەلەبی درێژە پێدەدەن.
دەوڵەتی مۆدێرن، بە فیدڕالی بوونی بەڕێوەبردن، پتر سەقامگیر دەبێت و مەترسی لەسەر لەت بوونی کەمتر دەبێتەوە. نموونەی ئاوا لە دنیا و دەوروبەری ئێرانیش زۆرن. پاکستان فیدڕالیە، هیندستان فیدڕالیە، ڕووسیا فیدڕالیە، و ئێراقیش وا خەریکە لەگەڵ فیدڕالی ڕابێت. کەواتە دەشێت فیدڕالی هۆکارێکی باش بێت، تا ئێران تەفروتوونا نەبێت. بە پێچەوانەوە، بەبێ دابین کردنی مافی نەتەوایەتی نەتەوەکانی ناو سنووری ئێران، هیچ دەوڵەتێک لە ئێران ناتوانێت سەقامگیر بێت. [1]