$فریودان$
#شاسوار هەرشەمی#
چەند بە زمانێکی سادە، بابەتی هەڵبەستراو تێکەڵ بکەیت، ئەمەندە بە ئاسانی دەچێتە بەر دڵی زۆربەی خەڵک.
زۆرینەی خەڵک کاریان بە جووڵەی پلێتە تاکتۆنیەکانەوە نییە و بەم بابەتە زانستیانە، وا دەزانن مێخیان تێدەکوتیت! بەڵام ئەگەر بڵێی، ئەوە ئەردۆگان بە ئەنقەست بوومەلەرزەکەی بۆ کوشتنی کوردان درووست کردووە، بە گشتی ناودێر دەبیت و باریکەللات بۆ دێت.
هەر بۆ ئەوەش بیسەلمێنیت درۆکە ڕاستە، دەتوانیت سوێند بخۆیت کە بوومەلەرزەکە، خاکی تورکیا و سووریای نەگرتۆتەوە و تەنیا هەر لە کوردستان قەوماوە، بۆیەشە هەر کوردی بەدبەختی لە (باکووور) و (ڕۆۆۆژئاوا) کوشتووە.
هەروەک بە ئاسانیش دەتوانیت بڵێیت، وڵاتانی باکووری ئەوروپا (بەتایبەت سوید و هۆلەندا) لە ترسی هەڕەشەی دوای قورئان سووتانەکە نەبوو، کە کونسلگەریەکانیان داخست، بەڵکوو هەموو وڵاتانی ڕۆژاوا، کونسولگەری نا، بەڵکوو بالیۆزخانەکانیشیان داخست و گشت کارمەندەکانیشیان بردەوە وڵاتی خۆیان، چونکە ئەوان ئاگاداری کاری بەردەوامی زانا بەناوبانگەکانی تورک بوون، کاتێک کە خەریکی ئامادە کردنی بوومەلەرزەکە بوون.
سەیرەکە ئەمەیە، کە ناوچەی بوومەلەرزەکە، چەندین ساڵە ناوچەی شەڕ و قەیرانی خوێناوی سەر سنووری تورکیا و سووریایە. بۆیەشە جگە لە کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری جیهادیە جاشەکانی تورکیا لەو ناوچانە، تورکەکان بۆخۆشیان، چ لە ناو سنووری خۆیان و چ لەم بەر سنوور و لە ئیدلیب و عفرین، هەزاران سەرباز و سەدان مۆلگەیان هەیە. لەم بوومەلەرزەیەشدا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانیان، بارتەقای شەهیدانی پێنج ساڵ خەباتی گێریلاکانی باکووری کوردستان پترە. ئەوان هێشتا ناوێرن ئاماژە بۆ ئەم بابەتە هەستیارە بکەن، دەنا دوای سێ مانگی دی و لە هەڵبژاردنی سەرتانسەری تورکیادا، دەنگدەران، ئەردۆگان و حیزبە ئیخوانیەکەی لە بێژینگ دەدەن.
تا دوێنێ، پتر لە 900 تەرمی مردووانی بەرەی نووسڕەی سەر بە ئەلقاعیدە و جیهادییەکانی دی سووری، لە گازی ئینتاپەوە هێندراونەتەوە ئیدلیب. گومانی ئەمەش هەیە کە لە سنووری عفرین، چەند هەزار جیهادی سووریی و فەلەستنی کوژرابن، کە زوربەیان خەڵکی غۆتەی نزیک دیمەشقن. تا ئێستا، میلیشیاکانیش ڕێگایان پێنەدراوە، دان بەو زیانانەی خۆیان دابنێن. [1]