بەکارهێنانی مۆبایل بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە هەر تاکێک، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی شەکەتی چاوەکانت و وشکبوون و سووربوونەوەیان، بە چەند ڕێگەیەک کە ماڵپەڕی (Times of India) بڵاویکردووەتەوە، دەتوانیت زیانەکانی بۆ چاوت کەمبکەیتەوە.
1. یاسای 20-20-20 بەکاربهێنە، ئەم یاسایە بە سوودە بۆ چاو، بەکارهێنانی ئاسانە، بۆ هەر 20 خولەکێک کە مۆبایل بەکاردەهێنیت، بۆماوەی 20 چرکە تەماشای شوێنێک بکە کە 20 پێ لێتەوە دووربێت.
2. لە ژوورێک دابنیشە کە ڕووناکییەکەی باش بێت، ئەگەر لە ژوورێکی تاریک بمێنیتەوە تەماشای مۆبایل بکەیت زیانەکانی زیاتر دەبن، هەر بۆیە باشترە ڕووناکی ژوورەکە باش بێت و گەرم بێت.
3. مەودای چاوت و مۆبایلەکە بپارێزە، مۆبایلەکەت زۆر نزیکی چاوت مەکەرەوە و لە دوورەوە بیگرە هەروەها تێکستەکانی ناو مۆبایلەکەت گەورەتر بکە، باشترە 40 بۆ 70 سانتیممەتر لە چاوتەوە دووربێت.
4. کۆنتڕۆڵی ڕووناکی مۆبایلەکەت بکە و ڕووناکییەکەی زۆر زیادمەکە، باشترە ڕووناکییەکە لەگەڵ ڕووناکی ژوورەکەت هاوئاست بێت. [1]