ئەم قەڵایە، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەری خانەقین و مەندەلی کە لەبەر ڕەنگە سپییەکەیەوە لەلایەن خەڵکبە قەڵای سفی دەناسریت و لە زاراوەی مەندەلییەکانەوە سفی بە مانای سپی دێت.
ئەم قەڵایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و لە ڕووی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەندەلی، نزیک بە سنووری ئێران، واتە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە.
قەڵاکە لە شێوازی شاخێکە کە بەرزییەکەی لەنێوان 12 بۆ 15 مەترە و پانییەکەی دوو هەزار و 500 مەتر دووجایە، هەروەها چەندین پارچەی شوێنەواریی وەکوو پارچەگۆزەی شکێنراو لەسەر و دەوروبەری قەڵاکە هەیە، کە ڕەنگەکانیان گۆڕاون و خاوەن مێژوویەکی کۆنن، بەڵام ئەگەر بێت و لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ورد لەسەر ئەو شوێنەوارە بکرێت، لەوانەیە پارچە شوێنەواریی کۆنتری تێدا بدۆزرێنەوە، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ورد لەسەر ئەم شوێنەوارە نەکراوە، بۆ ئەوەی مێژوو و تەمەنەکەی بەتەواوی دیاری بکرێت.
چەندین ڕا و بۆچوونی جیاواز لەسەر قەڵا سفی هەن، گرنگترینیان:
یەکەم- ئەم قەڵایە پێش سەردەمی ئایینی ئیسلام، خەڵکی تێدا نیشتەجێ بووە، بەڵام ئەم شوێنە بەسەریاندا ڕووخاوە و سیمای قەڵایەکی سپی دەرچوو.
دووەم- ئەم شوێنە پەرستگایەکی گەورەی پێش ئیسلام بووە، کە یان بەسەریاندا ڕووخاوە، یان چۆڵ کراوە.
سێیەم- ئەم قەڵایە لە سەردەمی ساسانییەکان بە مەبەستی چاودێریکردن و پاراستنی خۆیان بەرامبەر بە هێزە بێگانەکان دروست کراوە.
گۆڕانی کەشوهەوا لە (بای بەهێز، باران، بوومەلەرزه) بەدرێژایی مێژوو کاریگەرییان بەسەر قەڵا سفی بەجێ هێشتووە و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ئەم گۆڕانکارییانە لەسەری بەردەوام دەبن، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە، ئەم گۆڕانکارییە بووە بەهۆی ئەوەی قەڵاکە بەرزییەکەی کەم ببێتەوە و دەرەنجام پانییەکەی زۆرتر بێت، ڕەنگە پێشتر خاوەن بەرزییەکی زۆر و پانییەکەی کەم بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە و بەرزییەکەی هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، لەنێوان 12 بۆ 15 مەترە و پانییەکەی دوو هەزار و 500 مەتری دووجایە.
ئەم شوێنە لە چوارلاوە پەرژین نەکراوە و بەدووریی دوو کیلۆمەتر لە قەڵاکە خانوو و ماڵی هاووڵاتییان هەیە، ئێستا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری بەکار دەهێنرێت، کە خەڵک لە ڕۆژانی جەژن، بەتایبەت لە نەورۆز دەچنە سەر قەڵاکە و ئاهەنگی خۆیان دەگێڕن، هەروەها جێی باسە، کە زەویی دەوروبەری قەڵاکە لەلایەن جووتیارانەوە بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت، بەتایبەت بۆ گەنم و جۆ، چونکە مەندەلی کەشوهەوایەکی باشی هەیە و گونجاوە بۆ کشتوکاڵ.
قەڵاکە لە ڕووی گرنگی پێدانەوە
لە مەندەلی ناوەندی شوێنەواری نییە و تاکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ورد لەسەریان نەکراوە، بۆیە مێژووی شوێنەوارەکان دیکۆمێنت نەکراوە.[1]