ناونیشانی بابەت: خانووە کەلەپوورییەکانى #کۆیە# مەترسیى ڕووخان و لەناوچوونیان هەیە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
لەناو شارى کۆیە ژمارەیەکى زۆر خانووى کەلەپوورى هەن، بەڵام بەهۆى نۆژەننەکردنەوەیان، مەترسیى ڕووخان و لەناوچوونیان هەیە.
شەماڵ محەمەد ئەمین، کە خەمخۆرێکى دیارى شوێنەوارەکانى کۆیەیە، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: لەناو شارى کۆیە ژمارەیەکی زۆر خانووی کەلەپوورى هەن، کە هێماى مێژووى ژیانن لە شارەکە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى پشتگوێخستنیان و نۆژەننەکردنەوەیان، بەشێکى زۆریان ڕووخاون و هەندێکیشیان تێکچوون و خەریکە سیماى جوانى و کەلەپوورییان لەدەست دەدەن.
وتیشى: ماوەى چەندین ساڵە من وەک خەمخۆرێکى شوێنەوارى سنوورەکە، لە ڕێگەى وێنە و ڤیدیۆ، ئەو خانووانە پیشانى هاووڵاتییان و بەرپرسان و خەمخۆران دەدەم و لە مەترسیى ڕووخان و لەناوچوون ئاگاداریان دەکەمەوە، بەڵام بەداخەوە کەس بەدەم داواکارییەکەمەوە نەهاتووە.
شەماڵ باسى ئەوەشى کرد: جگە لەوەش، لەسەر ئەرکى خۆم هەندێکیانم پاراستووە و قوفڵ و زنجیرى داخستنى دەرگاکانم بۆ کڕیون، بەڵام بەهۆى نەبوونى چاودێرى و لێپرسینەوە، بەداخەوە لەلایەن هەندێک خەڵکەوە دەرگاکان دەشکێندرێن و کەلوپەلى ناو خانووەکان دەبردرێن، کە ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان فریا نەکەون، لەداهاتوویەکى نزیکدا شتێکى ئەوتۆ بەناوى خانووە کەلەپوورییەکان لەناو کۆیە نامێنن.
لاى خۆیەوە #یەکێتی واحید#، بەڕێوەبەرى #فەرمانگەى شوێنەوارى کۆیە#، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: چەند ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن زانکۆى کۆیە و شوێنەوارى کۆیە و تیمێکى بیانى ڕووپێوى خانووە کەلەپوورییەکانى کۆیە کراوە، کە 85 خانووى کەلەپوورین و دابەش بوون بۆ چوار گەڕەک و بەپێى یاسای شوێنەوار بە خاوەنەکانیمان گوتووە، کە دەبێت بەپێى ڕێنوێنییەکان دەستکاریى خانووەکان بکەن، یان بە جۆرێک نۆژەنى بکەنەوە، کە سیماى شوێنەوار و کەلەپووریى خۆیان لەدەست نەدەن.
وتیشى: لەو 85 خانووە کەلەپوورییە چوار خانوویان هى خۆمانن، کە سێ خانوویانمان نۆژەن کردووەتەوە، بۆ ئەوانى دیکەش 25 دەرخستەمان کردووە و بەرزمان کردووەتەوە بۆ سەرووى خۆمان، بۆ ئەوەى بودجەى نۆژەنکردنەوەیان بۆ دابین بکرێت، کە گرنگترینیان خانووى مەلاى گەورەى کۆیە و دڵدارى شاعیرە.
بەگوتەى بەڕێوەبەرى شوێنەوارى کۆیە، بە نۆژەنکردنەوەى ئەو خانووانە و پاراستنیان، دەتوانرێت گەشتیاریى شوێنەواریى ناوچەکە بەرەوپێشوەچوونى باش بەخۆیەوە ببینێت، کە بەشێکى دیار و گرنگى گەشتیارییە لە وڵاتان.[1]