ناونیشانی بابەت: زانیاری تەواو دەربارەی خواردنی منداڵی ساوا
(وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانەی کە لەسەرخواردن کراوە.)
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
بەردەوام کە خواردن ئەدەیت بەمنداڵەکەت لەخۆت بپرسە ئایا تۆ ئەو خواردنە ئەخۆیت؟ تۆ ھەموو ڕۆژ نیسک یان شۆربای برنج ئەخۆیت؟
تۆ فێری خواردنەکانت نەکردووەو دواتر دێنە کلینیک و ئەڵێن دکتۆرە چی بکەم منداڵەکەم تەنھا برنج و پەتاتە ئەخوا، لەبیرت بێ منداڵەکەت لە خۆت زیرەکترە، ھەر ڕۆژەو جۆرێکی جیاوازی بۆ بکە و بەجوانی دایبنێو قاپ و کەوچکی ڕەنگاو ڕەنگ بەکاربھێنە تاکو 1ساڵی 100 جۆر خواردن تاقی بکەوە
کاتێک دەست ئەکەیت بە پێدانی خواردن بۆ منداڵە ساواکەت باشترە کە 4 مانگی تەواوکرد بیدەتێ ، چەند زوو تر بێت باشترەو منداڵەکە زووتر فێری خواردن ئەبێ بەمەرجێ:
1- گەشەی منداڵەکەت باش بێ نەک منداڵێک گەشەی نەبێت و تۆ بێیت دەست بکەیتە خواردن.
2- تا تەمەنی 1ساڵ باشترە خوێ و ڕۆن بەکار نەھێنی..
(ھەندێ جار لەدوای 7 مانگی منداڵ حەزی بەخواردنی خۆتان ئەبێ وریابە خوێ و ڕۆنی زۆر نەبێ)
3- بەھیچ شێوەیەک منداڵەکەت فێری شیرینی مەکەو شەکر بەکارمەھێنە..بەداخەوە ئەبینم شۆربای بۆ ئەکەن شەکری تێ ئەکەن، میوە خۆی شەکرە کەچی لەخەڵاتی ئەدەن شەکری تری تێ ئەکەن تەنانەت شەکر ئەکەنە ناو شیرەکەشی.
4- ھەنگوین و سپێنەی ھێلکەو چەرەزات تاکو یەکساڵی بەکاری مەھێنە.
5- سریلاک ڕۆژی یەکجار بیدەرێ ئاساییە.
ئەو خواردنانەی کە لە سەرەتادا بەکاردێن:
- یەکەم خواردن ئاوی برنجە یان شۆربای برنج ، سەرەتا یەک کەوچک چای بخوات زۆرباشە وردەوردە زیادی ئەکەیت و تێبینی منداڵەکەت ئەکەیت ئایا ھەستیاری پێ ئەگرێت یاخود تووشی قەبزی و سکچوون ئەبێت یا نا؟
- دواتر پەتاتە و کولەکە و گێزەر و برۆکلی ئەتوانی بۆ زیادبکەیت یان بەتەنھا بیکەیت بۆ ئەوەی منداڵ فێری ھەموو تامێک ببێت
- شۆفان باشترین خوادنە کە ئەتوانی دوای ئەوەی ئەیکوڵێنی لەگەڵ خورما تێکەڵی بکەیت و لە خەڵاتی بدەیت تامی خۆش ئەبێت و کێشی پێ زیاد ئەکات.
- ئاوی گۆشت و مریشک بیکە ناو شۆربای منداڵەکەت، لەدوای 6-7 مانگێ گۆشتەکە جوان بکوڵێنەو لە خەڵاتی بدەو بیدەرێ.
- نیسک و پاقلەمەنیەکانی تر ھەموو بەسوودن لەدوای 6 مانگی.
- ھەرکە دەستت بەخواردن کرد ئەتوانی ئیتر ئاو بدەیتە منداڵەکەت ھەرچەندی ویست ئاساییە.
- بێگومان کە دەستت کرد بە خواردن شیر خواردن کەم ئەبێتەوە و زۆر ئاساییە خواردنەکە گرنگترە لەشیر. [1]