دەستەواژەی فۆلکلۆری کوردی
پرێسکە: هەر شتێک بۆ هەڵگرتن یان شاردنەوە لەنێو پارچە پەڕۆیەکدا لوول بدرابوایە، پێیان دەگوت: پرێسکە، بۆ نموونە: پارە یان متومۆری ژنان و زۆر شتی دیکەی وەک وردەواڵەی نێو ماڵ، بۆ نموونە: دەگوترا: فڵانەکەس پڕوپرێسکەی خۆی گواستەوە.
پێخوست: شوێن پێی دز، جاران کاتێک کە دزییەک دەکرا، شوێنهەڵگرەکان، تەماشای شوێن پێی دزەکەیان دەکرد.
شەوی دابەرێ(کاروانچی): جاران لە نیوە شەودا، کاروانچییەکان هێشتا بەشێکی شەوێ دەما، باریان بار دەکرد و بە ڕێدەکەوتن، به و بەڕێکەوتنە، دەگوترا: شەوی دابەرێ، هەروەها شوانیش لەنیوەی شەودا، مەڕی ڕادەدا و دەچووە شەوینێ.
بە حوججەت: واتا بەتوندی، یان بەهێز، وەک ئەوەی کەسێک ئێش و ئازارێکی بەهێزی هەبووایە، بۆ نموونە، کاتێک یەکێک لەلای دکتۆر دەرزییەکی لەخۆی بدابووایە، دەرزییەکە زۆر ژانی بکردابووایە، دەیگوت: دەرزییەکە زۆر بە حوججەت بوو، واتە زۆر بە قوەت و بەهێز بوو.
قوڵفانگە: جاران و ئێستاش چەند جۆرە گرێیەک هەنە، گرێ کوێرە، گرێچن، گرێبەران، هیشکەگرێ، گرێی بە قوڵفانگەش، ئەو جۆرە گرێیەیە، کە زۆر بە ئاسانی دەکرێتەوە، نموونەکەشی گرێی دۆخینی شەڕواڵی پیاوانە، گرێی قوڵفانگە، بەپێچەوانەی گرێی کوێرەیە، چونکە گرێ کوێرە بە ئاسانی ناکرێتەوە و کاتێکی باشی پێویستە، پەندێکی کوردیش سەبارەت بە گرێ هەیە، کە دەڵێت: (گرێی دەستتان مەخەرە ددانی) ، واتە: کێشەکە ئاسانە و تیری مەکە، بگاتە ڕادەی ئاژاوە.
وشەی (گرێ) ، کە لە بنەڕەتدا، بۆ گرێدانی پەت و گوریس و پشتێن و داوەبەن و ئەو جۆرە شتانە بەکارهاتووە، چۆتە ناو زۆر بواری دیکەی بەکارهێنانی ئاخاوتن و ڕۆژانەی خەڵکەوە، وەک: چەند ئاستەنگ و گرێیەک کەوتۆتە ناو ژیانییەوە.
هەروەها چۆتە بواری زانستیشەوە، وەک زانستی پزیشکی و لە ڕێزمانی کوردیشدا، بەرانبەر بە فرێز و دەستەواژە بەکاردەهێندرێت، وەک: گرێی ناوی، گرێی کاری، گرێی هاوەڵناوی، گرێی هاوەڵکاری، ...هتد.
تەڵخ: بە ڕەنگی زۆر ناسیرین و کرێتیان دەگوت: تەڵخ، بۆ نموونە دەگوترێت: ( (ڕەنگێکی زۆر تەڵخ و ناشیرینە) ). [1]