$ڕەهەندەکانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
$بەرایی$
لە کاتێکدا هێشتا مانگێک بەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراقدا تێنەپەڕیوە، ئاساییە کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ دووبارەکردنەوەی پاڵپشتییەکەی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ بێت، کە ڕەنگە خۆی دەورێکی کارای گێڕابێت لە هاتنەسەرکاری، ئەویش لە ڕێگەی هاندانی پارتەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت. بێجگە لە پرسەکانی پەیوەندییەکانی هەردوولا، هەنووکەییترین ڕووداوێک کە دەتوانێت ڕەنگ بە دانووستاندن و دیدارەکانی بارزانی بدات لە بەغدا، ئەو تەگەرە ئەمنییانەیەن کە بەو دواییانە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ قووڵایی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەپاش خۆپێشاندانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە درووستبووە.
$سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و هێرشەکانی ئێران$
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان، گەرەنتییەکی نافەرمی هەیە بۆئەوەی لانی کەم تا ماوەی ساڵێک گرووپە چەکدارییە شیعییەکان هێرش نەکەنە سەر هەولێر، هەڵبەت هێشتا دیار نییە کە بە هەبوونی کەتائیبی حیزبوڵڵا لەدەرەوەی حکومەت، سوودانی چەندە سەرکەوتوو دەبێت لە پاراستنی هەولێر لە هێرشی درۆن و مووشەک لە ناوخۆی ئێراقەوە، بەڵام ئێستا پرسی سەرەکی ئەوانەیە کە لە ئێران و تورکیاوە دەگیرێنە هەرێمی کوردستان. تورکیاش سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات، بەڵام ڕادەی کاریگەریی ئەوانە لەسەر سەقامگیریی هەولێر کەمترە لەوانەی کە ئێران ڕاستەوخۆ بەنێو شارەکانیەوە دەنێت. لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا ئێران سێ جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش پاش ئەوەی لە 28ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا هێرشی فراوانتری کردبوو.
حکومەتی ئێران سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ژینا کە لەو ڕۆژانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر و جەماوەریتر بووە، هەم لە ناوخۆ ڕووی لە تووندوتیژییەکی زیاتر کردووە، هەم لە سیاسەتی دەرەوەیشیدا گرژییەکانی زیاتر کردووە. لە سنوورەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی کرد و گرژییەکانی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ بردووەتە ئاستێکی بەرزتر. بە هەمان شێوە چەند جارێک بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان لە سعودیە و وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی بەڕیتانیاش، کردووە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا مانەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووەتە پاساوی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بۆ نزیکەی سێ دەیە دەڕوات لەگەڵ مانەوەی ئەوان لە هەرێمی کوردستان هەڵی کردبوو.
سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا هاوکاتیش بوو لەگەڵ بڕیارێکی پەڕڵەمانی ئێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشێلکارییەکانی سەروەری و، هاوتەریبە لەگەڵ هاوڕاییەکی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە. لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدییەوە پرسی مانەوەی هێزە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژەڤی حکومەتی ئێراقدایە و محەمەد شیاع سوودانییش لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لانی کەم سێ جار باسی ئەوەی کردووە کە نابێت وڵاتەکەمان ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکە و ناشبێت هیچ وڵاتێکیش سەروەریمان پێشێل بکات. دیارە وەزیری دەرەوەی ئێراقیش بە هەمان شێوە قسە دەکات و و زیاتر ڕستەی نابێت لە خاکی ئێراقەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکرێت پێش دەخەن. ئەمەش دەتوانێت گوزارشتێک بێت لەوەی کە بە لەونێک، لانی کەم بەشێک لە پاساوەکانی ئێران قبووڵ دەکەن، هەرچەند دیدگایەکی جیاوازتر لە هەرێمی کوردستان هەیە. بۆ زیاتر لە سێ دەیە دەڕوات کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕی چەکدارییان دژی ئێران ڕاگرتووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان نابینین. ئەمەش بە دیوێکدا ڕەتکردنەوەی ئەو پاساوانەیە کە ئێران بۆ ڕەواییدان بە ھێرشەکانی خۆی بەکاریدەهێنێت. بە ئەگەری زۆر، بارزانی هەوڵدەدات لەگەڵ سەرانی بەغدا خاڵێک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە کە دەتوانێت هەم ئاساییشی هەولێر بخاتە مەترسی، هەم کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر بارودۆخی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیش دابنێت.
$دیوی دووەمی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی$
بێجگە لە سەردانێکی پرۆتۆکۆلی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، لەوانەیە لە هەنگاوی یەکەمدا سەردانەکەی بارزانی پەیوەندیی بە یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەی کورد لە حکومەتەوە هەبێت کە وەکوو ئەنجامێکی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، تاوەکو ئێستا پڕنەکراوەتەوە. خاڵی دووەم لەوانەیە بۆ بەدواداچوون بێت بۆ ئەو گفت و بەڵێنانەی کە بەر لە پێکهێنانی حکومەت بە کورد دراون. لێدوانی بەرپرسانی کورد وای پێشاندەدات کە ئەوان گەشبینن بەوەی سوودانی بەڵێنەکانی بباتەسەر. هەڵبەت کەمتر لە یەک هەفتەی دیکە، یەکەم تاقیکردنەوەی حکومەتەکەی سوودانی دەبێت سەبارەت بەو گفتانەی کە بە کوردی داون. بەگوێرەی ماددەی 15ی تەوەرە کردەییەکانی کارنامە وەزارییەکەی سوودانی بێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ لەدوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای ماددەی 140 چالاک بکرێتەوە و شایستە داراییەکانی ئەو کەسانەش خەرجبکرێت کە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەکە دەیانگرێتەوە.
هەر بەپێی کارنامەی وەزاری بێت، حکومەت تاوەکو دەرکەوتنی یاسای نەوت و گاز کە شەش مانگی بۆ دانراوە، خۆی لادەدا لەوەی کە هیچ ڕێکارێکی گرژکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا بگرێتەبەر، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندیی بە کاری کۆمپانیا نەوتییەکانەوە هەبێت لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاوەکان لەسەر هەڵوێستی حکومەتەکەی سوودانین لەسەر ئەو سکاڵایەی کە ئێراق لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا لەسەر تورکیای تۆمار کردووە کە لەوانەیە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاڵۆز بکاتەوە.
هەروەها باسەکانی تایبەت بە بودجەش دەتوانێت بابەتێکی هەنووکەیی بن، چونکە بەپێی کارنامەکە بێت، دەشێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی هەبێت بۆ ئامادەکردنی بودجە، ئەگینا بەشێکی زۆری گفت و بەڵێنەکانی سوودانی بۆ لایەنە کوردییەکان ماوەیەکی درێژتری وەک شەش مانگیان بۆ دانراوە تاوەکو دەرفەتێکی زیاتر بۆ دانووستاندن هەبێت.
$کۆتایی$
هەرچەند سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک شتێکی ئاسایی بێتە پێش چاو، بەتایبەتی لەدوای پێکهاتنی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام ئەم سەردانە لە سێبەری هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئێران کرا و ئەوەش، ئاماژە بە پرسێکی گرنگی ئاساییشی و سیاسی دەدات کە دەتوانێت ڕۆژەڤی سەرەکیی دانووستاندنەکانی لە بەغدا بێت. ڕەنگە هەرێمی کوردستان خوازیار بێت بە ڕێگەی یاساییەکەوە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت کە لەوانەیە ئەگەر سازشی لەسەر بکرێت مەسەلەی مانەوەی هێزە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لەخۆبگرێت کە بەغدا لە ساڵی 2018وە دەیەوێت بیخاتە ڕۆژەڤ. لەوانەیە ڕەهەندێکی دیکەی سەردانەکەی بارزانی، پەیوەندیی بە حکومەت و گفت و بەڵێنەکانی سوودانی بە کوردەوە هەبێت کە بەتەمایە جێبەجێ بکرێن. هەڵبەت بەپێی دۆخی ئێراق بێت، ئەستەمە بتوانێت هەموویان بباتەسەر.
ڕەنگە دانانی ئەجێندای سەردانەکەیشی بەو شێوەی کە زۆربەی سەرکردە گرنگەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببینێت، لەبەر ئەوە بووبێت کە سەرۆکوەزیران لە ئێراق ناتوانێت خۆی بە تەنیا هەموو بڕیارێک جێبەجێ بکات. [1]