$پەلامارەکانی ئێران و تورکیا؛ هەولێر دەبێت چۆن مامەڵە بکات؟$
د. #عادل باخەوان#
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە و کۆماری تورکیاش وەرزێکی نوێ لە هێرش دەستپێدەکات. ئەم هێرشانە مەترسییەکی گەورەیان لەسەر هەرێمی کوردستان درووستکردووە و پرسی ئاساییش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا دەخەنە ژێر پرسیاری جیدییەوە.
ئێمە دەبێت هەمیشە لەو بەڵگەنەویستەوە دەستپێبکەین کە هەرێمی کوردستان لەنێو کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستدایە کە چەندین ساڵە گڕیگرتووە و بە چەندین قەیرانی ستراتیژی و تەنانەت وجودیشەوە دەناڵێنێت. وێناکردنی هەرێمی کوردستان وەک ڕووبەرێکی ئارام و ئاساییش و سەقامگیر، لە ڕۆژهەڵاتێکی نائارام، نائاساییش و ناسەقامگیردا هەڵەیەکی میتۆدۆلۆژییە کە نابێت بیکەین. لێرەوە ئەوەی گرنگە پرسیارە سەرەکییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێت لەنێو ئەم کۆنتێکستەی ڕاپەڕین و یاخیبوون و جەنگی نێوخۆ و ئیفلاسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، چۆن مامەڵەبکات و چۆن بمێنێتەوە، چۆن وتارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بینابکات و چۆن ستراتیژیەتی جووڵانەوەکانی سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لەم چرکەساتەدا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات و هۆکارەکانی چین و چۆن دەبێت حکومەتی هەرێی کوردستان ئیدارەی بکات؟
بۆچی تورکیای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئێستا و ئێرەدا نەک هەر پەلاماری ئاسمانیی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان دەدات، بەڵکوو خۆیشی بۆ هێرشی زەوینی ئامادە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟
لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەو دۆخەی کە من هەفتەی ڕابردوو لە کوردستان بینیم، چەند بەرگەی ئەوە دەگرێت و ڕێگەی ئەوە دەدات کە هەرێمی کودستان وەک چوارچێوەیەکی دەوڵەتی و یاسایی لەبەرانبەر ئێران و تورکیادا ستراتیژیەتی جووڵانەوە دابنێت؟
لە 16ی سێپتێمبەرەوە کە دەکاتە ڕێکەوتی کوشتنی ژینا ئەمینی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی نیشتمانی بووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە گوزارشتێکی زیندووە لەو قەیرانە سەختە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و ئابوورییانەی کە چەندین ساڵە ئەژنۆیان لەسەر سنگی ئێرانی ئایەتوڵڵاکان داناوە.
لەبەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا، کۆماری ئیسلامی بە دوو ستراتیژیەت مامەڵە دەکات؛ ستراتیژیەتی یەکەم بریتییە لە داپڵۆسینی ڕێژەیی بزووتنەوەی ناڕەزایی، ڕێژەیی بەمانای ئەوەی کە ڕاستە کوژراو و برینداری زۆر هەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هێشتا بەشێوەیەکی ڕەها دەستی لە بزووتنەوەی ناڕەزایی نەکردووەتەوە و هەموو هێز و کەرەستە و میکانیزمەکانی داپڵۆسینی بەکارنەهێناوە.
ستراتیژیەتی دووەمیش بریتییە لە درووستکردنی دوژمنێکی خەیاڵکراو کە لە پشت ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی ئەم بزووتنەوەی ناڕەزاییەوەیە و لە ئێستا و ئێرەشدا، لەنێو حیکایەتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو دوژمنە بریتییە لە دیموکرات و کۆمەڵەیەک کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن بۆ پیلانگێڕان دژی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران. لێرەوە، بارەگاکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستاندا دەبن بە ڕووبەری هێرشی بەردەوامی سوپای پاسداران.
لەسەر ئاستی تورکیاشدا، ڕووداوێکی گەورە بەڕێوەیە، مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا ڕێکدەخرێن، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە 2002ەوە لە دەسەڵاتدایە، دۆخی باش نییە و گریمانەی بردنەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەمی چڕی دەکەوێتە سەر. لێرەوە و لە خەیاڵدانی سیاسیی ئەردۆغاندا، سازدانەوەی جەماوەر و گوشینی تووڕەبوون و بێ ئومێدییەکانیان و پاشان بەرزکردنەوەی شانسی ئەوەی کە سەرلەنوێ دەنگی پێ بدەنەوە، وادەخوازێت کە دیسانەوە جەنگ دژی دوژمنێک، با درووستکراویش بێت، ڕابگەیێنێت و بە تورکەکان بڵێت کە ئێوە هەڕەشەی مان و نەمانتان لەسەرە و تاکە کەسێکیش کە بتوانێت لەو هەڕەشەیە بتانپارێزێت، منم و بەس: یان من یان تۆفان!
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن مامەڵە بکات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سێ ئاڕاستەی کارکردن هەن کە دەبێت لە یەک کاتدا ڕووبەری جووڵانەوەی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان بن. یەکەم: خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە بۆچوونی من، سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەس نین، بە پێچەوانەوە، دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ و زیندوو لەگەڵ ئێراندا و لە تاران یان هەولێر فەرمانێکی هەنووکەییە. دیپلۆماسییەت ئەگەر لەم کاتانەدا کار نەکات، بەکەڵکی هیچ کاتێکی دیکە نایێت. هەرێمی کوردستان پێی خۆشبێت یان نا، ئێران یەکێکە لە دوو زلهێزەکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەبێت نەک هەر دیالۆگی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکوو گوێ بۆ بەرژەوەندی و ترس و ڕاڕایی و پرسیار و داواکاریەکانیشی بگیرێت و بەهەند وەربگیرێن. بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوەدا نییە کە لەپێناوی تووڕەنەکردنی ئەمریکادا، دیالۆگی خۆی لەگەڵ ئێراندا دوابخات بۆ کاتێکی نادیار.
ئاڕاستەی دووەم بریتییە لە ڕووبەری دیموکرات و کۆمەڵە؛ ئامادەیی حیزبە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بە دیالۆگێکی جیددی لەنێوان حکومەت و هەر یەکێک لەو حیزبانەدا هەیە. هەرێمی کوردستان دەبێت تێبگات لەوەی کە چی دیکە سەرزەمینێکی کراوەی شۆڕشگێڕیی نییە، بەڵکوو چوارچێوەیەکی دەوڵەتی و دەستوورییە و هەموو جیهان وەک کیانێکی فیدراڵی دانیان پێدا ناوە؛ واتا: هەرێمی کوردستان دەبێت وەک بەرپرسێک لەنێو سیستمی هەرێمایەتی و جیهانیدا مامەڵە بکات، نەک وەک یاخییەک. لێرەوە، چەند دەبێت مافە مرۆیی و سیاسییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی یاسایی بپارێزێت، هێندەش دەبێت لەو پەڕی بەرپرسیارییەتیدا بێت لەبەرانبەر ئەو دەوڵەتانەی کە وەک هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. لەم سەری شارەوە، هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت دیالۆگێکی ورد لەسەر ئەم پرەنسپیە بکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان و لەپێناوی ئاساییش و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی هەرێمدا ڕێککەوتنی لەسەر بکەن.
ئاڕاستەی سێیەمیش بریتییە لە ڕووبەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پەنابردن بۆ ئێراق، پەنابردنە بۆ موستەحیل! ئێراق نەک هەر لە هەلومەرجی ئەوەدا نییە کە هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بەڵکوو خودی خۆیشی بۆ ناپارێزرێت.
ئەوەی کە دەتوانێت لە چەندین ئاستدا، هەرێمێکی کوردستانی لاواز لەسەر ئاستی سەربازی، دڕاو لەسەر ئاستی سیاسی، لەرزۆرک لەسەر ئاستی ئابووری، بەڵام گرنگ و بایەخدار لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیک بپارێزێت، تەنیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لێرەوە، داواکاریی یەکەمی هەرێمی کوردستان دەبێت بریتی بێت لە بەدەستهێنانی سیستمی پاراستنی ئاسمانی. خۆی لە ڕاستیدا ئەم سیستمە ئێستا هەیە، بەڵام تەنیا زۆنێکی بچووک دەگرێتەوە کە بریتییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و درێژدەبێتەوە تاوەکو هۆتێل ڕۆتانا. گرنگە هەرێمی کوردستان داوای گشتاندنی ئەم زۆنە بکات بەشێوەیەک کە هەموو ئاسمانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. بەبێ ئەمە، ئەستەمە هەرێمی کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا و ئێران پارێزراو بێت.
ئایا ئەمە کارێکی ئاسانە، بێگومان نەخێر، ئایا ئەمە کارێکی موستەحیلە، بێگومان نەخێر، ئایا ئەمە بەو جەستە دیپلۆماسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ بێگومان نازانم! [1]