$پڕۆژەی سوپای یەکگرتووی ئەوروپی$
د. #دلاوەر خالید ئاژگەیی#
هەر لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەمەوە سەرکردەکانی ئەوروپا بیریان لە درووستکردنی هاوئاهەنگی لە بەرگری و ئاساییشی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا کرد. هەرچەندە بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و تەحەدییاتی دەرەکی بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیری ئەوروپا پەیوەندییان بە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ەوە کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، بەپێویستی دەزانن هاوکاریی بەرگریی ئەوروپی زیاتر بکەن.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدییانە، یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتێکی هاوبەشی ئاساییش و بەرگری (CSDP) ی دامەزراندووە، کە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و بەهێزکردنی ئاساییشی جیهانییە. تائێستا (CSDP) گرنگترین دەستکەوتە کە ئەوروپییەکان بەدەستیان هێناوە لە بواری ئاساییشی هاوبەش لە ئاستی ئەوروپی، بەڵام هەڕەشە نوێیەکانی تیرۆریستان لە دژی یەکێتیی ئەوروپا و هەڕەشە نوێیە دەرەکییەکان، بەتایبەت هەرەشەی ڕووسیا بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و داهاتووی ناتۆ وای کردووە کە بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا بیر لە درووستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی بکەنەوە. ئەم وتارە شیکارییە خاڵە بەهێزەکان، لاوازییەکان، دەرفەتەکان و هەڕەشەکانی دامەزراندنی سوپای ئەوروپا دەخاتەڕوو.
درووستکردنی سوپایەکی هاوبەش بۆ ئەوروپا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بۆ یەکەمجار لەلایەن (رێنی پلێڤنەوە) لە ساڵی 1950 پێشنیاز کرا. پلانەکەی پلێڤن کە ئەمریکا ڕەتیکردەوە، لەسەر بنەمای سوپای هاوبەش بوو بۆ ئەوروپا کە هەموو وڵاتانی ڕۆژاوا جگە لە ئەڵمانیای ڕۆژاوا تێدا بەشداربوون. لە ساڵی 1952 کۆمەڵگەی بەرگریی ئەوروپا (EDC) درووستکرا. بەپێی ئەم پەیماننامەیە، سوپای فرەنەتەوەیی ئەوروپای ڕۆژاوا شانبەشانی هێزەکانی ئەڵمانیای ڕۆژاوا دەیانتوانی لەژێر فەرماندەیی هاوبەش و بودجەی هاوبەشدا کاربکەن. شەڕی ناوخۆ لە دڵی ئەوروپا لەنێوان بۆسنە و سربیا و ڕۆڵی لاوازی یەکێتیی ئەوروپا هانی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپای دا بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ پەرەپێدانی سیاسەتێکی هاوبەش و کاریگەریی ئاساییش و بەرگری بۆ یەکێتیی ئەوروپا. هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئاساییش و بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا بووە بابەت و گفتوگۆی سەرەکی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە کۆڵن لە ساڵی 1999 و پەیمانی ئەمستردام. لە ئەنجامدا سەرکردەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە یەکێتیی ئەوروپا پێویستە سەربەخۆ و بەبێ ناتۆ لە ڕێگەی هێزە سەربازییەکانییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جیهانییەکان مامەڵە بکات، بەڵام ئامانجی ئەم پەیماننامەیە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەبوو و بۆشایی لەم بوارەدا هەبوو. هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی ئەیلوول بۆ سەر ئەمریکا و دواتر هێرشە تیرۆریستییەکانی لەندەن و مەدرید لە ساڵانی 2004 و 2005، بڕیاردەرانی یەکێتیی ئەوروپای هان دا، کە بە جیدی بیر لە میکانیزمێکی نوێ بکەنەوە بۆ بەرگریکردن لە یەکێتی ئەوروپا لەبەرانبەر ئەم هەڕەشە نوێیانە دا.
لە ساڵی 2009 پەیمانی لیزبۆن بە فەرمی ڕاگەیێندرا و بەپێی مادەی 7/42، ڕێگەی بە چالاکییەکی سەربازی هاوبەشی ئەوروپی درا لە کاتی پێویستدا. بەگوێرەی ئەم پەیمانە نوێیە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، هەموو ئەندامانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە پشتیوانی و هاوکاری ئەو ئەندامە بکەن، کە هێرشی کراوەتە سەر. ڕەنگە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی پەیمانی لیزبۆن درووستکردنی سیاسەتی هاوبەشی ئاساییش و بەرگری بووبێت، کە لەژێر سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە و ئاساییشدا (CFSP) کاردەکات. (CSDP) ڕێگەی بە یەکێتیی ئەوروپا دا کە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی ئەرکەکانی ئاساییشی جیهانی و ئاشتیپارێزی لەدەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام (CSDP)بە مانای یەکگرتنی تەواوەتی سوپای یەکێتیی ئەوروپا نەبوو.
ئێستا زیادبوونی گومانەکان سەبارەت بە پابەندبوونی ئەمریکا بە ناتۆ لە سەردەمی سەرۆک ترەمپدا، برێگزیت، کشانەوەی ناتۆ لە ئەفغانستان، داهاتووی شەڕی تیرۆر، زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە تەواوی یەکێتیی ئەوروپایان خستۆتە سەر بڕیاردان لەسەر داهاتووی ئاساییش و بەرگریی یەکێتییەکە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدییانە، یەکێتیی ئەوروپا لە دۆخێکدایە کە ڕەنگە بەپێی سیاسەتێکی هاوبەشی ئاساییش و بەرگری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، سوپای ئەوروپی پەرەپێبدات یا خود پشت بە ناتۆ ببەستێت. لێرەدا خاڵە بەهێز و لاوازەکان و دەرفەتەکان و هەڕەشەکانی پێکهێنانی سوپای یەکگرتووی ئەوروپی دەخەمەڕوو.
$خاڵە بەهێزەکانی پێکهێنانی سوپای ئەوروپی$
پشتگیریی سیاسی لەلایەن گرووپە سیاسییە گەورەکانی ئەوروپا: لایەنگری یەکێتیی ئەوروپا لە کارنامەی سیاسیی خۆیاندا پشتگیری لە بەڕێوەبردنی فەرماندەیەکی هاوبەشی ناوەندی بۆ بەرگری لە برۆکسل دەکەن.
بودجەی هاوبەش: بە هەبوونی بودجەیەکی هاوبەش بۆ سوپای یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی ئەندام سەرچاوەی دارایی کەمتر بۆ تێچوون و ئامراز و ڕێکخستنە سەبازییەکان خەرج دەکەن. هێزەکانی ناتۆی ئەوروپا لە ئێستا وە لەژێر فەرماندەیی هاوبەشی ناتۆدان: بەو پێیەی زۆربەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە ئێستا وە ئەندامی ناتۆن وەک بەشێک لە هێزەکانی ناتۆی ئەوروپا، دەتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ سوپای ئەوروپی لەژێر فەرماندەیی هاوبەشدا.
هەڕەشەکانی ڕووسیا: بەرزبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا بەرانبەر بە ئەندامانی پێشووی سۆڤیەت لە یەکێتیی ئەوروپا و پێویستی بە هاوکارییەکی سەربازی بەهێزتری ئەوروپا و هاوبەشی سەربازی لەنێوان ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا. داهاتووی ناتۆ: ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ دەبێتە هۆی درووستکردنی ئاساییش و بەرگری بەکۆمەڵتر بۆ یەکێتیی ئەوروپا. داهاتووی شەڕی دژی تیرۆر: ئاییندەی شەڕی تیرۆر، بەتایبەتی کشانەوەی ناتۆ لە ئەفغانستان، بەبێ ڕێککەوتنێکی تۆکمەی ئەوروپییە هۆکارە بۆ ئەوروپییەکان بیر لە سوپایەکی ئەوروپی بکەنەوە.
$خاڵە لاوازەکان$
داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ: زۆربەی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ئەندامی ناتۆن، کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە دابینکردنی ئاساییش بۆ یەکێتیی ئەوروپا.
بەرگریی هاوبەش: ئەگەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لەژێر هێرشدابێ، پێویستە هەموو ئەندامانی دیکە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری بکەن.
بڕیاردان لە (CDSP)بە شێوەیەکی گشتگیر ئەنجام دەدرێت: بۆ ئەوەی بەشداری لە ئەرکەکانی دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن، هەموو وڵاتانی ئەندام بەشێکن لە پڕۆسەی بڕیاردان. دامەزراندنی (PESCO) هاوکاری هەمیشەیی پێکهاتەیی (PESCO) دەستڕاگەیشتنێکی بەرفراوانتر بۆ بەرگری دابین دەکات، کە تواناکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. پیشەسازی لە کەرتی بەرگری: وەک بەشێک لە پلانی کارکردنی بەرگریی ئەوروپا، سندوقی بەرگریی ئەوروپا (EDF) پیشەسازی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا باشتر دەکات.
$دەرفەتەکان$
شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و ئەگەری کۆتاییهاتنی لیبڕاڵ دیموکراسی ڕەنگە ببێتە هۆی نەزمی نوێی جیهانی. یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە هێزێکی سەربازی هاوبەش دەبێت بۆ باشترکردنی ڕۆڵی خۆی لە ئاستی جیهانیدا.
هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان: لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا، هەڕەشەکان لە دژی ئەندامانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا، سەرهەڵدانی چین و تیرۆری نێودەوڵەتی هەندێک هۆکاری سەرەکین کە ڕەنگە دەوڵەتانی ئەوروپا هان بدەن بە دامەزراندنی سوپایەکی ئەوروپی.
گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هاووڵاتیانی ئەوروپی: هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەوروپا ئاگادارن کە دەسەڵاتی نیشتمانییان بە تەنیا توانای پاراستنیانی نییە لە هەڕەشەکانی داهاتوو و پڕۆژەی سوپای هاوبەشی ئەوروپی سەروەری و سەربەخۆیی ستراتیژی زیاتر بە یەکێتیی ئەوروپا دەبەخشێت. ئەمەش ڕێگە بە یەکێتیی ئەوروپا دەدات ببێتە ئەکتەرێکی چالاکتر لە ئاستی نێودەوڵەتی. بەو پێیەی دامەزراندنی سوپای هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە یەکگرتنی زیاتری هێزەکانی وڵاتانی ئەندام هەیە، پڕۆژەکە یەکگرتنی زیاتری سیاسی لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا بەرهەم دەهێنێت.
$هەڕەشەکان$
هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر گفتوگۆی درووستکردنی سوپای یەکێتیی ئەوروپا لەژێر فەرماندەیی هاوبەشدا هاوڕا نین. پڕۆژەیەکی لەم جۆرە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی یەکگرتنی زیاتری یەکێتیی ئەوروپا و ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام دژی یەکگرتنی زیاترن، جگە لەوەش ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا کە بەشێک بوون لە سۆڤیەتی پێشوو متمانەیان بە کاریگەریی سوپای ئەوروپی نییە بەبێ پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا و وەکوو جێگرەوەی ناتۆ سەیری دەکەن، هەربۆیەش ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکا و ئەندامانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا دژایەتی دەکرێت.
سەرکردەکانی ئەوروپا دان بەوەدا دەنێن کە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا بە تەنیا توانای تەحەدای هەڕەشەکانی ئەم دواییەیان نییە. بۆیە پێویستە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئیرادەی بەهێزی سیاسی بۆ هەماهەنگیکردن لە پرسە ئەمنییەکانی بەرگریدا نیشان بدەن. بەو پێیەی یەکێتیی ئەوروپا ئێستا سوپای هاوبەشی خۆی نییە و ئەوە وڵاتانی ئەندامن کە بەرپرسیارن لە دابینکردنی ئاساییش و بەرگری، پێویستە یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ زیادکردنی هەماهەنگی لە بەرگری و ئاساییش. یەکێتیی ئەوروپا پێویستە چاکسازی نوێ لە (CSDP)ی ئەنجام بدات و لە کوورتخایەندا بەهێزی بکات. یەکێتیی ئەوروپا پێویستە هەنگاوی پراکتیکی بنێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی زیاتر و ئاسانکردنی هاوکاری و گەیاندنی سەرچاوەی زیاتر. پڕۆسەی بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پێویستی بە میکانیزمێکی خێراتر و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی هەیە. پێویستە یەکێتیی ئەوروپا ببێتە هاوبەشێکی ئەمنی بەهێزتر و کاریگەرتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ببێتە یاریزانێکی کارتێکەری جیهانی. بە مەبەستی مامەڵەکردن لەکاتی تەنگانەدا، یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە درووستکردنی یەکە سەربازییە هاوبەشەکان هەیە. ئەم یەکە هاوبەشانە ڕەنگە وەک یەکەیەکی بچووک و لە دوو نەتەوە پێک بێن و هەنگاوبەهەنگاو زیاد بکرێن بۆ یەکە گەورەکان، کە لە وڵاتانی زیاتر پێکبێن. پێویستە یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوێکی گرنگی دیکە بنێت بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی هاوبەش و ئەو پارەیەی کە بۆ هاوکاریی بەرگری و دەستپێشخەرییە سەربازییە هاوبەشەکان و مەشق و ڕاهێنان دیاری کراوە.
شارەزایان پێیان وایە کە پێویستە یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی و توانای ئەوان بۆ هەنگاونانی خێرایی باشتر بکات و پلانێک بۆ باشترکردنی تەکنەلۆژیای سەربازی و وەبەرهێنانی زیاتر لە پیشەسازی چەک و تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی و کەرەستەی سەربازیی مۆدێرن و پێشکەوتوودا ئامادە بکات.
جێگیرکردنی هێزی هاوبەش هەنگاوێکی دیکەی چارەنووسسازە کە دەتوانێت یەکێتیی ئەوروپا بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی تواناکان و کاریگەرییەکانی زیاتر بکات. ئەم هێزە یەکگرتووانە پێویستە لە نزیکەوە لەگەڵ ناتۆ کاربکەن.
بەشێکی دیکە لە بەرسانی ئەوروپا پێیان وایە کە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە لە ڕێگەی پلانێکی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوورتخایەن و درێژخایەن خەرجییەکانی بەرگریی خۆیان زیاد بکەن. جگە لەوەش هاوکاری لەگەڵ ناتۆ لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئاساییشی ئەلیکترۆنی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کردەوەی هاوبەش هاوکاری لەگەڵ ناتۆ بەهێزتر بکەن.
پێویستە یەکێتی ئەوروپا لە درێژخایەندا سەرنجی لەسەر یەکخستنی سوپای وڵاتانی ئەندام بێت. بەو پێیەی یەکێتیی ئەوروپا هەمان بەها و بەرژەوەندی و تەحەدیی هاوبەشی وەکوو ناتۆی هەیە، هەر دەستپێشخەرییەک بۆ درووستکردنی سوپای یەکێتیی ئەوروپا دەبێت تەواوکەری ناتۆ بێت و نابێت ببێتە بەدیلێک بۆ ناتۆ. لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی سوپای ئەوروپا سوودی بۆ ناتۆ هەبێت، پێویستە نزیکترین هاوکاری لەگەڵ ناتۆدا هەبێت و باشترین بژارەش ئەوەیە کە لەژێر فەرماندەیی ناتۆدا کاربکات. دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە یەکێتیی ئەوروپا پێویستە زیاتر سەرنجی لەسەر سیاسەتە هاوبەشەکانی بەرگری و ئاساییشی ئێستای خۆی بێت و پلانی کوورتخایەن و درێژخایەن بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاساییشی هاووڵاتییان و سنوورەکانی لە ڕێگەی چاکسازی و دەستپێشخەری نوێ و بە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ ناتۆ ئامادە بکات. [1]