$ماڵی کۆسرەت ڕەسوول ڕیسی ئێرانیان کردەوە خوری$
$عارف قوربانی$
سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، سنوور و سەروەریی دەسەڵاتی وڵاتان وەک بابەتێکی ڕێزلێگیراو پەسەندکراوە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام لە مێژووی دوور و نزیکماندا نموونەی زۆر هەن، کە جۆرێک لە سیاسەتی دەرەکی نادەوڵەتی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە وەک بەشێک لە ستراتیژی ململانێ لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیی، نەتەوەیی یان ئایینی و مەزهەبی پەیڕە و کراوە.
ساڵانێکی زۆر یەکێتیی سۆڤیەتی جاران پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کۆمۆنیست و چەپ و بزووتنەوە جوداخوازەکانی تەواوی دونیا درووستکردبوو، پشتگیری و پشتیوانی دەکردن وەک بەشێک لە سیاسەتی سۆڤێتی بۆ دژایەتیی دەوڵەتە نەیارەکانی. بزووتنەوەی بیری نەتەوەپەرستیی عەرەب لە سەردەمی ناسردا بەهەمان شێوە و دواتریش ئیسرائیل لەبەرانبەر دوژمنایەتیی جیهانی عەرەبی پەیوەندی لەگەڵ ئەو پێکهاتە و کەمینە ناعەرەبانەی ناو وڵاتانی عەرەبی درووستکرد. هەندێک لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبەکانیش لە ڕێگەی درووستکردنی حیزبی سیاسیی دینیی جیهادی، هەمان سیاسەتیان بەرانبەر نەیارەکانیان گرتووەتەبەر.
ئێستاش تورکیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا درێژە بە هەمان کار دەدەن وەک ئامرازێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، بەڵام هیچ کام لە و وڵاتانە نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا، هاوشێوەی ئێران سوودیان لەم (پەیوەندییە دەرەکییە نادەوڵەتییانە) نەبینیووە. لەنێوەڕاستی سەدەی ڕابردوو بە دواوە (حەمە ڕەزا شا) ئەم سیاسەتەی کرد بە ئامرازێکی گرنگی ململانێ لەگەڵ هەموو ئەوانەی بە مەترسی دەزانی لەسەر دەسەڵات و وڵاتەکەی. لە کوردی ئێراقەوە بۆ شیعەی لوبنان و سووریا و یەمەن تا موجاهیدەکانی ئەفغان و تەنانەت بۆ دژایەتیی یەکێتیی سۆڤییەت دەستی گەیشت بە کێشە ناوخۆییەکانی (ئەنگۆلا) و لەوێش پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی درووستکردبوو دژ بە بەرەی میللی، کە یەکێتیی سۆڤییەت پشتیوانی دەکردن.
لە دوای کودەتاکردن بەسەر شادا، ئەم سیاسەتی پەیوەندییە نادەوڵەتییانە لە ئێران وەک بەشێک لە هەناردەکردنی (شۆڕش) شێوازێکی ڕێکخراوتر و فراوانتری وەرگرت. ئێستا ئێران نەک هەر لەناو وڵاتانی دەرودراوسێی، بەڵکوو دەستی لە هەناوی زۆر لە و وڵاتانەدا هەیە کە ناکۆکی و ململانێیان هەیە. پەیوەندییەکانی گەیاندووەتە ئاستێک کە لە هەندێک لە و وڵاتانەدا گرووپ و هێزی چەکداری نەتەوەی جیاوازی وابەستەی سەر بە ئێران هەن.
ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە سەرنجی بخەمەسەر دیوێکی دیکەی ئەم سیاسەتەیە لەلایەن ئێرانەوە، ئەویش جۆری مامەڵەکردنێتی لەگەڵ ئەو هێز و گرووپانەی دۆست یان وابەستەی سیاسەتی ئێرانن. دەکرێت ئەمە وەک خەسڵەتێکی تایبەتی ئێرانی بناسرێتەوە کە هیچ کام لە و وڵاتانەی هاوشێوەی ئێران پەیوەندی نادەوڵەتییان هەیە بە و شێوازەی ئێران مامەڵە لەگەڵ دۆستەکانیان ناکەن. ئەویش دوو شتە، یەکەمیان هیچ وڵاتێک بە ئەندازەی ئێران وەفادار نییە بۆ دۆستە وابەستەکانی. دووەمیان جێی سەرسوڕمان و تێڕوانینی وردە، کە ئێران نایەڵێت هیچ کام لە و حیزب و هێز و گرووپە سیاسی و چەکدارییانەی دۆست و وابەستەی سیاسەتی ئێران دەبن، بەیەکگرتوویی بمێننەوە، ناهێڵێت خاوەن ئیرادە و ناوەندێکی بەهێزی خۆبەڕێوەبردن بن. تا بۆی بلوێ پارچەپارچەیان دەکات، دەیانکات بە چەندین هێز و گرووپی جیاجیاوە. تەنانەت ئەگەر حیزبەکە بەیەکگرتوویش بهێڵێتەوە، لەناو هەناوی ئەو حیزبەدا چەندین ئاڕاستە و گرووپی جیاواز درووست دەکات و هەموویان گرێدەدات بە خۆیەوە.
قسەکردن لەسەر کۆی ئەم سیاسەتەی ئێران پێویستی بە توێژینەوەیەکی فراوانی نامەی دکتۆرایەکە، نەک وتار یان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، بەڵام ئەگەر هەر بە چاوێکی خێرا لە هەندێ وێستگەی حیزبە ئێراقی و کوردستانییەکانی دۆستی ئێران بڕوانین چەندین نموونەی بەرجەستەمان بەرچاو دەکەوێت، کە ئەو خەسڵەتەی ئێران دەسەلمێنن. شیعەکانی ئێراق وابەستەترین پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینین بە ئێرانەوە. تەماشا بکەن ئێران چی بەسەرهێناون، لە حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی- مجلس ئەعلای محەمەد باقر حەکیمەوە تا یەکەیەکەی گرووپەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆ، ئێران نەیهێشتووە هیچیان وەک هێزێکی سیاسیی خاوەن ئیرادە و بەهێز بمێننەوە، کردوونی بە پارچەی بچووک بچووک. تەنانەت ئەو هێزە چەکدارەی لەسەر هەمان بنەمای عەقیدەی سەربازیی سوپای پاسداران لە ئێراق بەناوی حەشدی شەعبی درووستیکردووە، نەیهێشتووە سوپایەکی یەکگرتووبێت، کردوونی بە 68 فرقەی جیاوازەوە، کە هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت، بەڵام هەمووشییان لەچوارچێوەی پڕۆژەی ئێران دەخولێنەوە کە تەشەیوعە.
لە کوردستانیش بەهەمان شێوە، ئێران ڕۆڵی سەرەکی لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی چەکداریی کورد هەبووە لە ئەیلوولی 61، بەڵام بۆ ئەوەی شۆڕشەکە خاوەن یەک هێزی تۆکمە و یەک ناوەندی سەرکردایەتی نەبێت، ئێران لە ڕێگەی عیسا پەژمانەوە درز دەخاتە ناو شۆڕش و یەکەم لێکترازان لەناو بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان درووست دەکات. هەموو ئەو ڕووداوانەی لە و نزیک بە سێ چارەکە سەدەیە ڕوویانداوە، دەستێکی ئێرانی تێدابووە. کام هێزی سیاسی لێی نزیک بووبێت، لەناو هەناوی ئەودا زیاتر سەرچاوەی کێشە و ناکۆکییەکانی بووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە حوکمی جوگرافیا و هەندێ هۆکاری دیکە، لەناو بازنەی دۆستایەتیی ئێراندایە، باجی ئەو دۆستایەتییەشی لە دوولاوە داوەتەوە. لەلایەک نەیارەکانی ئێران و بەهۆی سرووشتی مامەڵەی ئێران لەگەڵ دۆستەکانی لەلایەن خودی ئێرانیشەوە. کێشە و ناکۆکییەکانی سەردەمی سەرهەڵدانی باڵی ڕیفۆرم و جیابوونەوەیان و درووستکردنی گۆڕان، تا ڕووداوەکانی 8ی تەممووزی دوو ساڵی ڕابردوو، لە هەموویاندا ئێران ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. هەرکات کێشە لەناو یەکێتی هەبووبێت ئێران وەک تەرەفێک ئامادەیی هەبووە. پرسیارەکە لێرەدایە هیچ کات یەکێتیی بە ئەندازەی ئەمڕۆ خاوەن یەک ئیرادەی بەڕێوەبردن و یەک ناوەندی بڕیار نەبووە، ئایا ئیتر ئێران شادومانە بەوەی حیزبێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکە دۆستی بێت؟
سرووشتی ئێران بەوجۆرەیە و مێژووش ئەوەی سەلماندووە لەناو هەر گەل و نەتەوە و لە هەر وڵاتێک هەر هێزێکی سیاسی کەوتبێتە ناو بازنەی دۆستایەتیی ئێرانەوە، سەرەتا نەیارەکانی پەراوێزخستووە و حیزبەکەی لە دەستێکی ئەمیندا بۆ ئێران کۆکردووەتەوە، بەڵام نەشیهێشتووە ئەو حیزبە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، کەوتووەتە درووستکردنی ناوەندی جیاجیای بڕیار لەناو حیزبەکە و پەلی هەر یەکیانی بەستووە بە ناوەندێکی خۆیەوە.
ئەو هەواڵەی لە دوو هەفتەی ڕابردوو دزەی کرد بۆ میدیاکان کە ئێران بە نیازە لەناو یەکێتی بە پاساوی تەندرووستیی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەوە، زەمینەی گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە، ئەوە دەستپێکی قۆناخی دووەمی مامەڵەکردنی ئێرانە لەگەڵ یەکێتی، بەتایبەتیش کە لە بنەڕەتەوە بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و نەچوونەژێر باڵی ئێرانەوە، کینەیەکیان بەرانبەر بە کۆسرەت ڕەسوول هەیە، چونکە ئەو تاکە سەرکردەی سەردەمی شاخ بوو کە ناڕازی بوو بەوەی دەرگە بە ڕووی ئێراندا بکرێتەوە بۆ هێنانیان بۆ کەرکووک و دواتر بۆ هەڵەبجە.
کاک کۆسرەت بەوردی ئەو گفتوگۆ و ڕووداوانەی بۆ من گێڕاوەتەوە و مام جەلالیش لە دیداری تەمەندا دەیگێڕێتەوە کە دوای ئەوەی وەفدی یەکێتیی دەچنە ئێران و لەسەر ئەوە ڕێککدەکەون پێکەوە لەگەڵ سوپای پاسداران چالاکیی سەربازی بکەن، تەنیا کەسێک کە ناڕازی و بیروڕای جیاواز بووە کۆسرەت ڕەسوول بووە. لە سەردەمی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هەوڵی تیرۆرکردنی کاک کۆسرەت لە کەرکووک و دواتریش، ئێران لە پشتی پیلانگێڕییەکانەوە بوو، بۆیە چاوەڕوانکراوە ئێستاش بە جۆرێکی دیکە بەردەوام بن لەدژی.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە وەک زانیاریی پێشوەختە کە هێشتا لەناو یەکێتی زەمینەی بۆ خۆشنەکرابوو، ماڵی کاک کۆسرەتی بەئاگاهێنا لەوەی چی دەگوزەرێت و ڕیسەکەی ئێرانی کردەوە بەخوری، بەڵام ئایا ئێران بە ئاشکرابوونی دەستی ئیتر کۆڵ دەدات، یان بە سیناریۆی جیاوازەوە دێتەوە؟ [1]