ناونیشانی بابەت: 20 ساڵ دواتر؛ چیمان لە ئێراق کرد
ناوی نووسەر: د. #عادل باخەوان#
وردەوردە لە 9ی نیسان نزیکدەبینەوە، وردەوردە لە 20 ساڵ دوای دیکتاتۆر نزیکدەبینەوە، بەڵام نەک 20 ساڵ، بەڵکوو چەند سەدەیەک لەو خەونانە دووردەکەوینەوە کە لەپێناویاندا دژی دیکتاتۆریەتی سەدام حسێن خەباتمان دەکرد و دەریایەک لە خوێنمان ڕشت.
یەکێک لەو خەونانەی کە لەپێناویدا خەباتمان دەکرد و دژی دیکتاتۆریەت تێدەکۆشاین، درووستکردنی دنیایەکی جوانتر بوو بۆ هەژاران و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام لە 20 ساڵی ڕابردوودا، هەژارەکان تادێت هەژارتر دەبن. لە پارێزگای زیقار ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 40، 90%، لە میسان 42، 30%، لە دیوانیە 44، 10% و لە موسەنا 52، 50% و لە کۆی نیشتمانیش %25ی هاووڵاتییان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئەم داتا ترسناکانە دەریدەخەن کە 20 ساڵ دوای دیکتاتۆر، چەند هەموومان پێکەوە شکستمان هێنا لە درووستکردنی دنیایەکی جوانتر بۆ هەموو ئەو هەژارانەی کە لەپێناویاندا خەباتمان دەکرد و لە هەمانکاتدا سووتەمەنی یەکەمی خەباتەکەمان بوون.
خەونێکی دیکەمان بریتیبوو لەو نەوانەی کە پاش ئێمە دێن؛ ئێمە هەموومان، لە فاوەوە تاوەکوو #زاخۆ#، خەونمان بەوەوە دەبینی کە پاش دیکتاتۆر، جیهانێکی تەندرووست بۆ نەوەکانمان درووستبکەین، بەڵام 20 ساڵ دوای سەدام حسێن و ڕژێمەکەی و بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر منداڵێک کە لە ئێراقدا لەدایکدەبێت، 60%ی تواناکانی خۆی لەدەستداوە. واتە ئەو هەلومەرجە بابەتییەی کە لە 20 ساڵی دوای سەدام حسێندا درووستمان کرد، وادەکات کە هەر منداڵێکی ئێراقی کە لەدایکدەبێت، هەر لەسەرەتاوە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبێت کە 60%ی تواناکانی قابیل بە سازدان و بەکارهێنان نەبن و تەنیا دەبێت گرەوە لەسەر 40%ی تواناکانی بکات. واتە منداڵێکی ئێراقی تەنیا بە 40% لە تواناکانییەوە داخڵ بە مێژوو دەبێت و بەرپرسیاری یەکەمیش، ئەگەر نەڵێم تاکە بەرپرسیار، ئێمەین، ئێمە ئەو نەوەیەین کە لەپێناوی نەوەکانی داهاتووماندا خەباتمان دژی دیکاتۆریەت دەکرد، بەڵام کە گەیشتینە دەسەڵات، ئەم هەلومەرجەمان بۆ درووستکردن.
کاتیگۆریی ژنان لە ئێراقدا بەشێکی گرنگی ئەو ماکرۆ درووشمانەبوون کە ئێراقییەکان، بە جیاوازیی ئینتیما و شوناسەکانیانەوە، لەپێناوی مافەکانیدا دژی دیکتاتۆریەت خەباتیان دەکرد و عەلمانییەکان و ئیسلامییەکان وەک یەک، بەڵام لەسەر شاری جیاوازەوە، چیرۆکی گەورەیان لەسەر مافی ژنان بەرهەمدەهێنا، بەڵام لە ئێراقی پاش دیکتاتۆردا، تەنیا 13% بەشداریی ژیانی چالاکی هێزی کاردەکەن، واتە 87% ژنانی ئێراقی هیچ شانسێکی ئەوەیان نییە کە کاربکەن و ببن بە خاوەنی داهات و ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، لەکاتێکدا لە ساڵی 1979 دا 47% پزیشکەکانی ئێراق ژنبوون! لەسەر ئاستی جیهان تەنیا یەمەن لە ئێراق خراپترە و ڕێژەی دوورخستنەوەی ژن لە هێزی بەرهەمهێنان 87% تێدەپەڕێنێت، واتە تەنانەت سۆماڵ و باشووری سوودان و سەنیگالیش لە ئێراق زۆر باشترن!
گرووپێکی دیکەی کۆمەڵایەتی کە لەپێناویدا هێزە ئێراقییەکان خەباتیان دژی سەدام حسێن دەکرد بریتیبوو لەو هەزاران هەزار ئێراقیەی کە ساڵانە و پۆل پۆل وڵاتەکەیان بەجێدەهێشت و ڕێگەی مەنفایان دەگرتەبەر. 20 ساڵ پاش سەدام حسێن و بەپێی داتا فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ ملیۆن و 400 هەزار ئێراقی لە 14 وڵاتی دنیادا پەناهیندەن و هیچ خواست و ئارەزوویەکی گەڕانەوەیان بۆ ئەو نیشتمانە نییە کە پاش دیکتاتۆر بۆمان درووستکردن. بەبێ ئەوەی باسی ئەو چوار ملیۆن و 100 هەزار ئێراقییە بکەین کە لەناوخۆی وڵاتەکەیاندا ناچار بە ژیانی ئاوارەیی ناوخۆیی کراون.
هەر لەم ئێراقە نوێیەدا کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا درووستمان کرد، ئێمە پێنج ملیۆن و 600 هەزار منداڵی بێ باوکمان هەیە کە هیچ ئاسۆیەکیان لەبەردەستدا نییە و دەزگەکانی ئەو دەوڵەتەی کە پاش دیکاتۆریەت درووستمان کردن، هیچ جۆرە پڕۆگرامێکی ستراتیژی بۆ ئەم کاتیگۆریە کۆمەڵایەتییە نییە کە باوکی بەشێکی زۆریان سووتەمەنی ئەو شۆڕشەبوون لە دژی سەدام حسێن بەرپامان کردبوو.
هەر لەم ئێراقە نوێیەدا ئێمە شەش ملیۆن ئێراقیمان هەن کە نازانن بە درووستی بخوێننەوە و بنووسن، لە کاتێکدا سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ئێراقی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا و بەپێی ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستبووە و خوێندکارانی جەزائیر و میسر و توونس خەونیان بەوەوە دەبینی کە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئێراقدا خوێندن تەواو بکەن و بڕوانامە بەدەستبهێنن!
لە 2003 دا، ئێراق تەنیا 24 ملیۆن هاووڵاتی بوو، لە 2023 ی ئێمەدا ئێراق 42 ملیۆن هاووڵاتین و لە 2050 دەبین بە 80 ملیۆن هاووڵاتی، لەکاتێکدا هەر ساڵێک ئێراق 100 کیلۆمەتر دووجا لە خاکەکەی لە دەستدەدات و دەبێت بە بیابان و بەپێی هەموو ئاماژەکانیش لە 2050 دا ئێراق 20%ی سەرچاوە ئاوییەکانی لە دەستداوە و جیهانیش چیتر پێویستی بە نەوت نابێت و بەدیلەکەی دۆزیوەتەوە. بە زمانێکی زۆر سادە، لە 2050 دا ئێراقی نوێی ئێمە، ڕووبەڕووی گەورەترین کارەساتی مێژوویی دەبێتەوە، ئەگەر بێت و لەم چرکەساتەوە تەواوی ئەو پڕۆژانە نەخەینە کار کە ڕێگە لەم کارەساتە دەگرن و بەپێی بانکی نێودەوڵەتی، تێچووی ئەو پڕۆژانە نزیکەی 220 ملیار دۆلارن. ئەمە ئەو ئێراقەیە کە پاش سەدام حسێن درووستمان کرد! ئایا بەڕاستی ئێمە ئامادەین ئەم واقیعە وەک خۆی ببینین و وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟ [1]