بەهاره بولبول، بولبول بەهاره
سەرەتای ناڵەی سەودایی زاره
وەرە بناڵین بە جووت لە شەودا
ئێمە شەو بێدار بێ خەم له خەودا
وا بەری بەیان سپیدەی نواند
تەم و تاریکی له گوڵشەن ڕەواند
دەشت کێو هەمووی بە گوڵ خەمڵیوە
بەرگی بوکێنی تازەی پۆشیوە
هەوری بەهاری له گەرد و خولدا
چیمەن گەردانەی شەونم له ملدا
لاگیرەی زێڕه قەتارەی گوڵزار
هەیاسەی پشتە زنجیرەی ڕوبار
بە ڕەزا پرچی پەخشان کردوە
شنەی بای شەماڵ شانەی کردووە
نێرگس بە پەنجەی یادی لێلاخان
ڕووپۆشی لادا سەرمەست و خەندان
پەڕەندەش لەسەر لقی درەختان
هەر یەک ئاوازێ ئەڵێن بۆ بەیان
پۆڕ بە گەناسه و قومری بە ئاواز
بوون بە دوو یاری هاودەم و ئاواز
کەو بە قاسپەقاسپ کۆتر به هاق هاق
له دڵ دەرئەکەن مەینەت و فیراق
جریوەی چۆلەکە و شەقەی باڵی مەل
وەک مۆسیقایه لەم کەل بۆ ئەو کەل
قوقەی کەڵەشێر دەنگی بانگدەران
له ئەرز تێپەڕین گەیین ئاسمان
ئاسمانیش ئەوا چاو ئەکاتەوە
دونیای پڕ له تەم ڕوون ئەکاتەوە
وەرە من توێش هاوڕاز و هاودڵ
من شێتی پەرچەم تۆ شێتی ڕووی گوڵ
تۆ بڕۆ سەرچڵ من له پای کۆهسار
خوڕ خوڕ بڕێژین فرمێسکی خونبار
تێروپڕ بگرین یەکدەنگ و ئاواز
تا وا خول ئەدا گەردوونی کەچ باز
هەتا پاڵ ئەدەین بەلای مەرگەوە
بە شوێن زامانی دڵ و جەرگەوه
تاکوو ئەچینە باوەش دایکی خاک
بە ئاهی سەرد و بە دڵی خەمناک
بپاڕێینەوە لای تاکه خوامان
بەڵکوو بێتەدەر گوڵی هیوامان
#ئەخۆل#