خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنفال 01
نووسین: د. حسێن محەمەدزادە؛ مامۆستای کۆمەڵناسی
وەرگێڕانی: موحسین عەلیڕەزایی
ئەنفال، دیارترین و گەورەترین پڕۆژەی پاکتاوکردن و قڕانکردنی کورد بووە لە مێژوودا.
$وتەیەکی پێویست$
ئەنفال، دیارترین و گەورەترین پڕۆژەی پاکتاوکردن و قڕانکردنی کورد بووە لە مێژوودا، ئەویش لە سەردەمێکدا بەشێکی گەورەی پێکهاتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەکانی سەر زەوی بەرەو جۆرێک لە شارستانییەتی یاساتەوەر و سەقامگیریی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و بازرگانی هەنگاویان نابو، بەڵام بێدەنگی ئەوان و کۆی وڵاتانی جیهان و دەورووبەر لە کات و ساتی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە و پیلانە گەورەیەدا، دەرخەری ئەو قەڵشت و درزە گەورەیە بوو کە شارستانییەتی مرۆڤایەتی نەیتوانی پەردەپۆشی کات، روودانی “ئەنفال” لە کۆتاییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا نووشستی و هەرەسهێنانی ویژدان و ئەخلاقی سیاسی مرۆڤە کە جەنگە جیهانییەکان هێشتا وەهۆش خۆی نەهێناوتەوە، داماڵینی ئەو دەمامکە مەکیاجکراوە یاسایی و مەدەنییە بوو کە لە کۆمەڵگە و کەلتوورە نومایشی و نوواندنەوەییەکانی ئەورووپا و ئەمریکادا دیموکراسی و دروشمەکانی مافی مرۆڤی پێ دەخەمڵێنن و ئێمەی پێ ئەفسوون و سیحر دەکەن، ئەمەش درێژەی هەمان سیاسەتی کۆلۆنیالیستی و پۆست کۆلۆنیالیستی ئەوان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕێگەی سیستەم و ڕژێمە دارەدەستە ڕاسەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانەوە پیادە دەکرا. لەسەر “ئەنفال” زۆر باس کراوە، بەڵام “ئەنفال” هێشتا نەناسراوە یان کەم ناسراوە. دیسکۆرسی ئەنفالناسیی ئێمە زیاتر خستنەڕووی ئامار و گێڕانەوەیەکی حەکایەتئامێزی قۆناغەکانی ئەنفال و وتووێژێکی نیوە و نیوەچڵ لەگەڵ شایەتحاڵانە کە سەرەڕای پێویستی و گرینگبوونی هێشتا کەم و کوورتە و نابێ بەمەوە بوەستینەوە. شیکاری و لێکدانەوەی هۆکارە ئایدۆلۆژی و سیاسی و تەکنۆلۆژییەکانی ڕوودانی ئەنفال، پەیوەندی ئەنفال و مۆدێڕنیتەی ڕۆژهەڵاتی (ئێراقی) ، پێکهاتێکی مۆدێڕن بە ناوی دەوڵەت بە ناوەرۆکیکی خێڵەکی بەناوی حکوومەت لە ئێراقدا و دەیان مژار و ڕەهەند و لایەنی شیکارانەن، دەشێت بە میتۆدی مێژوویی و فەلسەفی (سیاسی، ئەخلاقی و…) بخرێنە بەرباس و شیکاری، ئەم وتارە لێرەدا هەوڵدەدات ئەنفالناسی له و کڵێشەبێژی و شینگێڕییە بۆنەییە بێنێتە دەرەوە و کرۆک و ناواخنی بکەر و سیستەمێک بناسێنیت کە ئەنفالی پێناسە کرد و نەخشاندی، به و پەڕی شانازی ئەخلاقی بۆ نیشتمان و وڵات و …جێبەجێ و پیادەی کرد.
$پووختە$
لە ئێراقدا؛ ئەنفال بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کورد-قڕان و پاکتاوکردنی کوردان لە باشووری کوردستان دەگوترێت، کە لە ئەنجامیدا سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس بێسەروشوێن بوون و زیندەبەچاڵ کران و کوژران، نێزیکەی 4000 گوند خاپوور کران. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیە هەڵوێستەکردنە لەسەر چۆنێتی و هۆکارەکانی پشت ئەم ڕووداوە. لە ڕەهەندی تیۆریکەوە و بۆ ڕوونکردنەوەی وەڵامی پرسیاری “بۆچی ئەم ڕووداوە ڕوویدا”، لە تیۆرەی دەوڵەتی تووتالیتەر و باوەڕە نەریتییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی میکانیکیی ئیمیل دوورکیمی کۆمەڵناس کەڵک وەرگیراوە. میتۆدی لێکۆڵینەوەکە لەم موتاڵا و خوێندنەوەیە مێژووییە و تەکنیکی کۆکردنەوەی دەیتا و زانیارییەکانیش بەشێوەی بەڵگەنامەییە. دەیتاکان ئەوەمان پێدەڵێن؛ ئۆپەراسیۆنێکی خاپوورکەر لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە ناوچەیەکی بەربڵاوی جوگرافی و لە هەشت قۆناغدا ئەنجامدراوە. وا دێتە بەرچاو کە بوونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی میکانیکی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای بەعس کۆڵەکەیەکی دوو فاقییانەی هەبووە و لەژێر ناوی “دۆست و دوژمن” خۆی مانیفێست کردووە کە یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم جۆرە تێڕوانینە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بووە.
$پێشەکی$
“ئەنفال” لە ڕاستیدا ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانی پیرۆزە، بە مانای غەنایم یان غەنیمەکان هاتووە. (قورئانی پیرۆز، سوورەتی هەشتەم) . ڕاڤە و شەرحەکان ئەمەمان پێدەڵێن: ئەم ئایەتە پاش شەڕی بەدر بە سەر پێغەمبەر (د.خ) دا نازڵ بووە و لە ئایەتەکەدا پێداگری لەسەر دابەشکردنی غەنیمەکان لەلایەن پێغەمبەرەوە کراوە. بەڵام لە ئێراقدا ناوی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە کە ڕژێمی ئەوکاتی ئێراق، دژی کوردەکان و باشووری کوردستان لە ساڵی 1988 جێبەجێی کردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە، بەرپرسە جێبەجێکارەکەی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی بووە “نێزیکیی یەک ساڵ خایاندووە و لە هەشت ناوچەی جوگرافیاییدا جێبەجێکراوە کە ڕژێمی ئێراق لە هێزی ئاسمانی، هێزی زەوینی و چەکی کیمیایی وەکوو چەکە نایاساییەکان کەڵکی وەرگرتووە. لە کۆتایی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سەرەڕای خاپووربوون و تێکچوونی شیرازەی ژیان و جوگرافیای ناوچەکه، هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی ئەم ناوچانە بوونە قوربانی، یان ئاوارە بوون و زیندانی کران و یان بێسەروشوین بوون.”
ئەنفال، ڕووداوێکی دژەمرۆیی لە سەدەی بیستەمە، هەروەها ڕووداوێکی بێوێنە و سەرسووڕهێنەریشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە لەگەڵ هێرشی ئەسکەندەر بۆ هیندستان و کارەساتەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بەراورد کراوە. هەروەکوو دەزانین ڕژێمی بەعس، کارەساتی کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە#ی لە ساڵی 1988 ئەنجامدا، پێش لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، شیعەکان و کریستیانیەکانی ئێراقیی قەتڵوعام کردبوو، ئەفسەرانی سووپای لەسێدارەدابوو و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆیشی کوشتووە!. بەڕاستی ئەمە چۆن ئەندێشە و جیهانبینییەکە کە دەوڵەتێک ئاوەها هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ مرۆڤەکان و تەنانەت هاووڵاتیانی خۆی هەبووە؟ ناسیاوەتی و مەعریفەی ئێمە لەسەر “هەڵەبجە” زۆر زیاترە لە ئەنفال، ئەمە لە حاڵێکدایە کە کارەساتی هەڵەبجە لە کاتوساتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا ڕوویداوە. کووشتنی 5000 کەسی مەدەنی لە هەڵەبجە بە بەراوردکردن لەگەڵ کووشتن و قڕانکردنی سیستەماتیک و پلان بۆداڕێژراوی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا، بە ژمارە و ڕەقەمێکی بچووک و کەم ئەژمار دەکرێت. ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بابەت و پرسێکی زۆر ئاڵۆز و ناخهەژێنە کە هۆکارەکان، پڕۆسە و ئەنجامەکانی دەبێت بخرێتە بەر شیکاری و هەڵسەنگاندنی زانستی لە ڕەهەند و لایەنە جۆاروجۆرەکانەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەڕادەیەک شۆکهێنەر و هەژێنەر بوو کە تەنانەت بووە هۆی سەرسووڕمانی چاودێران و شارەزایانی پرس و کاروباری ئێراق. خاڵی جێگەی سەرنج ئەمەیە؛ لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی پێوەر و ڕێکوپێک لەم بارەیەوە ئەنجامنەدراوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم کارەساتە مرۆییەدا دەتوانین پرسیارگەلێکی جۆراوجۆر بخەینە ڕوو و لێکی دەینەوە. بەم پێشەکییەوە و بە تێڕوانینێکی کۆمەڵناسانەوە دەکرێت سێ پرسیاری پێکەوە گرێدراو لەبارەی چۆنێتی و هۆکارەکان و بۆچێتی دیاردەی “ئەنفال” لە ساڵی 1988 لە وڵاتی ئێراقدا بخەینە ڕوو.
یەکەم: ئایا دەوڵەتی بەعس دەوڵەتێکی تۆتالیتار بوو؟
دووەەم: ئەم دەوڵەتە، چۆنچۆنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی جێبەجێکردووە؟
سێیەم: ئەم دەوڵەتە بۆچی بڕیاری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی داوە؟
$بنەما تیۆریکەکانی لێکۆڵینەوەکە$
لە ڕووی کاری ئەزموونی و لێکۆڵینەوەیی پەیوەست بە ئەنفال لە ئێراندا، لێکۆڵینەوەیەک کە لێکۆڵەر دەستی کەوتبێت جگە لە دوو وتار کە لە گۆڤاری #مەهاباد#دا بڵاو بووەتەوە هیچ بەرهەمێکی دیکە نییە. ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا لەبارەی دیاردەی ئەنفال ئەنجامدراون، زیاتر پەرژاونەتە سەر باسوخواسە فیقهی و شەرعییەکان و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا نییە. لەدەرەوەی ئێراندا لێکۆڵینەوەگەلێکی زۆر لەبارەی ئەنفال ئەنجامدراون کە زیاتر پەرژاونەتە سەر باسکردنی ئەم دیاردەیە و کەمتر قوورساییان خستۆتە سەر باسە تیۆریک و ڕوونکردنەوەییەکان. زۆربەی ئەم لێکۆڵینەوانە لە ڕووی میتۆدەوە لەتەکنیکی وەسفکردن و وتووێژ لەگەڵ بەجێماوانی ئەنفال کەڵکیان وەرگرتووە. “جاناتان ڕێندێل” وەکوو لێکۆڵەر و هەواڵنیر، بەشێک لە پەڕتووکەکەی خۆی تەرخان کردووە بەم بابەتە. دێشنێر (2011) بەشێوەیەکی خێرا و سەرپێیی لە پەڕتووکەکەیدا پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە، بەڵام نە وردەکارییەکانی ئەنفالی باس کردووە و نە پەرژاوەتە سەر هۆ و هۆکارە تیۆریکەکانی ئەم دیاردەیە.
لە ڕووی تیۆریکەوە دەبێ سەرنجی ئەمە بدەین کە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لەلایەن دەوڵەتێکی فەرمی دژی کوردەکان کە کەمینەیەکی ئیتنیکی وڵاتێکی بەزۆرپێکەوەنراو بە ناوی ئێراق پێک دێنن، ئەنجام دراوە. ئێستە دەبێ بپرسین کام تیۆر و یان کام تیۆرییانە لەم بارەیەوە ڕێنیشاندەر و ئاڕاستەکەرن، دەبێ سەرنج بدەینە ئەو باسوخواسانەی کە تایبەتمەندیی ئاوەها دەوڵەتیک ئاشکرا دەکەن، لە ئەنجامدا دەبێ سەرنج بخەینە سەر ئەو بنەما تیۆریکانەی کە ئەگەری ئاوەها کردەوەیەک لەلایەن زەین و سۆبژێکتریڤیتەی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت ڕوون و شی دەکەنەوە.
$تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی تۆتالیتار$
دەوڵەتە تۆتالیتارەکان تایبەتمەندییەکی گشتگیر و تووندئاژۆیانەیان هەیە و ڕەنگە سەرچاوەیەکی ئایدۆلۆژیکی جیاوازیان هەبێت. حکومەتی تۆتالیتار دوو پێناسەی گشتیی هەیە:-
ئەلف: پێناسەیەکی جەوهەری
ب: پێناسەیەکی دیاردەیی
پێناسەی جەوهەری، هەوڵ دەدات تایبەتمەندییە ناوەکی و زاتییەکانی دیاردەکە پیشان بدات. لە تێڕوانینی “هانا ئارێنت” تیرۆر جەوهەر و ناوکی حکوومەتی تووتالیتەرە. “ج. ئال، تالموون” دەنووسێت:- تۆتالیتار شێوەیەک لە حوکمڕانییە کە هەموو ژیانی سیاسی داگیر دەکات. و “دەیڤید ئیپتێر” دەڵێت:- جەوهەری تۆتالیتار ئەمەیە کە سنوورێک لەنێوان نەتەوە و دەوڵەتدا ناهێڵێتەوە. لە وڵاتە مۆدێڕنەکاندا سێ پانتای جودا لەیەک لە هەر وڵاتێکدا پێناسە و دەستنیشان کراوە:- پانتای دەوڵەتی، پانتای بنەماڵە و پانتای گشتی (public sphere) . دەوڵەتی تووتالیتەر لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر پانتای گشتیدا، پانتای بنەماڵەش دەخاتە ژێر ڕکێف و چاوەدێریی خۆیەوە. بەڵام لەلایەنێکی دیکەوە یەکێک لە پێناسەکانی دیاردەی (تۆتالیتار) ) لەلایەن (کارێل.جی. فریدریک) لە ساڵی 1954 خراوەتە ڕوو کە لەوێدا تایبەتمەندییەکانی حکوومەتی تووتالیتەری بەشێوەی خوارەوە باس کردووە:-
1-ئایدۆلۆژیایەکی گشتەکی.
2-یەک حیزب لەگەڵ یەک ڕێبەری ئایدۆلۆژیکی بە سەر هەموواندا زاڵه.
3-هێزی پۆلیس کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن بوونیات نراوە.
4-هەموو میدیا گشتییەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردووەتەوە.
5-هەموو هێزە سەربازییەکانی مۆنۆپۆلکردووە بۆ خۆی.
6-کاروباری ئابووری و کۆنترۆڵی هەموو ئیدارە و ڕێکخراوەکانی گرتووەتە دەست.
$پۆلینبەندی ئیمیل دوورکیم لەبارەی کۆمەڵگەی میکانیکی و ئۆرگانیکی$
دوورکیم کۆمەڵگەی بەسەر دوو بەشدا دابەش کردبوو:- کۆمەڵگەی میکانیکی و کۆمەڵگەی ئۆرگانیکی. بەشی میکانیکی هەڵگری بنەمای نەریتی و سونەتییە و لە ڕاستیدا کرۆک و پێوەرەکەی هەر ئەمەیە. لێرەدا کۆمەڵگە یەکسان و یەکدەستە، تاکەکان وەکوو یەکن، ڕای گشتی و ویژدانی کۆیی بەهێزە و دەسەڵات تەنیا بە دەست یەک کەسەوەیە و جیاوازی نە قبووڵکراوە و نە جێگەی ستایشیشە. کووزێر دەڵێت:- “کۆمەڵگەی میکانیکی لە شوێنێکدا هەیە کە لانی کەمی جیاوازی لەنێوان تاکەکاندا هەیە”. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی میکانیکی لەسەر ئەم بنەمایە بنیات نراوە کە هەر کەس هاوشێوەی ئێمەیە کەواتە بەشێکە لە ئێمە و هەر کەسیش جیاوازە لە ئێمە، بەشێک نییە لە ئێمە. لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانین و بیرکردنەوەیە لە پراکتیکدا تاکەکان و گرووپە جیاوازەکان لەم کۆمەڵگەیەدا گۆشەگیر دەکرێت و قبووڵ ناکرێن. لەبەرانبەردا کۆمەڵگەی ئۆرگانیکی هەیە کە بەرهەمی دونیای مۆدێڕنە. کۆمەڵگەی ئۆرگانیک پێکهاتێکی هەیە کە بەش و کۆڵەکەکانی لە توخمگەلی جیاواز جیاواز پێک هاتووە. لە کۆمەڵگەی ئۆرگانیکیدا دابەشکردنی ئیش هەیە. تاکەکان خاوەنی بیرکردنەوەن. ئەو کەسانەی کە پێکەوە کۆمەڵگە درووست دەکەن و دەیبەنە پێشەوە، پێکەوە جیاوازن. لێرەدا جیاوازی قبووڵکراوە و جیاوازبوون نەک تەنیا نابێتە بنەمایەک بۆ ململانێ نەرێنی و ئاژاوە بەڵکوو بنەمایەکە بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن.
سەدام لە دونیایەکی پڕاوپڕ لە جیاوازی و فرەیی ئەندێشە و بیرکردنەوەکاندا بەدوای درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی میکانیکی بوو. لەم کۆمەڵگەیەدا دەنگی جیاواز نابیسترێت و ڕەخنە نەک بە مانای بەردەوامبوون و چاکترکردن بەڵکوو بە مانای دابڕان و قەڵشت دێت. سەدام ئایین و ڕێبازێکی بەناوی بەعس درووستکرد کە هەر کەسێک باوەڕ و ئیمانی پێی نەبایا، بە مورتەد ئەژمار دەکرا و خوێنی مەباح دەکرا. بەعسیبوون بەواتای خودیبوون و هاوئاهەنگی و هاودڵییەکی دەستەجەمعییە. حەق یان ناحەقبوون، دەگەڕایەوە بۆ ئەندامبوون یان ئەندامنەبوون لە حیزبی بەعسدا. ترۆتێسکی سەردەمانێک وتبووی:” ئێمە تەنیا لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبێکدا دەتوانین خاوەنی ماف بین، چونکە مێژوو ڕیگەیەکی دیکەی بۆ خاوەن مافبوونی ئێمە نەهێشتووەتەوە”.
$تێڕوانینی باخەوان$
پەیوەندی نێوان گرووپەکانی کۆمەڵگە ڕەنگە ئاسۆیی یان ئەستوونی بێت. لە حاڵەتی پەیوەندی ئەستوونیدا، حیزب یان چین و ئیتنیکێکی دیکتاتۆر لە سەرەوە و حیزب، چین یان گرووپێکی دیکە لەخوارەوە و دەکەونە بەر هەر جۆرە سووکایەتیپێکران و چەوساندنەوەیەک. ئەوانەی سەرەوە دەتوانن سیاسەتگەلێکی جۆراوجۆرە بەسەر ئەوانەی خوارەوەدا جێبەجێ بکەن. لە کوشتن و قڕکردن و گواستنەوەوە تاکوو پێملکردنیان بە هاوکاری و بەشدارییان لە پڕۆژەکانیاندا. ئەوانەی خوارەوەش ڕەنگە لە هەمبەر ئەم سیاسەتانەدا پەرچەکردار و هەڵوێستیان هەبێت:- ملکەچبوون و قبووڵکردنی توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن یان بەرخۆدان و خەبات…تێڕوانین و نیگای باخەوان بۆ باخ وەکوو تێڕوانینی هێزی سەرەوە و باڵادەست بۆ گرووپەکانی ژێردەست و خوارەوە خوێنراوەتەوە. “باخەوان” خۆی بە خاوەنی باخ دەزانێت و خاوەنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی چۆنێتی گەشە و نەشەی باخە و لق و پۆپە زیادەکان، کە دژ و پێچەوانەی ڕا و تێگەیشتنی ئەو بن، دەبڕێتەوە. لێرەدا تاک و کۆ بۆ باخەوان وەکوو تۆ و چیمەنن. لێرەدا باخەوانە کە بڕیار دەدات کام لق دەبێت گەشە بکات و بەر بدات و کامیان ببڕدرێتەوە. لە ڕاستیدا تێڕوانینی باخەوان ئاماژە بە دەسەڵاتی سامناکی دەوڵەتە لە بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە و کەم و زیادکرنی لقەکان.
$چوارچێوەی تیۆریکی لێکۆڵینەوەکە$
ئەگەر دەوڵەتی ئێراق بەپێوەرەکانی دەوڵەتێکی تووتالیتەر هەڵسەنگێنین کە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەک، حیزبێک، ڕێبەرێک و دەسەڵاتێکی گشتگیرە و کۆنترۆڵی ئابووری و هەموو ڕێکخراوەکانی لە ئەستۆدایە و لە هەمان کاتدا هەڵگری زەمینەی خێڵەکی و عەشیرەیی ڕیشەدار و قووڵ و قایمە و لە سەردەمی نوێدا لەڕیگەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، کۆنترۆڵی ئامرازە نەرم و سەختەکانی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەربۆیەش توانای قبووڵکردن و هەڵکردنی لەگەڵ کەسان و گرووپانێک نابێت کە بە پێچەوانەی ئەو دەرکەون ئەوا لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی کە دژی ئەو بن لە پانتاکە دەخاتە دەرەوە. ئەم دەوڵەتە لە هەمان کاتدا خاوەنی ڕیشە فیکرییە نەریتی و کۆنەکانە کە ئێمە بەرەو بیرکردنەوە لە پێوەری “هاوشێوەیی” لە کۆمەڵگەی میکانیکی “دوورکیم”دا هان دەدات. لە هەمان حاڵدا ئەم تێڕوانینە نەریتییە بە لەبەردەستبوونی دەسەڵات و تەکنەلۆژیا خاوەنی دەسەڵات و هەڵبژاردەکانی باخەوانێکە لە ناو باخدا.
$پێناسەی چەمکە سەرەکییەکان$
دەوڵەت؛ وشەی دەوڵەت لە ڕیشەی لاتینی state بەمانای ڕاوەستان و بە شێوەی وردتر لە وشەی status بە مانای (دۆخی ڕاوەستاو و سەقامگرتوو) وەرگیراوە. (ئەم وشەیە هەروەها بە ماناکانی”بنکە، سەقامگیر، پلەی هاووڵاتی و کۆڵەکەی حکوومەتیش” بەکارهاتووە. دەوڵەت بەپێی پێناسە بە واتای بەڕێوەبردنی وڵاتە کە ڕەوایی ئەوەی هەیە یاساکان جێبەجێ بکات.
دەوڵەتی تۆتالیتار؛ ئەوەی کە مەبەستی ئێمەیە ئاماژەدان بەم بابەتەیە کە حکوومەتە ملهوڕەکان خۆیان چەند جۆرن و هەر به و شیوەیەش کە دەزانین حکوومەتی تۆتالیتار جیاوازە لە حکوومەتە ڕەهاخواز و دیکتاتۆرییەکان. حکوومەتی ڕەهاخواز، حکوومەتێکە وەکوو “لوڤایاتانی تۆماس هابز”. ئەم حکوومەتە ئەگەرچی خاوەنی دەسەڵاتە بەڵام بۆ پاراستنی ئەمن و ئاساییشی هاووڵاتیان بەدیهاتووە و تیۆریداڕێژەکەی بە یەکێک لە بنیاتنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی (Civil Society) هەژمار دەکرێت. بەڵام لە تووتالیتەریسمدا هیچ پێگەیەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی نییە و لە ڕاستیدا لە ڕێگەی نابوودکردن و نەهێشتنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا خۆی مانیفێست دەکات. لە حکوومەتی دیکتاتۆریدا هەر به و شێوەیەی کە کاتووزییان دەڵێت: فەرمان و ئەمر سەرێتی بەسەر یاسادا هەیە. حکوومەتی تووتالیتەر سەرەڕای ئەوەی کە ملهوڕە تایبەتمەندیگەلی خۆی هەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.
کۆمەڵگەی نەریتی؛ کۆمەڵگەیەکە کە ئەندێشە و بیرکردنەوەی نەریتی و سونەتی بەسەریدا زاڵە و بەهۆی تایبەتمەندییەکانییەوە لە دەوڵەتی مۆدێڕن و ئەندێشەی نوێ جوێ دەکرێتەوە. بیرکردنەوەی نەریتی دەتوانێت دەوڵەتی مۆدێڕن بەشێوەی نەریتی و سونەتی ببات بەڕێوە. دەوڵەتێکی وەکوو بەعس ئەگەرچی بەڕواڵەت مۆدێڕن و ئەمڕۆییە، زۆرێک لە سەرکردەکانی خاوەنی ئاستی باڵای خوێندنن و بە سەر زمانی بیانیدا زاڵن، بەڵام ئەندێشە و کارئەکتەرکانیان نەریتی و خێڵەکییە و لە باشترین حاڵەتدا و بەوتەی “هیشام شەرابی” باوکسالارییەکی نوێیە. خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە؛ ئاوەها دەوڵەتێک دەتوانێت چ پەیوەندییەکی لەگەڵ نەتەوەدا هەبێت. دوو ڕوانگەی پاساودەرانە و شیکارانە لەبارەی دەوڵەت هەیە کە یەکیان دەڵێت باشترین شێوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و نەتەوە دەبێت چۆن بێت و ئەوی دیکەیان دەڵێت لە ڕاستیدا چ پەیەوەندییەک هەیە.
$شێوازی لێکۆڵینەوە$
ڕووداوی “ئەنفال” دیاردەیەکە پەیوەست بە ڕابردوو. شێواز و میتۆدی لێکۆڵینەوەیی بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی، لێکۆڵینەوەی مێژووییە. تایبەتمەندیی لێکۆڵینەوەی مێژوویی لە ڕوانگەی “ڕابێرت.ک.یێن” ئاوەهایە کە لێکۆڵەر بە شوێن وەڵامی بۆچی و چۆنییەتییە و پەیوەستە بە ڕابردوو، و لێکۆڵەر کۆنترۆڵێکی بەسەر ڕووداوەکەدا نییە. میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی یەکێک لە چەشنەکانی لێکۆڵینەوەیە کە کۆڵەکەکەی لەسەر چۆنێتی و کوالێتی دانراوە و لە ڕێگەی شیکردنەوە و لێکدانەوەی بەڵگەگەلی پەیوەست بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوە و (ئەگەر لوا) وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، ئەنجام دەدرێت. لێکۆڵەرێکی دیکە زیاد دەکات “میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی یەکێک لە شاڕێگەکانی لێکۆڵینەوەیە کە لە چەند ئاستی شیکارانەدا دەخرێتە ڕوو و دەشێت حاڵەتی پاژتەوەرانە (استقرایی) یان گشت تەوەرانه (قیاسی) بگرێتە خۆی. یەکێک لە ئەنجام و داهاتەکانی ئەم شاڕێگەیەی لێکۆڵینەوە تێگەیشتن لە هەلومەرجی ڕێکخراوەیی، تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییە کە تێیدا دیاردەکان دەردەکەون.
لەم میتۆدە لەتەکنیکی بەڵگەنامەیی بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کەڵک وەرگیراوە. “بەڵگە مێژووییەکانی لێکۆڵینەوە لەخۆگری بەڵگە سەرەکییەکان، بەڵگە پلە دووەکان، بەڵگە بەردەستەکان و کۆکردنەوەی دووبارەی بەڵگەکانە. بەڵگە بەکارهاتووەکان بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیه لە لایەک خوێندنەوە و نووسینە تیۆریکە بەردەستەکان لەپەیوەندی لەگەڵ ئەم دیاردەیەیە و لە لایەکی دیکەوە کەڵکوەرگرتنە لە بەڵگە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کە لەلایەن جێبەجێکارانەوە تۆمار کراون و پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن کەوتووەتە بەردەست ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەم ڕاپۆرتانە لەگەڵ ناودا، مێژووی ئۆپەراسیۆن و ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەشیان دیاریکردووە. یەکێک لە هۆکارەکای تۆمارکردنی ئەم بەڵگانە، ترسی سەربازەکان و تووندوتۆڵیی بنەما و دیسیپلینە سەربازییەکان بووە. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەم بەڵگانە کەوتنە بەردەست میدیاکان و لێکۆڵەران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و زلهێزەکانەوە. درووستی و ڕاستیی ئەم بەڵگانە لەلایەن لێکۆڵەران و ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانەوە سەلمێنراوە.
هەندێک له و کەسانەی کە لە ڕووداوەکە گیانیان دەرباز کردووە وەکوو شایەتحاڵ لە دادگاکانی پاش سەدام شایەتییان داوە و فیلمگەلێکی دۆکیۆمەنتاری زۆر لە سۆنگەی مێژووی زارەکییەوە لەم پەیوەندییەدا ئامادە کراوە. هەندێک لەم بەڵگە و لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارانە لەگەڵ ئەنفال بڵاو بوونەتەوە و خراونەتە بەردەستی خەڵک. لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە سەرنجدان بە بەڵگە بڵاوکراوە و بەجێماوەکان لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و بەڵگە بەردەست و سەلمێنراوەکان، هەوڵدراوە تاکوو پرسیارەکانی توێژینەوەکە وەڵام بدرێنەوە.[1]